گاز پرۆم دەچێتە گەرمیان

كۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی ڕایگه‌یاند، به‌نیازه‌ له‌مساڵدا دۆزینه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك بیره‌ نه‌وت له‌هه‌رێمی كوردستاندا ڕابگه‌یه‌نێت و ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ رۆژانه‌ی‌ نه‌وت له‌هه‌رێم گه‌یه‌نێته‌ 200 هه‌زار به‌میل نه‌وت له‌ رۆژێكدا. 
(ڤادیم یاكۆفیلف) جێگری یه‌كه‌می به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیای گازپرۆم ڕایگه‌یاند، به‌نیازن دۆزینه‌وه‌ی كێڵگه‌ی نه‌وتی گه‌رمیان له‌هه‌رێمی كوردستان ڕابگه‌یه‌نن و له‌مساڵیشدا ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت تیایدا بكات، وتیشی له‌ڕێگه‌ی پرۆژه‌كانی كۆمپانیاكه‌یانه‌وه‌ ده‌توانرێت له‌ساڵی 2020 دا 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ڕۆژێكدا له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا به‌رهه‌م بهێنن
یاكۆفیلف ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كۆمپانیایه‌كه‌یان پلانی داناوه‌ بۆ ده‌ستپێكردن به‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌كێڵگه‌ی به‌دره‌ له‌ماوه‌ی وه‌رزی به‌هاری داهاتوودا، وتیشی هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت تیایدا له‌مساڵدا بگه‌یه‌ننه‌ 15 هه‌زار به‌رمیل له‌ڕۆژێكدا.
له‌ 20ی شوباتی ساڵی 2013 سه‌رباری ناڕه‌زایی و نیگه‌رانییه‌كانی حكومه‌تی به‌غدا، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانێكی بۆ شاری مۆسكۆ پایته‌ختی ڕوسیا ئه‌نجامداو له‌گه‌ڵ گروپی گازپرۆمدا ژماره‌یه‌ك گرێبه‌ستی نوێی بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ئیمزاكرد.