لەبەرامبەر زیادكردنی گومرگ بە ڕێژەی 15% سەرجەم بازرگانان هێنانی شتومەكەكانیان لە مەرزی باشماخ و مەرزەكانی ترەوە ڕاگرتووە و سەرۆكی ژوری بازرگانیش داوا دەكات گومرگ زیاد نەكرێت.
ژمارەیەك بازرگانی شاری سلێمانی كەپەیوەندیان بەسەرۆكی ژوری بارزگانیەوە كرد ئەوەیان ڕاگەیاند كە ئەوان سەرجەم ئەو شتومەكانەی بۆیان هاتووە لە مەرزی باشماخەوە لە ئێستادا ڕایانگرتووە و نایهێننە هەرێمی كوردستانەوە بەهۆی زیادكردنی گومرگ لە 5% وە بۆ 20% كە ئەمەش بەشێوەیەكی زۆر شتومەكەكان لەسەر هاووڵاتیان گران دەكات بۆیە ئێمە داوای زوچارەسەركردنی ئەو كێشەیە دەكەین.
لەسەر ئەو كێشەیە سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد وتی” ئێمە ئاگاداری ئەو كێشەین و بازرگانان پەیوەندیان پێوە كردوین و پارێزگارمان ئاگاداركردۆتەوە بەڵام كێشەكە چارەسەر نەبووە”
وتیشی” حكومەتی عێراقی چەند مانگێكە بڕیاری داوە باجی كاڵاكان بە ڕێژەی لە 20% زیادبكات كە ئەوەش كێشەیەكی گەورەی لە خواروی عێراق دروستكرد و دواتر حكومەتی عێراقی چاو خشاندنەوەی بەو بڕیارەداكرد و جێبەجێی نەكرد”
سەرۆكی ژوری بازرگانی ئەوەشی ئاشكراكرد كەوەفدێكی عێراقی هاتونەتە كوردستان و وەزارەتی ئابورییان ئاگاداركردۆتەوە كە كوردستان ئەو یاسایە جێبەجێ بكات و مەرزەكانی لێئاگادار كراوەتەوە وتیشی” ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ بكرێت ئەوا كێشەیەكی گەورە دروست دەبێت بۆ بازرگانان و مەرزەكان بەرەو لاوازی و نەمان دەچن”
سیروان محەمەد ئەوەشی ڕاگەیاند كە حكومەتی عێراقی لە مەرزەكانی خۆی ئەم بڕیارە جێبەجێ ناكات ، ئەبوایە وەزارەتی دارایی پێشتر ژورە بازرگانیەكان و بازرگانانی كۆبكردایەتەوە ولەسەر ئەم بڕیارە بۆچونی ئەوانی وەربگرتایە.