وەزیری بازرگانی عێراق ڕایدەگەیەنێت پێشنیارێك هەیە بۆئەوەی بەشە خۆراكی مانگانە بدرێت پارێزگاكان خۆیان بیكڕن و دابەشی بكەن.
وەزیری بازرگانی عێراق بەسایتی ژوری ڕاگەیاند” ئێمە داوای بودجەی پێنج ترلیۆن 600 ملۆن دیناری عێراقیمان كردووە لەحكومەتی عێراقی بۆ ئەوەی لەناو بودجەی 2014 بۆمان دابنێت پارەكە لەوەزارەتی دارای و پلان دانان و بازرگانی بڕیاری لەسەر دراوە و لەناو بودجەكە داندراوە وەنێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران چاوەڕوانی پەسەندكردنی بودجە ئەكەین بەڵام تا ئێستا كەزیاتر لە مانگێك لە 2014 تێدەپەڕێت تا ئێستا پارەمان وەرنەگرتووە بۆ بەشە خۆراكی مانگانە”.
وەزیری بازرگانی ڕاشی گەیاند” ئەو بەشە خۆراكەی تا ئێستا مانگانە دابەشدەكرێت لە عێراقدا بریتیە لە یەدەكی وەزارەتی بازرگانی كە توانیویەتی لە ساڵی 2013 تا ئێستا هەندێك خۆراك پاشەكەوت بكات و ئێستا دابەشی دەكات”.
خەیروڵا حەسەن ئەوەشی ڕونكردەوە كە” پێشنیارێك هەیە لە ئەنجومەنی وەزیران كە لە حكومەتی ئایندەی عێراقدا لە مانگی 7 دا بەشە خۆراكی مانگانە بدرێت بە پارێزگاكان و هەرێم بۆخۆیان بابەتەكان بكڕن و خۆیان دابەشی بكەن وە ئەو پارەیە 5 ترلۆن و 600 ملیۆنە دابەشبكرێت بەسەر پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان”.
ئاماژەی بەوەشدا بەشە خۆراكی مانگانە بەپێی ژمارەی دانیشتوانی ناوچەكان داندراوە لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان ژمارەی دانیشتوانەكەی بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان و ئەوداتایانەی وەزارەتی بازرگانی عێراقی هەیەتی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان 17% نیە ونزیكی 12% یە بۆیە بڕی ئەو خۆراكی مانگانەیەی دێت بۆ هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی 17% نایەت.