له‌سنوری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین بهگشتیو قه‌زای ڕانیه‌دا به‌تایبه‌تی، كه‌رتی كشتوكاڵی ڕۆژ له‌دوای ڕۆژدا به‌ره‌و پێشده‌چێت، له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوشدا، له‌ناحیه‌ی (حاجیاوا)ی سه‌ر به‌قه‌زای ڕانیه، له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه، یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین كارگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ئالیك، له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای سلێمانی به‌ستانداردی جیهانی كرایه‌وه.
(عه‌باس ئه‌حمه‌د) وهبهرهێنو خاوه‌ن كارگه‌ی ئالیكی بتوێن به NNA ڕاگه‌یاند، ئه‌و كارگه‌یه یه‌كه‌م كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئالیكه له‌سنوری پارێزگای سلێماندا، كه ئالیك بۆ (ئاژه‌ڵ، ماسی‌و په‌له‌وه‌ر) به‌ستانداردی جیهانی به‌رهه‌مده‌هێنێت، وتیشی:”كارگه‌كه به‌بڕی سێ ملیۆن دۆلار دروستكراوه”.
باسی له‌وه‌شكرد، ئێستا ڕۆژانه لهكارگهكهدا، بۆ ماوه‌ی زیاتر له (10) كاتژمێر كارده‌كرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئالیك، ههركاتژمێرێكیش توانای به‌رهه‌مهێنانی (15) تۆن ئالیكی هه‌یه.
(عه‌باس ئه‌حمه‌د) ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، توانای به‌رهه‌مهێنانی ئالیك له‌و كارگه‌یه‌دا، به‌پێی جۆری داواكاریی خاوه‌ن كێڵگهكانه، واته خاوه‌ن كێڵگه‌كان به‌خواستی خۆیان، ده‌توانن داواكاری هه‌رجۆره ئالیكێك بكه‌ن، كه خواستیان له‌سه‌ره، توانای به‌رهه‌مهێنانی مانگانه‌ی كارگهكهشیان، له‌و سێ جۆره ئالیكه ده‌گاته دوو هه‌زار تۆن. به‌وه‌ش سه‌رجه‌م پێداویستی ناوخۆیی له‌جۆره‌كانی ئالیك له‌سنوری پارێزگای سلێمانیدا پڕده‌كاته‌وه.
له‌لای خۆیشیه‌وه، (ساڵح حسێن) به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی ڕانیه به NNA ڕاگه‌یاند، جێگه‌ی خۆشحاڵییه كارگه‌یه‌ك به‌و توانا زۆره‌و به‌ستانداردێكی جیهانی، له‌بواری به‌رهه‌مهێنانی ئالیكدا بۆ هه‌رسێ جۆری ئالیكی (ئاژه‌ڵ، ماسی‌و په‌له‌وه‌ر) خراوه‌ته‌گه‌ڕ، بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئالیكی ته‌واو به‌پێی خواستی خاوه‌ن كێڵگه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی، كه ئه‌وه‌ش به‌ره‌وپێشچونێكی دیكه‌ی گرنگه له‌بواری كشتوكاڵیدا له‌سنوره‌كه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌مه‌ودوا به‌رهه‌می جوتیارانی سنوری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین، به‌تایبه‌ت (گه‌نم، جۆو گه‌نمه‌شامی) له‌لایه‌ن ئه‌و گارگهیهوه وه‌رده‌گێرت، كه بۆ دروستكردنی ئالیك به‌كارده‌هێنرێت، ئه‌وه‌ش سودێكی زۆر به‌جوتیاران ده‌گه‌یه‌نێت بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان.
وتیشی:”گرنگی ئه‌و كارگه‌یه له‌وه‌دایه، به‌زویی به‌رهه‌می ئالیك ده‌گاته‌وه ده‌ست خاوه‌ن كێڵگه‌كانی به‌خێوكردنی (ئاژه‌ڵ، ماسی‌و په‌له‌وه‌ر)، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌پێكهاته‌ی به‌رهه‌مه‌كه ڕوبدات، سوده وزه‌ییه‌كانی له‌ده‌ستنادات، كه ئه‌وه‌ش سودێكی زۆر ده‌گه‌یه‌نێت به‌و كێڵگانه، له‌كاتێكدا ئه‌و ئالیكهی له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت، به‌هۆی زۆرمانهوهی لهكۆگهكاندا، به‌ها خۆراكییه‌كه‌ی به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر كهمدهبیًتهوه”.
باسی له‌وه‌شكرد، پشكنینی ته‌واویان بۆ سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و كارگه‌یه كردووه، ئه‌نجامی پشكنینه‌كانیش ده‌ریخستووه، كه كوالێتی به‌رهه‌مه‌كانی زۆر به‌رزو ستاندارده، بگره كوالێتی به‌رهه‌مه‌كانی به‌رزتره له‌به‌شێكی زۆری ئه‌و به‌رهه‌مه ئالیكیانهی، كه هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن، ئه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌لیكاری بۆ (50) هاوڵاتی دابینكردووه.
ساڵح حسێن وتیشی:”ئێمه وه‌ك لایه‌نی حكومیی، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك یارمه‌تی ئه‌و كه‌سانه ده‌ده‌ین، كه له‌ڕێگه‌ی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه بیانه‌وێت خزمه‌ت به‌بواری كشتوكاڵی بكه‌ن، هه‌موو ئاسانكارییه‌كیشیان بۆ ده‌كه‌ین، بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانیان”.
به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی ڕانیه، داواكاریش بوو كه وه‌به‌رهێنه‌رانی دیكه ڕوو له‌سنوری قه‌زای ڕانیه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌كه‌رتی كشتوكاڵدا بكه‌ن.