كاریگه‌ریه‌كانی‌ به‌فربارین له‌سه‌ر مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ

به‌هۆی‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ شوێنی‌ جوگرافی‌ قه‌زای‌ پێنجوێن‌و ده‌وروبه‌ری‌، وه‌ك ناوچه‌یه‌كی‌ كوێستانی‌ ناسراون‌و به‌رده‌وام پله‌كانی‌ گه‌رما تیایاندا نزمتربووه‌، به‌به‌راورد به‌شوێنه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێم بۆیه‌ خۆشیه‌ختانه‌ له‌ئێستادا ڕێژه‌یه‌كی‌ باش له‌به‌فر باریوه‌ به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ك جموجۆڵی‌ بازرگانی‌ له‌مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ ڕووی‌ له‌كزیكردوه‌.
(عه‌لی‌ ڕه‌ئوف) قائیمقامی‌ قه‌زای‌ پێنجوێن به‌ NNA ڕاگه‌یاند، ڕۆژێك به‌رله‌وه‌ی‌ ئه‌و شه‌پۆله‌ به‌فربارینه‌ ده‌ست پێ بكات له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ كه‌شناسی‌‌و بومه‌له‌رزه‌ی‌ سلێمانیه‌وه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ كه‌ شه‌پۆلێكی‌ به‌فربارین ڕو له‌ناوچه‌كانیان ده‌كات،  بۆیه‌ ده‌ست به‌جێ‌ ئاماده‌كای‌ خۆیان كردوه‌ هه‌ر له‌یه‌كه‌م ساته‌كانی‌ به‌فرباین چه‌ند تیمێكی‌ تۆكمه‌و په‌یوه‌ندی‌ داریان به‌پاككردنه‌وه‌ی‌ ڕێگه‌وبانه‌ سه‌ره‌كیه‌كان پێكهێناوه‌ به‌دابینكردنی‌ چه‌ندین ئامێری‌ تایبه‌ت به‌ پاككردنه‌وه‌ی‌ ڕێگه‌وبانه‌كان له‌به‌فر هاوكات زیاتر له‌( 30)سانتیمه‌تر به‌فر له‌قه‌زای‌ پێنجوین‌و ده‌وروبه‌ری‌ باریوه‌‌و له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م دو ڕۆژه‌دا نزیكه‌ی‌ (20) سانتیمه‌تر باران باریوه‌.
 به‌و شێوه‌یه‌ ڕێژه‌ی‌ بارانبارین له‌م ساڵدا له‌قه‌زای‌ پێنجوێن به‌رزبوه‌ته‌وه‌ بۆ( 558 )ملم بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌هاوكاری‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆ‌و ئاسایش‌و شاره‌وانی‌‌و به‌رێوه‌به‌رایتی ناحیه‌كانی‌ ناڵپارێز‌و گه‌رمك‌و به‌سه‌رپه‌رشتی‌ ڕاسته‌وخۆی‌  قائیمقامیه‌تی‌ پێنجوێن تیمی‌ گه‌ڕۆكیان پێكهێناوه‌ له‌سه‌ر ڕێگا سه‌ره‌كیه‌كان بۆ به‌ده‌مه‌وه‌ چونی‌ هه‌ر ڕوداوێكی‌ نه‌خوازراو كه‌ ڕوبه‌ڕوی‌ هاووڵاتیان‌و شۆفێرانی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌. 
 هێماشی‌ به‌وه‌كرد،  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ به‌فربارینه‌وه‌ له‌ڕابردودا هاووڵاتیان ڕوبه‌روی‌ گرفت ده‌بونه‌وه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و ئاماده‌كاریه‌ی‌ كه‌ پێش وه‌خته‌ ئه‌نجامیان دابو تائێستا هیچ ڕوداوێكی‌ نه‌خوازراو ڕوینه‌داوه‌ كه‌ هاووڵاتیان‌و شۆفیران ڕوبه‌ڕوی‌ گرفت بكاته‌وه‌، به‌ده‌رله‌وه‌ كه‌ یه‌ك دوحاڵه‌تی‌ لادانی‌ ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر ڕێگاكان ڕویداوه‌ شتێكی‌ ئه‌و تۆنه‌بوه‌ كه‌ شایه‌نی‌ باس بێت. 
هاوكات له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاوه‌دانكدرنه‌وه‌ی‌ سلێمانیه‌وه‌ چه‌ند ئامێرێكی‌ تایبه‌ت به‌پاككردنه‌وه‌ی‌ ڕێگه‌ سه‌ره‌كیه‌كانیان بۆ ناردون ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆر خوێیان ڕژاندوه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌ سه‌ره‌كیه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌فسه‌رو كارمه‌ندانی‌ هاتوچۆی‌ قه‌زاكه‌ به‌ ته‌واوی‌ كارمه‌نده‌كانیانه‌وه‌ چاودێری‌ ڕه‌وشی‌ ڕێگاوبانه‌كان‌و هاتوچۆی‌ شۆفێران ده‌كه‌ن. 
قائیمقامی‌ پێنجوێن داواشی‌ له‌هاووڵاتیان كرد، ئه‌گه‌ر زۆر پێویست نه‌بێت له‌م یه‌ك دو ڕۆژه‌دا گه‌شته‌كانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌زاكه‌ ئه‌نجام نه‌ده‌ن‌و دوای‌ بخه‌ن هاوكات له‌كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ گه‌شته‌كانیشیاندا پێویسته‌ زنجیری‌ تایبه‌ت به‌تایه‌ی‌ ئۆتۆمبیله‌كانیانه‌وه‌ ببه‌ستن بۆئه‌وه‌ی‌ نه‌بێته‌ هۆی‌ په‌ككه‌وتنیان له‌سه‌ر ڕێگه‌ سه‌ره‌كیه‌كان دروستكردنی‌ گرفتی‌ هاتوچۆ بۆ هاووڵاتیانی‌ دیكه‌.
لای‌ خۆشیه‌وه‌ (ڕۆسته‌م مه‌حمود) سه‌رپه‌رشتیاری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ بۆ NNA ڕونكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌مو شه‌پۆلێكی‌ به‌فرو بارانبارین كه‌ ڕوو له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كات به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان كاریگه‌ری‌ خۆی‌ به‌سه‌ر ئاستی‌ جموجۆڵی‌ بازرگانی‌ به‌جێده‌هێلێت له‌مه‌رزه‌كه‌دا،  بۆیه‌ له‌ئێستادا كه‌ ئه‌و شه‌پۆله‌ به‌فربارینه‌ ڕووی‌ له‌ناوچه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌‌و مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ كردوه‌، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریه‌كانی‌ به‌سه‌ر ئاستی‌ جموجوڵی‌ بازرگانی‌ له‌مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخه‌وه‌ به‌ئاسانی‌ هه‌ستی‌ پێده‌كرێت.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، كارمه‌نده‌كانی‌ مه‌رزه‌كه‌ به‌رده‌وام له‌ئه‌ركدان بۆ ڕایكردنی‌ كاروباری‌ گه‌شتیاران‌و بازرگانان، به‌ڵام له‌م دوو ڕۆژه‌دا هاتوچونی‌ گه‌شتیارانیش ڕووی‌ له‌كه‌میكردوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شه‌پۆله‌ به‌فربارینه‌ی‌ كه‌ هه‌ردو دیوی‌ مه‌رزه‌كه‌ی‌ له‌هه‌رێم‌و دیوی‌ ئێران گرتوه‌ته‌وه‌.
 سه‌رپه‌رشتیاری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو، خۆشبه‌ختانه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ تا ئێستا تیمه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ڕاماڵینی‌ به‌فر به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی‌ پاكردنه‌وه‌ی‌ ڕێگه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ مه‌رزه‌كه‌ن، تا ئێستا مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ به‌كراوه‌یی‌ ماوه‌ته‌وه‌ به‌رده‌وام ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان هاتوچۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ به‌هۆی‌ چاوه‌ڕوانیان له‌باشتربونی‌ ڕه‌وشی‌ كه‌شوهه‌وا له‌ئێستادا له‌مه‌رزه‌كه‌دا به‌باره‌كانیانه‌وه‌ ئۆتۆمبیله‌كانیان وه‌ستاندون، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێت‌و یه‌ك له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ په‌كی‌ بكه‌وێت ڕاسته‌وخۆ ده‌بێته‌ هۆی‌ دروستكردنی‌ گرفت له‌به‌رده‌م تیكه‌كانی‌ قه‌زاكه‌و ڕه‌وشی‌ هاتوچۆی‌ هاووڵاتیان.