قه‌ره‌بووی‌ توركیا ده‌كاته‌وه‌

حكومه‌تی‌ ئیسرائیل ئاماده‌یی‌ پیشاندا، (20) ملیۆن دۆلار قه‌ره‌بووی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌و نۆ هاوڵاتییه‌ توركه‌ بكاته‌وه‌، كه‌ له‌ساڵی‌ (2010)دا له‌لایه‌ن هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ ئیسرائیله‌وه‌، له‌كاروانی‌ كه‌شتیگه‌لی‌ ئازادیدا كوژران.
ڕۆژنامه‌ی‌ (هائارێتس)ی‌ ئیسرائیل، له‌زاری‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دبلۆماتییه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌، له‌دانوستانه‌كانی‌ نوێنه‌رانی‌ هه‌ردوو حكومه‌تی‌ ئیسرائیل‌و توركیادا، نوێنه‌رانی‌ توركیا داوای‌ (30) ملیۆن دۆلاریان كردووه‌، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌و نۆ هاوڵاتییه‌ی‌ توركیا، كه‌ له‌كاروانی‌ كه‌شتیگه‌لی‌ ئازادی‌ له‌ڕۆژی‌ (31)ی‌ مانگی‌ (ئایار)ی‌ ساڵی‌ (2010)دا كوژران، له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی‌ ئیسرائیل ئاماده‌یی‌ پیشانداوه‌، (20) ملیۆن دۆلار قه‌ره‌بووی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌و نۆ هاوڵاتییه‌ توركه‌ بكاته‌وه‌.
نوێنه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ ئیسرائیل ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، قه‌ره‌بووه‌كه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌و نۆ قوربانییه‌دا دابه‌شناكرێت، به‌ڵكو ده‌خرێته‌ سندوقێكی‌ مرۆیی‌‌و دواتر به‌گوێره‌ی‌ چه‌ند پێوه‌رێكی‌ دیاریكراو، به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی‌ قوربانییه‌كاندا دابه‌شده‌كرێت.
له‌به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل ئه‌و مه‌رجه‌شی‌ دیاریكردووه‌، كۆتایی‌ به‌لێكۆڵینه‌وه‌‌و ڕاوه‌دوونانی‌ ئه‌فسه‌ر‌و سه‌ربازانی‌ كۆماندۆزی‌ ئیسرائیل بهێندرێت، كه‌ له‌و ڕووداوه‌دا تێوه‌گلاون، هاوكات ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان ئه‌نكه‌ره‌‌و ته‌لئه‌بیب.