وه‌به‌رهێنانی‌ سلێمانی‌ زه‌وییه‌كانی‌ له‌ كۆمپانیای‌ عادل موته‌حیده‌ سه‌نده‌وه‌

ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ سلێمانی‌ رایگه‌یاند ئه‌و زه‌ویانه‌ی‌ له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ و ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان ته‌رخانكرابوو بۆ كۆمپانیای‌ عادل موته‌حیده‌ فه‌رمانه‌كانی‌ هه‌ڵوه‌شێنرابوونه‌وه‌. 
فه‌رمان غه‌ریب به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ سلێمانی‌ به‌ ماڵپه‌ڕی‌ “ئێن ئارتی‌” راگه‌یاند دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كۆمپانیای‌ عادل موته‌حیده‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ نیشته‌جێبونی‌ له‌دهۆك جێهێشت، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی‌ باڵای‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ بڕیاردرا سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌ویانه‌ی‌ لێ بسه‌نرێته‌وه‌ كه‌ بۆی‌ ته‌رخان كرابوو.
هه‌روه‌ها وتی‌ “دوای‌ گه‌یشتنی‌ ئه‌و بڕیاره‌، ئێمه‌ش فه‌رمانی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌ویانه‌مان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌ ته‌رخان كرابوون”.
رونیشیكرده‌وه‌ زه‌وییه‌كان له‌ كفری و سه‌یدسادق و دوكان بۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌ ته‌رخانكرابوون، به‌ڵام هێشتا مۆڵه‌تیان پێ نه‌درابوو، له‌ئێستاشدا زه‌وییه‌كان گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ شاره‌وانییه‌كان.