رۆژنامەی (ئەل رەئی)ی ئەردەنی لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای حكومیەوە بڵاویكردەوە، كەئەو بارودۆخە ئەمنیەی پارێزگای ئەنبارو بەتایبەتیش فەلوجەو رومادی گرتۆتەوە بۆتە هۆی ئەوەی عیراق هەناردەكردنی نەوت بۆ ئەردەن رابگرێت.
ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە ماوەی دوو رۆژە هەناردەكردنی نەوتی عیراق بۆ وڵاتەكەی راگیراوە، بەهۆی ئەوەی چەند ناوچەیەكی پارێزگای ئەنبار كەهاوسنوری ئەردەنە كەوتۆتە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی داعش.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، وڵاتەكەی رۆژانە (10) بۆ (12) هەزار بەرمیل نەوتی خاوی عیراق هاوردە دەكات بەنرخێكی داشكێنراو بەبڕی (18) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك لەبەرامبەر نرخی بازاڕی نێودەوڵەتی.
لەمانگی نیسانی ساڵی رابردوو، عیراقو ئەردەن رێكەوتنێكیان ئیمزاكرد لەبارەی راكێشانی بۆری نەوت بۆ گواستنەوەی نەوت لەشاری بەسڕەی باشووری عیراقەوە بۆ بەندەری عەقەبە لەباشوری ئەردەن لەسەر دەریای سوور.