حكومه‌تی عێراقی كۆمپانیایه‌كی پارێزه‌ری راده‌سپێرێت ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی به بێ ئاگاداری به‌غدا نه‌وتی هه‌رێم ده‌كڕن تا بیانداته دادگا.
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز له‌زاری به‌رپرسێكی عێراقیه‌وه بڵاویكرده‌وه، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، كۆمپانیای (فینسان ئاند ئهلكنس)ی پارێزه‌ری ئهركداركردووه بۆ ئه‌وه‌ی سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه نه‌وتی هه‌رێم ده‌كڕن، تۆمار بكات.
به وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه كه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه: كڕینی نه‌وتی هه‌رێم به‌بێ ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تی عێراقی زانیاری له‌باره‌یه‌وه هه‌بێت، نایاساییه و ده‌بێت لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌ن و كۆمپانیایانه بكرێت كه ئه‌و نه‌وته ده‌كڕن.
ئه‌و به‌رپرسه جه‌ختیشی كردوه‌ته‌وه: حكومه‌تی عێراقی رێكه‌وتننامه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیادا هه‌یه، به‌وه‌ی كه نابێت بۆری نه‌وتی عێراقی – توركی به‌بێ پرسی حكومه‌تی عێراق له‌لایه‌ن لایه‌نی سێیه‌م به‌كار بهێنرێت.
راكێشانی هێڵی بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا نیگه‌رانی حكومه‌تی عێراقی لێكهوتهوه و ئه‌و كاره‌ی به‌نایاسایی ناوبردووه و پێشتریش چه‌ندین جار هه‌ڕه‌شه‌ی سزادانی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كردووه كه به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان ده‌كڕن.
رۆژی پێنج شه‌ممه تانه‌ر یه‌ڵدز، وه‌زیری وزه‌ی توركیا رایگه‌یاندبوو: وڵاته‌كه‌ی پابه‌نده به رێكه‌وتنی پێشووی له گه‌ڵ به‌غدا و به بێ ئاگاداری حكومه‌تی عێراق نه‌وت له هه‌رێمی كوردستانه‌وه هاورده ناكات.