سیاسه‌تمه‌دارێكی گه‌وره‌ی توركیا هۆكاری كڕینی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن وڵاته‌كه‌یه‌وه ئاشكرا ده‌كات.
به پێی هه‌واڵێكی پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی (باس‌نیوز) سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رۆكی پێشووی پارتی ماف و ئازادیه‌كان (هاكپار) بایرام بۆزیه‌ل رایدهگهێنێت: رازیبوونی به‌غدا بۆ پرسی نه‌وت به ئه‌مریكا گرێدراوه، چونكه نه‌وت پرسێكی سیاسی و ستراتیژیه.
له درێژی ئه‌و هه‌واڵه‌دا هاتووه، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی توركیا به‌ره‌و وڵاتێكی گه‌وره‌ی پیشه‌سازی و ئابووری په‌ل ده‌نێ، بۆ ئه‌مه‌ش پێداویستی ئه‌و وڵاته له غازی سروشتی و نه‌وت رۆژانه له بهزربوونهوهدایه. به‌هۆی به‌رزی نرخی غازی سروشتی رووسی و گه‌ماڕۆی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئێران توركیا ناتوانێ پێداویسته‌كانی له‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌ی وزه به‌شێوه‌یه‌ك دابین بكات ببێته مایه‌ی سه‌قامگیری وزه له توركیا. به گوێره‌ی ئاماری وه‌زاره‌تی وزه و سه‌رچاوه سروشتیه‌كان، توركیا رۆژانه پێویستی به 650 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته، هه‌روه‌ها ساڵانه توركیا پێویستی به 45-46 ملیار مه‌تر سێگۆشه‌یه كه 11% ئه‌و بڕه ته‌نیا له ئه‌سته‌نبۆڵ به‌كارده‌هێندرێت.
جگه له‌وه به گوێره‌ی وه‌زاره‌تی وزه‌ی ئه‌و وڵاته، توركیا پێویستی به بڕی پێنج ملیار دۆلاره بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ وێستگه‌ی هه‌ڵگرتنی غازی سروشتی دابین بكات.هه‌موو ئه‌مانه حكوومه‌تی دادوگه‌شه‌پێدان ناچار ده‌كه‌ن به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی وزه بگه‌ڕێن.
بایرام بۆزیه‌ل سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رۆكی پێشووی پارتی ماف و ئازادیه‌كان (هاكپار)، پێیوایه سه‌رچاوه‌ی توركیا بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌كانی له وزه كه‌مه. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: توركیا ناچاره، نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان بكڕێ. چونكه هێشتا گه‌ماڕۆی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئێران هه‌ڵنه‌گیراوه، نه‌وتی رووسیا نرخه‌كه‌ی به‌رزه. سه‌رچاوه‌ی هه‌ره باش بۆ توركیا هه‌رێمی كوردستانه. توركیا به كڕینی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی ئه‌و هه‌رێمه زیاتر ده‌كات.