فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبونیه‌وه‌ ده‌دوێ‌

فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر پێشتر ئه‌ندامی‌ مه‌کته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌کێتی‌ بوه‌‌و بۆماوه‌یه‌ک پۆستی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ هه‌بوه‌، به‌ڵام نزیکه‌ی‌ هه‌شت ساڵه‌ وازی‌ له‌کاری‌ حیزبایه‌تی‌ هێناوه‌و له‌ئێستادا وه‌ک بازرگانێک کارده‌کات. ئه‌و له‌دیدارێکی‌ ئاوێنه‌دا چۆنێتی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبونی‌ خۆی‌‌و چه‌ند سه‌رنجێک له‌سه‌ر ئابوری‌ ئه‌مڕۆی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان ده‌خاته‌رو.
 با یه‌که‌م پرسیارمان له‌باره‌ی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبونی‌ خۆته‌وه‌ بێت، چۆن‌و به‌ چ رێگایه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ند بویت؟
فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر: وابزانم ئێوه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند‌و خۆشگوزه‌رانیتان له‌لا تێکه‌ڵبوه‌‌و به‌یه‌ک شتی‌ ده‌زانن، کاکه‌ من خۆشگوزه‌رانم‌و حاڵێکی‌ باشم بۆ ماڵ‌و منداڵم دابینکردوه‌، ئه‌گه‌رچی‌ له‌و ساڵانه‌ی‌ دواییدا ئوتێل (سۆما)م بۆ کوڕێکم دانا پاشان سوتا‌و توشی‌ زیانی‌ یه‌ک له‌دوای‌ یه‌ک هاتم، ئیتر پاره‌ی‌ کاشم نه‌ما، به‌ڵام جێگه‌ی‌ حه‌وانه‌وه‌ی‌ باش‌وخانوی‌ نایابم بۆ ماڵ‌و منداڵم دابین کردوه‌. له‌ساڵی‌ 2003 دا ده‌ستم له‌پۆستی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ کێشایه‌وه‌، پاشان له‌2005دا ده‌ستم له‌پۆستی‌ مه‌کته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌کێتی‌‌و هه‌مو کارێکی‌ حیزبی‌ کێشایه‌وه‌ له‌ماڵی‌ خۆم دانیشتم خه‌ریکی‌ کاسپی‌ بوم، ئه‌وه‌بو کۆمپانیایه‌کم به‌ناوی‌ (کوک)ه‌ دامه‌زراند، به‌ڵام له‌و کاته‌وه‌ هیچ کارێکی‌ به‌ڵێنده‌رایه‌تی‌‌و بازرگانیم له‌گه‌ڵ حکومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌بوه‌، به‌ڵکو به‌یارمه‌تی‌ کاک فاروقی‌ مه‌لا مسته‌فا، که‌ هاوڕێیه‌کی‌ دێرینمه‌‌و (ماڵی‌ ئاوا بێت)، سێ‌ مۆتێلم دانا خانویه‌که‌م به‌کرێ‌ گرت بۆ میوانه‌کانی‌‌و کارمه‌ند‌و پسپۆڕ‌و ئه‌ندازیارانی‌ بیانی‌ کۆمپانیاکانی‌ چیمه‌نتۆ‌و ئاسیاسێڵ‌و به‌ناوی‌ موتێل (ئالان‌و شه‌هاب‌و ئارام)‌و ئه‌وانه‌ قازانجی‌ خۆیان کردوه‌، جگه‌ له‌وانه‌ پێشتر خانویه‌کی‌ ته‌واونه‌کراوم به‌(115 هه‌زار دیناری‌ سویسری‌) له‌ پیاوێکی‌ ناسراوی‌ ئه‌م شاره‌ کڕی‌ که‌ ئه‌و کاته‌ نه‌یئه‌کرده‌ 8هه‌زار دۆلار ته‌واوم کرد پاشان چه‌ند ساڵێک به‌ئاشکرا فرۆشتمه‌وه‌ به‌کونسوڵی‌ ئێرانی‌ به‌ (نیو ملیۆن دۆلار). جارێکی‌ تریان له‌چه‌ند شوێنێکی‌ جیاجیای‌ سلێمانی‌ له‌(توانای‌ شێخ ره‌زا) که‌لای‌ زۆربه‌ی‌ خه‌ڵکی‌ ناسراوه‌‌و خزمێکی‌ تری‌، هه‌ندێ‌ زه‌وی‌‌و خانوم کڕی‌ پاش دوساڵ به‌قازانجێکی‌ زۆر فرۆشتمنه‌وه‌، له‌ئێران خزمێکی‌ نزیکم هه‌یه‌ (بورجسازێکی‌) ناسراوه‌، له‌گه‌ڵیدا کاری‌ ته‌لارسازیم کردوه‌ تا ئه‌م دواییه‌ به‌رده‌وام بوم، له‌وانه‌ش قازانجی‌ باشم کردوه‌، کارم بۆ کۆمپانیای‌ به‌ڕێز له‌چه‌مچه‌ماڵ‌و گوندی‌ لوبنانی‌‌و له‌گرین سیتی‌‌و له‌راپه‌ڕین  نزیکه‌ی‌ 400 خانوم بۆ کردوه‌. 
ئاوێنه‌: ده‌وترێ‌ له‌لوبنانیش کاری‌ خانوبه‌ره‌ت کردوه‌، وایه‌؟
فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر: به‌ڵێ‌ له‌لوبنان کار‌وکاسپی‌ خانوبه‌ره‌م کردوه‌، ئه‌توانن له‌بانکی‌ بازرگانی‌ عێراقی‌ له‌کاک دلاوه‌ری‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ بپرسن، که‌ چه‌ند جار له‌لوبنانه‌وه‌ پاره‌ی‌ باشم هێناوه‌ته‌ سلێمانی‌، جگه‌ له‌وه‌ هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ حه‌زم له‌کاسپی‌ کردوه‌و کردومه‌، ته‌نانه‌ت له‌زیندان به‌شاهیدی‌ کۆمه‌ڵێک که‌س، وه‌ک  ئاسۆ شێخ نوری‌‌و ئاوات عه‌بدولغه‌فورو چه‌ندینی‌ تر هه‌مو رۆژێک کاری‌ زۆر باشم کردوه‌ قازانجی‌ زۆریشم لێکردوه‌، جگه‌ له‌زیندان به‌رهه‌مه‌کانم  له‌کۆگای‌ دیاری‌ بازاڕی‌ عه‌سری‌ لای‌ کاک ئه‌حمه‌د چاوشین ئه‌فرۆشرا، که‌ له‌زیندان هاتمه‌ده‌ر زیاتر له‌ 7هه‌زار دیناری‌ ئه‌و کاتم کۆکردبۆوه‌، ئه‌وده‌مه‌ یه‌ک دینار 3 دۆلار بو، به‌ڵام زیانیشم کردوه‌، به‌نمونه‌ له‌ئوتێل سلێمانی‌ پاڵاس زه‌ره‌رم کردوه‌، ئه‌مڕۆ ئه‌م میوانخانه‌ گه‌وره‌یه‌ 7میوانی‌ هه‌بوه‌، له‌رۆژانی‌ جه‌ژندا له‌14 میوان تێپه‌ڕی‌ نه‌کردوه‌، ئه‌وه‌ مشتێک له‌خه‌روارێک، لام شه‌رم نییه‌ که‌شفی‌ حساب له‌گه‌ڵ هه‌مو که‌س هه‌ق‌و ره‌وایه‌، ئاماده‌شم له‌به‌رده‌می‌ هه‌ر ده‌زگایه‌کی‌ دادوه‌ریدا به‌به‌ڵگه‌وه‌ نیشانی‌ بده‌م، هه‌ر بۆ زانیاریتان، له‌ساڵی‌ 1974وه‌ کارمه‌ندبوم  له‌ سلێمانی‌، هه‌روه‌ها له‌به‌غدا‌و که‌رکوک کارم کردوه‌ له‌ رومادی‌ نه‌فی‌ بوم، له‌ئێران‌و ئێراقیش زیندانی‌ سیاسی‌ بوم، بڕوانامه‌ی‌ به‌کالۆریسم له‌کۆمه‌ڵناسیدا هه‌یه‌‌و جگه‌ له‌وه‌ بڕوانامه‌ی‌ کورت کورتی‌ چڕ‌وپڕی‌ زانکۆی‌ کۆلۆمبیای ئه‌مه‌ریکیم هه‌یه‌، ئێستاش راوێژکاری‌ ئابوری‌ گروپی‌ کۆمپانیاکانی‌ upmی‌ به‌ریتانیم.
ئاوێنه‌: ئه‌م ماوه‌یه‌ی‌ زۆر باس له‌قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ت ده‌کرێ‌ له‌به‌رامبه‌ر ته‌قینه‌وه‌که‌ی‌ به‌رده‌م سلێمانی‌ پاڵاس، که‌ به‌فه‌رمانی‌ تاڵه‌بانی‌ بڕی‌ 400 ملیۆن دینارت پێدراوه‌، ئه‌و قه‌ره‌بوه‌ به‌پێی‌ چ یاسایه‌ک بوه‌؟
فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر: دیاره‌ له‌ 10/3/2008 دا ئه‌و ئوتێله‌ به‌ر په‌لامارێکی‌ تیرۆریستی‌ که‌وت، زیانێکی‌ زۆری‌ به‌رکه‌وت له‌وانه‌، زیانی‌ نه‌هاتنی‌ میوان به‌هۆی‌ نۆژنکردنه‌وه‌‌و ترس، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مانگانه‌ خه‌رجی‌ کرێ‌‌و موچه‌‌و کاره‌با‌و شتی‌ تریشمان هه‌بو که‌ رۆژانه‌ 200 ملیۆن دینا زیاتر بو، به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ کرێی‌ خۆمان ئه‌دا، ئه‌وه‌بو مام جه‌لال (ماڵی‌ ئاوا بێت) له‌ رێگای‌ چه‌ند براده‌رێکه‌وه‌، که‌ ئێستا زۆرینه‌یان له‌به‌رپرسه‌ باڵاکانی‌ گۆڕانن، وه‌ڵامی‌ بۆ ناردین که‌ حکومه‌ت قه‌ره‌بومان ده‌کاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش له‌عێراقدا بڕیارێک هه‌یه‌ که‌ زیانلێکه‌وتوانی‌ کاره‌ تیرۆریستییه‌کان قه‌ره‌بو ده‌کرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌بو دوای‌ دروستبونی‌ لیژنه‌یه‌ک که‌ نوێنه‌ری‌ زۆرینه‌ی‌ لایه‌نه‌کانی‌ تێدابو زیانه‌کان به‌1ملیار‌و 625 ملیۆن‌و 649 هه‌زار‌و 884 دینار خه‌مڵێنرا، له‌ئه‌نجامدا به‌نوسراوی‌ سه‌رۆکایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ ژماره‌ 4349 له‌ 28/4/2008دا به‌ واژۆی‌ سه‌رۆکی‌ دیوان (د. نوری‌ عوسمان عه‌بدولره‌حمان) نوسراوێک کرا بۆ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ داواکرا لیژنه‌یه‌ک دروست بکرێت بۆ دیاریکردنی‌ زیانه‌کان، دوای‌ دروستبونی‌ لیژنه‌که‌، به‌نوسراوی‌ فه‌رمی‌ زیانه‌کان نێررا بۆ سه‌رۆکی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، به‌ڵام کاک عومه‌ر فه‌تاح که‌ سه‌رۆک وه‌زیران بو رازی‌ نه‌بو هیچ خه‌رج بکات، ئێ‌ له‌وڵاتێکدا که‌ بیمه‌ نه‌بێ‌ له‌حکومه‌ت زیاتر چی‌ رێگایه‌کی‌ تر هه‌یه‌ تا داوای‌ قه‌ره‌بوی‌ لێبکرێت؟ منیش لای‌ مام جه‌لال شکاتم کرد ئه‌ویش (ماڵی‌ ئاوابێت) فه‌رمانیدا بڕی‌ 400 هه‌زار دۆلار یاخود 400 ملیۆن دینار بۆ زیانی‌ ئوتێله‌که‌ ته‌رخان بکرێت، دیاره‌ ئه‌و پاره‌یه‌ش بۆ من نه‌بو، به‌ڵکو بۆ خاوه‌نی‌ ئوتێله‌که‌یه‌ که‌ دیاره‌ خاوه‌نه‌که‌ی‌ هی‌ ئیداره‌ی‌ گشتییه‌‌و من کرێچی‌ ئه‌وانم، منیش له‌وه‌دا توشی‌ زیانی‌ گه‌وره‌بوم.
ئاوێنه‌: ئایا ده‌گونجێ‌ سیاسه‌تمه‌دار کاری‌ بازرگانی‌ بکات؟ به‌جۆرێکی‌ تر ئه‌و به‌رپرسانه‌ی‌  له‌ئێستادا پۆستی‌ حکومی‌‌و حیزبییان هه‌یه‌، له‌هه‌مان کاتدا خه‌ریکی‌ کاری‌ بازرگانیش بن، ئه‌وه‌ تا چه‌ند ره‌وایه‌؟
فه‌ره‌یدون عه‌بد‌ولقادر: نه‌خێر ناشێ‌‌و ناکرێ‌ خزمه‌تی‌ گه‌ل‌و نیشتمان له‌گه‌ڵ ته‌قه‌لای‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بون‌و بازرگانی‌ تێکه‌ڵبکرێت، ئه‌وه‌ی‌ حه‌زی‌ له‌کاسپی‌و بازرگانیکردنه‌ راست وایه‌ که‌ پۆستی‌ حیزبی‌‌و حکومی‌ وه‌رنه‌گرێت وازی‌ لێبێنێ‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی‌ که‌ به‌راستی‌ خزمه‌ت ده‌که‌ن‌و بوار ناده‌ن ناویان له‌گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ بگلێ‌.
ئاوێنه‌: نمونه‌ی‌ که‌سانی‌ وا ده‌بینی‌، که‌ پۆستی‌ حیزبی‌‌و حکومییان هه‌بێت‌و خه‌ریکی‌ کاری‌ بازرگانییش بن؟ 
فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر: ئه‌مه‌ پرسیارێکی‌ سه‌خته‌، ره‌نگه‌ هه‌م بێ‌ ده‌نگی‌ جوان نه‌بێت، هه‌م بوختان به‌خه‌ڵک کردن، به‌تایبه‌تی‌ به‌شێکی‌ زۆری‌ له‌وانه‌ی‌ تۆ مه‌به‌سته‌ پیاوی‌ تێکۆشه‌رن‌و ته‌مه‌نێکی‌ زۆریان به‌ مه‌سه‌له‌ ره‌واکانی‌ گه‌له‌که‌مان به‌خشیوه‌، ناتوانم به‌هه‌ره‌مه‌کی‌ ته‌قه‌ له‌ تاریکی‌ بکه‌م، ئه‌مڕۆش ره‌ش‌و سپی‌ تێکه‌ڵ بوه‌ پڕ‌وپاگه‌نده‌ی‌ بێبنه‌ما زۆر له‌راستییه‌کانی‌ شێواندوه‌، ئه‌وه‌ی‌ ده‌توانم بیڵێم ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌کرێت راستی‌ له‌پڕ‌وپاگه‌نده‌ جیابکرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ لێپێچینه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ بێت، یا لایه‌نێکی‌ دادوه‌ری‌ ده‌سه‌ڵات په‌یدابکات‌و له‌هه‌مو ئه‌و دیاردانه‌ بپێچێته‌وه‌ تابزانرێت هه‌ر که‌سه‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ له‌کوێی‌ هێناوه‌‌و چۆن په‌یدایکردوه‌، به‌ڵام ئاخ گه‌ر ئه‌و بکرێ‌، ئێستا هه‌ر بێ‌ پا ئه‌گرێته‌وه‌ یا پاداریش ئه‌خاته‌ ژێر گیر‌وگاز! دیاره‌ ئه‌م دیاردانه‌ هه‌مویان کاتین‌و له‌گه‌ڵ گه‌شه‌کردنی‌ کۆمه‌ڵ‌و سیسته‌می‌ سیاسیدا زۆر که‌م ئه‌بێته‌وه‌‌و ئه‌بێ‌ هیوا به‌گه‌شه‌کردن ببه‌سترێ‌ .
ئاوێنه‌: قسه‌یه‌کی‌ زۆر له‌باره‌ی‌ ناشه‌فافی‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌کان ده‌کرێت، ده‌وترێ‌ گه‌نده‌ڵی‌ تێدایه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار کاربه‌ده‌ستانی‌ به‌غداش له‌وباره‌یه‌وه‌، هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر ئه‌دای‌ هه‌رێمی‌ کوردستان، قسه‌ی‌ تۆ له‌وباره‌یه‌وه‌ چییه‌؟
فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر: له‌شه‌ڕی‌ به‌غدا‌و هه‌رێم ناتوانم قسه‌ی‌ حکومه‌تی‌ به‌غدا بسه‌لمێنم، چونکه‌ له‌وه‌ ده‌گه‌م که‌ ئه‌وه‌ بیانویه‌که‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌کانی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان ئه‌گرێ‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گرێبه‌سته‌کانمان به‌هۆی‌ په‌رله‌مانی‌ کوردستانه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ین‌و له‌گه‌ڵ کۆمپانیای‌ گه‌وره‌‌و کاریگه‌ر مۆریان بکه‌ین، ئه‌وا قسه‌ی‌ که‌س ناتوانێ‌ هیچ بڕوشێنێ‌، له‌و قۆناغه‌دا ئه‌وه‌ گرنگه‌ چۆن بتوانین نه‌وت وه‌ک چه‌کێکی‌ کاریگه‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌ل به‌کاربهێنین، باش وایه‌ کۆمپانیای‌ زه‌به‌لاحی‌ وڵاتانی‌ گه‌وره‌ له‌پرۆسه‌کانی‌ په‌ترۆڵ‌و سه‌نعه‌تی‌ په‌ترۆڵه‌وه‌ بگلێنین، کارێکی‌ وه‌ها بکه‌ین به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌وانه‌ ببه‌ستین به‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌له‌که‌مانه‌وه‌ به‌شه‌فاف‌و یاسایی‌  ئه‌نجامی‌ بده‌ین.
سەرچاوە – ئاوێنەنیوز