مەرزی پەروێزخان، یەكێكە لەمەرزە گرنگو گەورەكانی هەرێمی كورستانو عیراق لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، كەداهاتێكی زۆری بۆ هەرێم هەیەو لەبەرامبەریشدا رۆژانە هەزاران هاووڵاتی بژێوی ژیانی خۆیان لەو مەرزە پەیدا دەكەن.
راپۆرتی: سامان یاروەیس – گەرمیان
ئێستا ئەو مەرزە گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەشێوەیەك بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان باس لەوە دەكات، جموجۆڵە بازرگانیەكان لەو مەرزەدا (70%)ی تەواوی پەیوەندییە بازرگانیەكانی (عیراق – ئێران) دەگرێتەوە. حسێن ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان بۆ كوردستانی نوێ وتی:»لەساڵی 2011ەوە مەرزەكە بۆتە نێودەوڵەتی، كەهەموو كارێكی بازرگانی یاسایی تێدا ئەنجام دەدرێت. هاوكات رۆژانە زیاتر لەهەزار هاووڵاتی لەدیوی هەرێمی كوردستاندا كاردەكەنو مامەڵەی بازرگانی ئەنجام دەدەن».
ئەو كێشانەی چارەسەر نەكراون
ژمارەیەك شۆفێرو بازرگان لەمەرزەكە گلەییان لەحكومەت هەیە، كەماوەی چەند ساڵێكە بەدەست چەند كێشەیەكەوە دەناڵێنن. هیوا شەماڵ كە لەمەرزەكە شۆفێرە بۆ كوردستانی نوێی روونكردەوە، رێگەی مەرزەكە خراپەو توانای ئەو هەموو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەی نییە، لەبەرئەوەی نێودەوڵەتییەو هاووڵاتیانیش پێدا هاتوچۆ دەكەن، ئەمەش بۆتە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان. بۆیە باشتروایە ئەو رێگەیە چاك بكرێتەوەو بكرێتە دووساید.
وتیشی:»جگە لەوەی شوێنی حەوانەی نییەو لەكاتی سەرماو گەرمادا ئەوە باشترین شوێن بۆ خۆپاراستنمان ناو ئۆتۆمبێلەكانی خۆمانە، بۆیە باشتروایە لەو رووبەرە فراوانە شوێنێك هەبێت بۆ پشوودانی شۆفێرو كرێكارو بازرگانەكان».
لای خۆیەوە گۆران ئەحمەد كەبازرگانە ئەوە دەخاتەڕوو، رووبەری مەرزەكە فراوانەو شوێنی باشی هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو كەرەڤانەو كابینانەی لەوێدا هەن لاببرینو بینای تایبەتی بەرفەمانگەكان دروست بكرێتو بەشێوەیەكی باشتر پێشوازی لەهاووڵاتیان بكرێت.
مەرزەكە پشتگوێخراوە؟
بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیانش پێیوایە، ئیستا ئەو كێشەو گرفتانە كۆسپی بۆ مەرزەكە دروست كردووەو دەڵێت:»كێشەی گەورە كەهەبێت یەك سایدیی رێگاكەیە چ لەدیوای چوون بۆ خانەقین یان چوون بۆ كەلار، جگە لەوەی تەنیا یەك پرد هەیە ئەویش پردی گردە گۆزینەیە كەزۆر كۆنە».
وتیشی:»هەموو بینای مەرزەكە كەرەڤانەیە، ئەمە لەهیچ مەرزێكی تردا مۆدێلی نییەو بوونی نییە، تەنیا لەمەرزی پەروێزخاندا نەبێت».
ماستەرپلانی مەرزەكە
لەبارەی ماستەرپلانی مەرزەكەوە، حسێن ئەحمەد وتی:»ماستەرپلانی مەرزەكە پێكهاتووە لەدروستكردنی بینا بۆ تەواوی فەرمانگەكانو دروست كردنی ئینارەو ئاوەڕۆو چێشتخانەو رێستۆرانتو كۆمەڵێك شتی تر، بەڵام بەداخەوە ئەو ماستەرپلانە تائێستا كاغەزێكەو لەئەرشفی ئێمەدا هەڵگیراوە، جگە لەدیوارێك هیچی تر نەبووە تائێستا».
وتیشی:»بەهەوڵی خۆمان پڕۆژەی دروستكردنی بینایەك بۆ بۆ مەرزەكە تەواوی رێكارە یاساییو ئیداریەكانی بڕیووەو لە تەندەریندایە، بۆئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام دەبێت ماستەرپلانەكە جێبەجێبكرێت، بۆئەوەی بینا بۆ تەواوی فەرمانگەكان دروست بكرێت جگە لەهەبوونی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆیان».
ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ نووسینگەی بانكیی لەمەرزەكە بكاتەوە، لەو رێگەیەوە بازرگانان دەتوانن بەئاسانی كارەكانیان ئەنجام بدەن، ئەمەش گرنگی زۆری دەبێت بۆ مەرزەكە.
(95%)ی بۆ شارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عیراقە
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان رایگەیاند، مەرزی پەروێزخان گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لەبازرگانیكردن لەگەڵ ئێراندا، بەجۆرێك قەبارەی بازرگانی عیراق لەگەڵ ئێراندا لەو مەرزە گەیشتۆتە (70%)و بەو پێیە لەتەواوی مەرزەكانی ترچالاكترە. وتیشی:»زیاتر (95%)ی ئەو كاڵاو شمەكە بازرگانییانەی لەمەرزەكەوە دێتە خاكی هەرێمەوە، رەوانەی ناوچەكانی خواروو ناوەڕاستی عیراق دەكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا رۆژانە هەزار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەئێرانەوە دێنە مەرزەكەو كاڵاو شمەكەكانیان دەگوازنەوە».
كەمتر بەئۆتۆمبێلی خۆیان دەچن
بەپێی ئامارێكی بەشی نشینگەی گەرمیان، لەساڵی رابردووداو لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە، 161 هەزارو 82 هاووڵاتی هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمەوە، بەمەبەستی گەشتكردنو كاری بازرگانی.
عەمید سامی سەمین بەڕیوەبەری نشینگەی گەرمیان بەكوردستانی نوێی راگەیاند، لەدوای ئەوەی لەناوەڕاستی ساڵی رابردوودا بەشی نشینگەی گەرمیان دەسەڵاتی ئەوەی پێدرا ئیقامە ببەخشێت بەگەشتیارە بیانیەكانو لەماوەی ساڵی رابردوودا، 161 هەزارو 82 هاووڵاتی ئێرانی بەمەبەستی سەردانی كردنی ناوچە گەشتیاریەكانی كوردستان، لەمەرزی پەروێزخانەوە هاتوونەتە هەرێمەوەو رێژەكەش لەزیادبووندایە.
لەبەرامبەریشدا بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لەوەرزی بەهاردا ژمارەی گەشتیارتنی هاتوو لەئێرانەوە بۆ كوردستان بەرزدەبێتەوە. هاوكات لەبارەی چوونی هاووڵاتیان بەئۆتۆمبێلی خۆیان بۆ وڵاتی ئێران، حسێن ئەحمەد وتی:»هاووڵاتیانی هەرێمو ناوچەی گەرمیان بەشێوەیەكی زۆر كەم بەئۆتۆمبێلی خۆیان دەچن بۆ ئێران، بەڵام گەشتیارە ئێرانیەكان بەزۆری بەئۆتۆمبێلی خۆیان دێنە هەرێمی كوردستانەوە».
كوردستانی نوێ