هەر لەدەمەو بەیانییەکی زوو خۆرکەوتندا شەقامی مزگەوتی گەورە پڕدەبێت لەو پیرە پیاوانەی کە دەستگێڕنو هەریەکەیان ئەو خواردن و کاڵاو بابەتانەی کە هەیانە دەیانەوێت ساخی بکەنەوە، بەڵام ژنەکان درەنگترو لەدەوری کاتژمێر دەی بەیانی ڕودەکەنە بازار.
هەندێکیان لەبەر هەژاری دێنە ناو بازارو کاردەکەنو هەندێکی تریان تەنها بۆ کات بەسەربردن و خۆیان سەرقاڵ دەکەن و پشتیان نەبەستوە بەو پارەیەی کە لەو کارەوە دەستیان دەکەوێت بەڵام هەمو ئەو ژنانەی لەناو بازار کاردەکەن لەبەر هەژاریو پەیداکرنی بژێوی خێزانەکانیانە کە بونەتە دەستگێرو شتفرۆش.
محەمەد ئەحمەدی تەمەن هەشتاویەک ساڵ ریشێکی سپی تەواوی دەموچاوە پڕ ماندوەکەی داپۆشیبو بە چاویلکەیەکی رەش و قەمسەڵەیەکی ڕەشەوە لەناو بازارداو لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانیدا بەدیار ئەو چەند گسکەوە دانیشتبو کە شەوانە لە دوکانەکەی بەرامبەریدا بۆی هەڵدەگرن و هەر رۆژ دەبێتەوە بەهیوای ئەوەی لەرۆژی پێشتر زیاتر پارە پەیدا بکات بەدیار گسکەکانیەوە دادەنیشێت.
حاجی محەمەد ماوەی بیستوچوار ساڵ لەشارەوانی کاری کردوەو لەپای ئەو خزمەتەیدا تەنها ئەو مەترە زەویەی پێدراوە کە لەبەر مزگەوتی گەورەدا گسکەکانی لێداناوە. بۆ ئەوی تەمەن هەشتاویەک ساڵ کە خاوەنی سێ کوڕو کچێکە کە هەمویان لەروی ئەقڵییەوە ناتەواون و لەماڵەوەن، ژیان لەنەهامەتی و شەرێکی بەردەوام لەگەڵ هەژاری بەولاوە هیچی تر نییە، چونکە رۆژانە ئەگەر دو تا سێ هەزار پەیدابکات و ئە دوسەدو بیست هەزارەی مانگانە وەک موچەی خانە نشینی بۆی بڕاوەتەوە هیچی تری نییە.
ئەم پیاوە هەڵەبجەییە داوا لە حکومەت دەکات کە هەمو ئەو کەسە پیرانەی وەک ئەون و هەژارو بێدەرامەتن بخاتە ناو دەریاوە تا ببنە خۆراکی ماسییەکان و خەڵک و حکومەتیش رزگاری بێت لەدەستیان ” ئەگەر ژیان بەردەوام پڕبێت لەم هەمو خەجاڵەتییە بۆ ئێمەی هەڵەبجەیی ئیتر بۆ نەمرین؟ ئەچینە بەردەم هەر بەرپرسێ دەرگامان بەڕودا دادەخەن، لەکاتێکدا کە ئەم حکومەتە هەڵەبجەی کردە سندوقی سواڵ و پارەکەیان کردە گیرفانی خۆیانەوەو بانکەکانی ئەوروپایان پێ پڕکرد”.
ئەو سەرباری ئەو هەمو ماندوێتییەی کە رۆژانە لەناو بازار دەیکێشێت، کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە دەبێت ببێتە کەیبانوی منداڵە ناتەواوەکانی و خواردنیان بۆ دروست بکات بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕوای بەخۆی زۆرەو تەنها” پشتو پەنام خودای گەورەیە کە یارمەتیداوم بەرگەی ئەم هەمو خەمە بگرم ئەگەرنا دوازدەساڵ لەمەو بەر کە خێزانم کۆچی دوایی کرد دەبوایە منیش بمردمایە”.
یەکێکی تر لەو پیاوە پیرانەی کە خانەنشینەو بەدارشەقەکەیەوە لەو ناوە پیاسەی دەکرد لەپڕ زۆر بەتوڕەیی وتی” پێویستە ئەم حکومەتە بنەڕۆیان دەربچێت و ئیتر واز لەم فەقیرو هەژارو خەڵکە رەشوروتە بێنن. تا کەی پارەی میللەت دەدزن و چاویان تێر نابێت؟ بۆ وامان لێدەکەن خۆزگە بە سەدامی گۆڕبەگۆڕ بخوازین، خوای دەکرد ئێستا حکومەت ڕەمی دەکردم پیاو یەکجار دەکوژرێت یەک جار”.
ئەو پیاوە بەتەمەنە ناوی حاجی فەتاح بو خاوەنی نۆ منداڵ بو کە جگە لە خانەنشینی مانگانەی خۆی و تەنها کوڕێکی هیچ کاسبکارێکیان نییە. ئەو گلەیی لەحکومەت ئەوەیە کە سێ کچی هەیە ماوەی زیاتر لەچوار ساڵە خوێندنیان تەواوکردوەو تائێستا دانەمەزراون بۆ ئەوەی هیچ نەبێت یارمەتییەکی خێزانەکەیان بدەن و ژیانیان باشتر بێت.
بەشێکی تری پیاوان بۆ کات بەسەربردن و جۆرێک لەخۆشی دێنە ناو بازاڕو کار دەکەن، فەرەج ڕەشیدی تەمەن حەفتاودو ساڵ کۆمەڵێک تەزبیحی بەدەستەوەبو لەگەڵ پیاوە هاورێکانی تریدا خەریکی سەوداو مامەڵەی تەزبیحەکان بو، ئەو زۆر راشکاوانە وتی ” پێویستم بەو چوار پێنچ هەزارە نییە، کە لێرە دەستم دەکەوێت، بەڵام چەند ساڵە هەر فێری کاسبی بوم و ناتوانم دەستی لێهەڵبگرم”.
ئەحمەد محەمەدی تەمەن حەفتاوپێنج ساڵ خاوەنی پێنج سەرخێزانەو جگە لەو پارەیەی لەفرۆشتنی لفکەو دەزوەوە دەستی دەکەوێت هیچی تر شکنابات، ئەو بەتەوسەوە وتی” حەق وایە ئێمە بەشێک لەو پارەیە کە پەیدای دەکەین بدەین بەحکومەت تا پارەکەیان حەڵاڵ بێت چونکە ئەوان بە حەرامی قوتی ئەم میللەتە هەژارە دەخۆن رەنگە خوا غەزەبیان لێبگرێت”. ئەو نازانێت رۆژانە چەند پەیدا دەکات بەڵام دڵخۆش بو بەوەی دەست لەکەس پان ناکاتەوەو سواڵ ناکات و بەری رەنجی شانی خۆی دەخوات.
بەڵام زۆربەی ئەو ژنانەی لەناو بازاردا کاردەکەن هەژاری پاڵی پێوەناون تا بێنە ناو بازاڕو تاکە شتێک کە بۆ ئەوان دڵخۆشکەر بێت ئەو رێزەیە کە لەلایەن خەڵکەوە لێیان دەگیرێت. گوڵنازی تەمەن چلودو ساڵ تەواوی دەموچاوی پەڵەی هاوینێکی گەرم دایپۆشیبو بەدیار فەردە گۆیژە پایزییەکەوە دانیشتبو چاوەروانی ئەوەبو یەکێک داوای کیلۆیەک زیاتری لێبکات تا زوتر بگەرێتەوە ناو ماڵ و منداڵی.
ئەو کە لەنزیکەی نۆی بەیانییەوە بە پاسەکانی پیرەمەگرون ڕو لەناوبازار دەکات و لەگەڵ ژنە هاوڕێکانیدا هەریەکەیان کاسپی خۆیان دەکەن بەڵام زۆر نیگەرانە لە” پۆلیسەکانی ناوبازاڕ زۆر جار بەشەق دەکەونە ناو رزگەکەمان و دەرمان دەکەن داواکارم لە حکومەت و رێخراوەکانی ژنان چەند شوێنکی تایبەتمان بۆ دروست بکەن تا سەرمای زستان و گەرمای هاوین لەوە بێزارترمان نەکەن”.
سەرچاوە- ئاوێنە