لەراپۆرتی ١٠ مانگی رابردووی بازرگانی ئێراندا كە لەلایەن گومركاتی وڵاتەوە بڵاوبووەتەوە، لەبواری هەناردەكردنی شتومەكدا ٣٣ ملیارو ٧٨٨ ملیۆن دۆلار هەناردە كراوە كە ئەمە لەچاو ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو، 2.55% دابەزیوەو ئەڵبەت ئەم ئامارە بواری نەوت ناگرێتەوە، هەروەها لە بواری هاوردەكردندا ٣٧ ملیار و ٥٩٦ ملیۆن دۆلار هاوردەكراوە كە 14.65%یش لەم بەشەدا دابەزیوە.
لەم ماوەدا زۆرترین رێژەی هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی چین، عیراق، ئیمارات، هیندستان و ئەفغانستان بووە.
هەر لەم ماوەیەدا پێنج ملیارو ٩٠٥ ملیۆن دۆلار بۆ چین، چوار ملیار و ٧٩٠ ملیۆن دۆلار بۆ عیراق، دوو ملیارو ٩٢٣ ملیۆن دۆلار بۆ ئیمارات، دوو ملیار و ١٢٨ ملیۆن دۆلار بۆ هیندستان و دوو ملیار و ٢٢ ملیۆن دۆلار بۆ ئەفغانستان هەناردە كراوە.
هەروەها لەم ماوەدا ئێران زۆرترین هاوردەی شتومەكی لە وڵاتانی ئیمارات، چین، هیندستان، كۆریای باشوورو توركیاوە ئەنجامداوە كە حەوت ملیارو ٩٨٥ ملیۆن دۆلاری لە ئیماراتەوە بوەو دوو ملیار و ٩٠١ ملیۆن دۆلاری لە توركیاوەهاوردە كردوە.