هاوڵاتیەكی عێراقی رۆبۆتێكی دروستكرد

هاوڵاتیه‌کی عێراقی وه‌ک هه‌وڵێک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌کان که‌ له‌ساڵی 2003ه‌وه‌ یه‌خه‌ی عێراقی گرتوه‌، توانیویه‌تی رۆبۆتێک دروستبکات له‌دوری په‌نجا مه‌تره‌وه‌ ئاشکرای بکات‌و هه‌ڵی بوه‌شێنێته‌وه‌.
هه‌یسه‌م عه‌بدولکه‌ریم ئه‌و رۆبۆته‌ی له‌پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی به‌غداد له‌کۆتایی ساڵی 2013 نمایشکردوه‌و بوه‌ جێگای بایه‌خی ئاماده‌بوان.
عه‌بدولکه‌ریم به‌ئاژانسی DW ئه‌ڵمانی راگه‌یاندوه‌ شاره‌زایم بۆدروستکردنی رۆبۆت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1995 ئه‌وکات یه‌که‌م رۆبۆتی خۆم دروستکرد بۆ خانمان تاکو یارمه‌تیان بدات له‌ رێکخستنی کاروبار‌ەکانی نێوماڵدا.
عه‌بدولکه‌ریم ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ له‌دروستکردنی ئه‌و رۆبۆته‌دا پشتی به‌و که‌ره‌ستانه‌ به‌ستوه‌ که‌ له‌ته‌قینه‌وه‌کاندا به‌کارهاتوه‌و دروستکردنی هه‌ر رۆبۆتێک بڕی 3500 دۆلاری ئه‌مه‌ریکی تێده‌چێت.
ئه‌و ئامێره‌ که‌ناوی «فه‌زل 1»ی لێنراوه‌ کامێرایه‌کی ڤیدیۆی پێشکه‌وتوی له‌سه‌ر جێگیرکراوه‌و په‌یوه‌ستکراوه‌ به‌شاشه‌یه‌که‌وه‌ که‌ له‌دوره‌وه‌ کۆنتڕۆڵی ده‌کات، له‌گه‌ڵ بونی باڵێک بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌کان‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و رۆبۆته‌ به‌وزه‌ی تیشکی خۆر کارده‌کات‌و به‌بێ بونی هیچ کاریگه‌ریه‌کی پله‌کانی گه‌رماو بارانبارین له‌وه‌رزه‌کانی ساڵدا، هه‌رچه‌نده‌ به‌کارهێنانی ئاسانه‌ به‌ڵام ناتوانرێت سیستمه‌که‌ی هاکبکرێت چونکه‌ نوسینه‌وه‌ی پرۆگرامه‌که‌ی زۆر ئاڵۆزه‌.
عه‌بدولکه‌ریم جه‌ختی له‌وه‌کردۆته‌وه‌ ئه‌و ئامێره‌ی داوه‌ته‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌کانی عێراق به‌و هیوایه‌ی که‌لێنێک له‌لایه‌نی ئه‌منی وڵات پڕبکاته‌وه‌.