له‌یادی‌ سلێمانیدا دوو کتێبی‌ مێژویی‌ له‌چاپده‌درێن

له‌ساڵیادی‌ دامه‌زراندنی‌ شاری‌ سلێمانیدا، بڕیاره‌ دوو کتێبی‌ مێژوویی‌ له‌چاپبدرێن که‌ بریتین له‌ رۆژنامه‌ی‌ پێشکه‌وتن، یه‌که‌مین رۆژنامه‌ی‌ سلێمانی‌‌و ئه‌لبومی‌ محه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی‌ به‌گ.
 لەمەراسیمێکدا بەبۆنەی 228مین یادی بونیادنانی  شاری سلێمانی‌، بنکەی ژین له‌سه‌ر ئه‌رکی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، چاپ‌و بڵاوکردنەوەی دوو کتێبی مێژووی راگەیاند کە بریتین لە کتێبی (رۆژنامەی پێشکەوتن، یەکەمین رۆژنامەی شاری سلێمانی‌و ئەلبومی محەمەد ئەمین زەکی بەگ.
ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌ ده‌فی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ پارێزگای‌ سلێمانیه‌:
رۆژى 13ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک لە رۆشنبیر و ئەکادیمی و کەسایەتی ناسراوی سلێمانی، بنکەی ژین بۆ بوژاندنەوەی کەلەپوری بەڵگەنامەیی و رۆژنامەوانی کوردی لە مەراسیمێکدا بە بۆنەی یادی 228 ساڵەی دامەزرادنی  شاری سلێمانی لەچاپدان و بڵاو کردنەوەی دوو کتێبی بنکەکەی کە لەسەر ئەرکی پارێزگای سلێمانی و لەچوارچێوەی یادی بونیادنانی سلێمانیدا لەچاپدراون  راگەیاند ، کە بریتین لە کتێبی (رۆژنامەی پێشکەوتن، یەکەمین رۆژنامەی شاری سلێمانی) ئەم کتێبە  لە ئامادەکردنی رەفیق ساڵح و سدیق ساڵحەو وێرای ساخکردنەوەو بڵاوکردنەوەی بەشێک لە ژیانی نوسەرانی ئەو رۆژنامەیە سەرجەم ژمارەکانی ئەو رۆژنامەیەی لە خۆ گرتووە کە لە ساڵانی 1920-1922 و لەلایەن ئینگلیزەکانەوە لە سلێمانی دەرچووە.
کتێبیی دووەمیش بریتیە لە ئەلبومی (محەمەد ئەمین زەکی بەگ) کەلەلایەن (سدیق ساڵح)وە ئامادەکراوە و ژمارەیەکی زۆر لە وێنەی مێژووی و خێزانی مێژوو نوسی ناوداری کورد ئەمین زەکی بەگ لە خۆی دەگرێت.
لە مەراسیمەکەدا عەبدوڵا زەنگەنە بەناوی ئەنجومەنی بنکەی ژینەوە وێرای پیرۆزبای یادی بونیادنانی شاری سلێمانی دەستخۆشی لە پارێزگاری سلێمانی کرد کە لەروانگەی خەمخۆری بۆ مێژوو و کەلەپوری سلێمانی خەرجی لەچاپدانی ئەو دوو بەرهەمەی لە ئەستۆگرتووە و هیوای خواست ئەو دوو کتێبە جێگەی شیاوی خۆیان لە ناو کتێبخانەی کوردیدا بگرن.
پاشان لە مەراسیمەکەدا لەرێگەی چەند وتارێکەوە مێژووی سلێمانی و ناوەرۆکی ئەو دوو کتێبەو  ژیانی مێژوو نوس محەمەد ئەمین زەکی بەگ خرایە بەرباس