ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عیراقو كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی خاڵی سنوری مونزریەوە بەڕێژەی لەسەدا 50 دابەزیووەو هۆكاری ئەوەش بۆ بەرزبونەوەی باجی گومرگیو ناجێگیری باری ئەمنی دەگەڕێتەوە. لەوبارەیەوە سەمیر محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانی قەزای خانەقین بەسۆمەریە نیوزی ڕاگەیاندووە: ماوەی چەند هەفتەیەكە چالاكیە ئابووریو بازرگانیەكانی نێوان عیراقو كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی خاڵی سنوری مونزریەوە بەڕێژەی لەسەدا 50 دابەزیووە، چالاكیە بازرگانیەكانیش لەدوای جێبەجێكردنی یاسای تاریفەی گومرگیەوە دابەزیووە كە بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەسەرەتای ئەمساڵەوە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە زیادكردنی باجی گومرگی لەسەر چەند كاڵاو كەلوپەلێك لەخۆدەگرێت، جگە لەوەش ناجێگیریی باری ئەمنی پارێزگای دیالە كاریگەری گەورەی لەسەر دابەزینی چالاكیە بازرگانیەكان هەبووە، ئەو بەرپرسەی قەزای خانەقین ئاماژەی بەوەشكردووە: بەهەمان شێوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هاتوچۆی گەشتیارانی شیعە مەزهەب لە وڵاتی ئێرانەوە بۆ شوێنە پیرۆزەكانی عیراق لەخاڵی سنوری مونزریەوە كەمیكردووە، چونكە لەماوەی ڕابردوودا چەند جارێك كاروانی زیارەتكاران بوونەتە ئامانجی تیرۆریستان.