“هه‌زاره‌ها دۆلاریان بۆ بانده‌كه‌ ناردووه‌” باندێکی مه‌غریبی لە رێگەی فه‌یسبووكەوە ‌كورد رووت ده‌كه‌نه‌وه‌‌

– به‌ قسه‌ی رۆمانسی، پاشان خۆڕووتكردنه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و دواجار هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وی گرته‌ ڤیدیۆییه‌كان ده‌كه‌ن
 
– زانیومانه‌ كه‌ كورد عه‌وداڵی سێكسه‌ و زۆریش شه‌رمنه‌ بۆیه‌ هه‌رگیز قبوڵی نییه‌ ئابڕووی بچێت
 
– توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی: كه‌سایه‌تیی تاكه‌كان لاوازن به‌تایبه‌ت له‌ ئاست سێكسدا
 
باندێكی فه‌یسبووكی مه‌غریبی، هێرشێكی وروژێنه‌ره‌یان خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌كاونتی سه‌دان كه‌سایه‌تیی ناسراوی كوردستان و له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌یان قوربانییان رووت كردووه‌ته‌وه‌.
به‌ قسه‌ی قوربانییان، ئه‌ندامانی ئه‌و بانده‌، سه‌ره‌تا به‌ داوای هاوڕێیه‌تی له‌لایه‌ن كچێكی ئێجگار جوانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، پاشان ده‌كه‌ونه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ی به‌داوه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بۆیان ده‌ركه‌وت خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌ و له‌ ئابڕووی ده‌ترسێ، به‌لێهاتوویی خۆیان قسه‌ی رۆمانسیی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، وا له‌ كه‌سی تووشبوو ده‌كه‌ن متمانه‌ی ته‌واویان پێ بكات تا ژماره‌ی مۆبایل و سكایب بگۆڕنه‌وه‌. 
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ سه‌ر ده‌كێشێ بۆ داوای بینینی یه‌كتری به‌ ڤیدیۆ و پاشان كچه‌ مه‌غریبییه‌كه‌ لاشه‌ی ناسك و جوانی خۆی پشانی كوڕه‌ كورده‌ پێوه‌بووه‌كه‌ ده‌دات و داوای لێ ده‌كات ئه‌ویش ته‌واوی لاشه‌ی خۆی بۆ رووت بكاته‌وه‌، به‌ چه‌ند خوله‌كێك دوای ئه‌وه‌ به‌ فه‌یسبووك نامه‌یه‌كی بۆ ده‌نێرێ كه‌ لیستی هاوڕێكانی تێدایه‌ له‌گه‌ڵ گرته‌ی ئه‌و ڤیدیۆیه‌ و ده‌یترسێنێ ئه‌گه‌ر بڕی ئه‌وه‌نده‌ هه‌زار دۆلاری بۆ نه‌چێت، له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا، ئه‌و گرته‌یه‌ ده‌نێرێت بۆ ته‌واوی هاوڕێكانی و له‌ یوتیوب بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ چیرۆكێك نییه‌ به‌ته‌نیا، به‌ڵكوو گێڕانه‌وه‌ی راستییه‌كه‌ به‌سه‌ر سه‌دان گه‌نج و پیاوی كامڵی ئه‌م وڵاته‌دا هاتووه‌ كه‌ زۆربه‌یان خێزاندارن، هه‌ندێكیان به‌ هه‌زاره‌ها دۆلاریان ره‌وانه‌ی مه‌غریب كردووه‌ تا ئابڕوویان نه‌چێ، هه‌ندێكیش فه‌یسبووكه‌كه‌ی بۆ هه‌میشه‌یی داخستووه‌ و هه‌شبووه‌ هه‌وڵی خۆكوشتنی داوه‌. 
پێویسته‌ بڵێین ئه‌م كاره‌ ته‌نها چه‌ند باندێكی مه‌غریبی نه‌یان كردووه‌، له‌ لوبنان، میسڕ، جۆرجیا و ته‌نانه‌ت له‌ ناوخۆش كاری وا رووی داوه‌، به‌ڵام بۆیه‌ مه‌غریب به‌ نموونه‌ ده‌هێنینه‌وه‌، چونكه‌ بووه‌ به‌ دیارده‌یه‌ك و له‌ ته‌واوی ئه‌م راپۆرته‌ خوێنه‌ری دیمانه‌ی یه‌كێك له‌و باندانه‌ ده‌بن كه‌ (باس) له‌گه‌ڵی ئه‌نجامی داوه‌.
 
هه‌زاره‌ها دۆلاریان بۆ بانده‌كه‌ ناردووه‌
(م،ع) گه‌نجێكی شاری هه‌ولێره‌، پۆستێكی تا راده‌یه‌ك پێشكه‌وتووی حزبیی هه‌یه‌، به‌ (باس)ی راگه‌یاند: ‌كاتێك ئه‌و ئادده‌م بۆ هات له‌لایه‌ن كچێك كه‌ نووسراوه‌ دانیشتووی مه‌غریبه‌، سه‌ره‌تا به‌گومانه‌وه‌ ته‌ماشام كرد، كچێكی ئاوا جوان له‌ كوێ من ده‌ناسێ؟ به‌ڵام كه‌ بینیم هاوڕێی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی به‌رزه‌ كه‌ هاوڕێی منیشن، ئیتر لێی دڵنیا بووم و وه‌رمگرت‌.
 م،ع ده‌ڵێ: ‌دوای ئه‌وه‌ی تووش بووم، له‌جیاتی كچ، كوڕێك قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم و بڕی 2000 دۆلاری لێ داوا كردم، ئه‌گه‌ر نا ئابڕووم ده‌بات و ڤیدیۆكه‌م بڵاو ده‌كاته‌وه‌، به‌ناچاری پێم گوت چۆن بۆت بنێرم؟ ژماره‌یه‌كی بانكیی بۆ ناردم و به‌په‌له‌  ئه‌وه‌ی داوای كرد بۆم نارد ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی وازم لێ بێنێت، دوای دوو هه‌فته‌ هه‌مان گوشاری خسته‌وه‌ سه‌رم، تا ئێسته‌ چوار جار پاره‌م بۆ ناردووه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی 11,000 دۆلاره‌، دواجار وتی ئیتر كۆتایی هات، به‌ڵام هیچ متمانه‌یه‌كم پێ نییه‌.
(ه،م) ئه‌ندامێكی حزبی و خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆیه‌تی، له‌ فه‌یسبووك زیاتر له‌ سێ هه‌زار هاوڕێی هه‌یه‌،  تووشبوویه‌كی تره‌ بۆ (باس)ی ئاشكرا ده‌كات كه‌ ئه‌میش دوای ڤیدیۆچاتكردن و خۆرووتكردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كچێكی مه‌غریبی و پاشان به‌ هه‌مان سیناریۆ له‌ترسی ئابڕووی، بڕی 2000 دۆلاری بۆ ناردوون، به‌ڵام تا ئێسته‌ ده‌نگیان نه‌بووه‌ و پێده‌چێ ئیتر وازیان لێ هێنابێت.
 
هه‌وڵی خۆكوشتنی داوه‌
یه‌كێكی دی له‌و تووشبووانه‌، چالاكوان و رۆژنامه‌نووسێكی دیاری شاری سلێمانییه‌ له‌ رێگه‌ی هاوڕێیه‌كی نزیكی خۆیه‌وه‌ (باس) زانی كه‌ تووشی ئه‌و جۆره‌ فریودانه‌ بووه‌، هه‌وڵمان دا له‌گه‌ڵی گفتوگۆ بكه‌ین، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو كه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، بۆیه‌ هاوڕێكه‌یمان دواند له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ی، (ج،ج)ی هاوڕێی گێڕایه‌وه‌: ‌دوای ئه‌وه‌ی تووشی له‌و گرفته‌ ده‌بێت، نامه‌یه‌كی بۆ ناردم و داوای گه‌ردن ئازادیی لێ كردم، به‌په‌له‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ كرد، چیرۆكه‌كه‌ی به‌ گریانه‌وه‌ بۆ گێڕامه‌وه‌، به‌ڵام چونكه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی نییه‌ بۆیان بنێرێت، ده‌یه‌وێ خۆی بكوژێت، به‌په‌له‌ گه‌یشتمه‌ لای و هه‌رچۆنێك بێت په‌شیمانم كرده‌وه‌ و فه‌یسبووكه‌كه‌یم داخست و پیاسه‌یه‌كی پتركێكمان كرد ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی له‌بیری بچێته‌وه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌و كاته‌وه‌ تا ئێسته‌ كه‌ زیاتر له‌ مانگێكه‌، هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئابڕووبردنیان نه‌هێناوه‌ته‌ جێ‌.
 
بۆچی كوردیان هه‌ڵبژاردووه‌؟
توانیمان له‌ رێگه‌ی پسپۆڕێكی بواری ئای تی په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كێك له‌و بانده‌ مه‌غریبییانه‌وه‌ بكه‌ین، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و پسپۆڕه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكه‌ین، كۆمپیوته‌ری ئه‌و بانده‌ی هاكك كردبوو، توانیمان له‌رێگه‌ی ڤۆیس چاته‌وه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ بكه‌ین. 
(عه‌لی) ناوی یه‌كێك له‌و سه‌رۆك باندانایه‌ به‌ (باس)ی راگه‌یاند كه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ 8 هاوڕێی زیاتر له‌ 300 ئه‌كاونتی فه‌یسبووكیان هه‌یه‌ و شاره‌زای بواری ئای تین و ده‌یه‌ها ڤیدیۆی كچیان لایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی پێ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنن گوایه‌ ئه‌وه‌ خۆیانن و به‌پێی ویستی كه‌سه‌كه‌ خۆیان رووت ده‌كه‌نه‌وه‌. یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی بانده‌كه‌یان كچه‌ بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌یان پێ بكرێ. 
عه‌لی ده‌ڵێ: ‌تا ئێسته‌ له‌گه‌ڵ ده‌یان كورد ئه‌و كاره‌مان كردووه‌، توانیومانه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنین تاوه‌كو پاره‌مان بۆ ڕه‌وانه‌ بكه‌ن‌.
ئایا به‌ڕاستی هیچ جارێك ئه‌و به‌ڵێنه‌یان هێناوه‌ته‌ جێ كه‌ ڤیدیۆكانیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌؟ عه‌لی رای گه‌یاند ‌ئێمه‌ ئیشمان به‌ ئابڕووبردنی كوردێك نییه‌ له‌دیو ده‌یان سنوور، ئێمه‌ ته‌نها پاره‌مان ده‌وێ، ئه‌گه‌ر زانیمان پاره‌ی نییه‌، كاتی پێوه‌ ناكوژین، به‌ڵام جارێكیش ناچار بووین ڤیدیۆی یه‌كێك له‌وانه‌ بڵاو بكه‌ینه‌وه‌‌.
لێمان پرسی: چۆن له‌ناو ئه‌و هه‌موو وڵاتانه‌ خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵده‌بژێرن؟
عه‌لی گوتی: “راستییه‌كه‌ی ئێمه‌ گرووپێكین تازه‌ دامه‌زراوین، له‌رێگه‌ی هاوڕێیه‌كمه‌وه‌ زانیمان كه‌ چه‌ند باندێك له‌گه‌ڵ كورد ئه‌وه‌یان تاقی كردووه‌ته‌وه‌ و سه‌ری گرتووه‌، ئه‌و هاوڕێیه‌م پێی راگه‌یاندم كه‌ كه‌سێكی كورد له‌ یه‌كێك له‌و گرووپانه‌ كار ده‌كات، شاره‌زای ته‌واوی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستانی عێراقه‌ و ده‌زانێ ده‌توانن سوود له‌ كێ بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وان ئیشیان له‌ ئێمه‌ باشتره‌، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌وه‌مان زانیوه‌ كه‌ كورد هه‌م زۆر عه‌وداڵی سێكسه‌ و هه‌م زۆر شه‌رمنه‌ كه‌ هه‌رگیز قبوڵی نییه‌ ئابڕووی بچێت به‌ هه‌ر نرخێك بێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ هۆكاری هه‌ڵبژاردنمانه‌ بۆ كورد‌.
 
هه‌یه‌ تێنه‌كه‌وتووه‌
(ش، ك) گه‌نجێكی تازه‌ پێگه‌شتووه‌، ده‌ڵێ: ‌من بێ منه‌ت بووم لێیان، بۆیه‌ هیچیان پێ نه‌كرا له‌گه‌ڵم‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ كه‌: ‌دوای ئه‌وه‌ی له‌ ڤیدیۆ چاته‌كه‌ ته‌واو بووین و نامه‌كه‌ی بۆ ناردم، زۆر ترسام، په‌یوه‌ندیم به‌ هاوڕێیه‌كمه‌وه‌ كرد كه‌ به‌زمی زۆره‌ و شاره‌زایه‌، وتی كاكه‌ بێمنه‌تی بكه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر تۆ نیت، ئاوایان له‌ سه‌دان كه‌سی تر كردووه‌، ئه‌گه‌ر بزانن ناترسی وازت لێ ده‌هێنن، منیش نامه‌یه‌كم بۆ نارد، وتم وه‌ڵا زۆرم پێخۆشه‌ بڵاوی بكه‌یته‌وه‌، حه‌ز ئه‌كه‌م هه‌موو خه‌ڵك بزانێ چ (…) پێوه‌یه‌! ئیتر یه‌كسه‌ر بلۆكیان كردم لای خۆیان، ماڵیان ئاوابێت‌.
(چ . س) ده‌ڵێ: ‌خۆم زۆر به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم كاتێك ئه‌و شه‌وه‌ كه‌ بڕیار بوو به‌ سكایب قسه‌ بكه‌ین، به‌رنامه‌كه‌ كێشه‌یه‌كی تێدابوو، هه‌رچییه‌كم كرد بۆم چاره‌ نه‌ده‌كرا، زۆر بێزار بووم، به‌ڵام دوای چه‌ند رۆژێك زانیم كه‌ ئه‌مه‌ فێڵه‌ و باندێكی ته‌ڵه‌كه‌ باسه‌، به‌په‌له‌ سڕیمه‌وه‌ له‌ فه‌یسبووكه‌كه‌م و خۆم به‌ به‌به‌خته‌وه‌ر زانی كه‌ تووش نه‌بووم‌.
 
قه‌یرانی په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروست
ساڵح ره‌حمان، توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌ولێر له‌ لێدوانێكدا به‌ (باس)ی راگه‌یاند: ‌هۆكاری سه‌ره‌كیی په‌یوه‌ندیی به‌ چه‌پاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌بوونی په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروسته‌وه‌یه‌ كه‌ تاكه‌كان له‌ خێزانێكدا له‌دایك ده‌بن جگه‌ له‌وه‌ی سێكس حه‌رام و قسه‌كردن له‌سه‌ری عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌‌. 
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: ‌پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ش بناغه‌یه‌كی پته‌وی نییه‌ و ناوه‌نده‌كانی خوێندنیش له‌بری چاره‌سه‌ر خۆیان ده‌بن به‌ به‌شێك له‌ كه‌ڵه‌كه‌كردنی خراپیی پڕۆسه‌كه‌، به‌و پێشه‌ش كه‌سایه‌تیی تاكه‌كان لاواز ده‌بێت و ناتوانن خۆیان له‌به‌رده‌م فێڵ و فریوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان رابگرن به‌تایبه‌تیش له‌ بابه‌تی سێكس و ئه‌و چه‌پاندنه‌ی ساڵه‌های ساڵه‌ له‌ ده‌روونیاندا كه‌ڵه‌كه‌ی كردووه‌، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات تاكه‌كان ئاسان و ساده‌ بكه‌ونه‌ تۆڕه‌وه‌‌.
 
كۆمه‌ڵگه‌ی داخراو
لای خۆیه‌وه‌ موحسین فاروق توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ سلێمانی پێیوایه‌: ‌به‌شێكی كۆمه‌ڵگه‌ داخراوه‌كان به‌دووی پرۆسه‌ی داخراودا ده‌گه‌ڕێن بۆ تێركردنی حه‌زه‌كان. له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كاتێك تاك ده‌یه‌وێ كێیه‌تیی خۆی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ پیشان بدات، كێیه‌تییه‌كی ساخته‌ بۆخۆی دروست ده‌كات، یه‌كێك له‌ په‌نهانیترین و شه‌رمئامێزترین وشه‌كان سێكسه‌، كه‌ به‌په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست له‌باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی پێ نادرێت، هه‌رزه‌كارێك كاتێك كتێبێكی رۆشنبیریی سێسكی ده‌خوێنێته‌وه‌، زیاتر بابه‌تی وروژێنه‌ر ده‌خوێنێته‌وه‌، واته‌ سێكس ته‌نها مانا جه‌سته‌یه‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته‌ زۆرینه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، له‌كاتێكدا زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر و هه‌مه‌لایه‌نتره‌ كه‌ له‌ ئه‌ندامه‌وه‌ راڤه‌ی بۆ بكرێت‌. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: ‌گه‌نجه‌كانمان زیاتر مرۆڤێكی خه‌یاڵین نه‌وه‌ك كرداری، ئه‌وه‌نده‌ی چێژ له‌ پرۆسه‌یه‌كی خه‌یاڵی وه‌رده‌گرن، ئه‌وه‌نده‌ چێژ له‌ كردار وه‌رناگرن‌.
له‌سه‌ر داخراویی كۆمه‌ڵگه‌، ساڵح ره‌حمان بۆچوونی نزیك له‌وه‌ی موحسین فاروقی هه‌یه‌ و دڵێ: ‌داخراویی كۆمه‌ڵگه‌ و ئه‌و عه‌یبه‌یه‌ی كه‌ پێی گه‌وره‌ بووه‌، بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ كه‌سایه‌تی و له‌ كاتی پێزانینی ئاماده‌یه‌ خۆی ببه‌خشێ به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ پێی نه‌زانێت، ئه‌وه‌ش هه‌ر دووباره‌ په‌یوه‌ندیی به‌ پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌و تاكه‌وه‌ هه‌یه‌‌.
 
ویستی تاكه‌كان
موحسین فاروق هه‌ره‌وه‌ها ده‌ڵێ: ‌هه‌ر تاكێك له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ بیری لێ ده‌كاته‌وه‌، كه‌سایه‌تییه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی كولتوور بۆی نازنه‌به‌ند كردووه‌، یه‌كێك له‌و چه‌مكانه‌ش سێكسه‌ كه‌ له‌ دیدی كۆمه‌ڵگا به‌ر تانه‌ و ته‌شه‌ر ده‌كه‌وێت و جێگه‌ی قبوڵكردن نییه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌دا، له‌كاتێكیشدا كه‌سێك توخنی كه‌وتبێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سنووره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ بۆی داناوه‌، دواجار تووشی خۆسووتاندن و هه‌وڵی خۆكوشتن ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ش له‌لایه‌ن كه‌سی به‌رانبه‌ره‌وه‌ قۆزراوه‌ته‌وه‌ بۆ مه‌رامی تایبه‌تی. به‌ڵام ده‌بێت تاك ئه‌وه‌ی لا قبوڵ بێت كه‌ هه‌ڵه‌یه‌ك كراوه‌ و ده‌بێ بزانێ خراپ باشتره‌ له‌ خراپتر و ده‌بێ له‌ كوێ به‌ئاگا هات كۆتایی پێ بهێنرێت و ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌ی به‌لاوه‌ ئاسایی بێت كه‌ كارێكی كه‌سه‌كییه‌ و هه‌موو مرۆڤێك به‌سه‌ر ئه‌زموونی هه‌ڵه‌دا گوزه‌ر ده‌كات. ترسی ئه‌م تاكانه‌ له‌بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م گرتانه‌ له‌و دیدگه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سه‌كان متمانه‌یان به‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ یاخود كه‌سه‌ نزیكه‌كانی خۆیان نییه‌ كه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌یان بۆ روون بكاته‌وه‌ و رێگه‌چاره‌یه‌كی بۆ بدۆزنه‌وه‌‌.
 
(باس) كوردۆ شابان