هێڵه‌كانی زێڕی ره‌ش چاره‌نوسی وڵاتان‌و گه‌لان دیاریده‌كه‌ن

مێژووی وڵاتانی نه‌وتبه‌رهه‌مهێن پڕیه‌تی له‌سه‌رگوزه‌شته‌ی پیلان‌و
گرفت‌و شكستی سیاسی، مێژووی نه‌وت مێژوویه‌كی پڕ له‌نهێنی‌و شاراوه‌ییه‌و زۆربه‌ی
دۆسیه‌كانیشی به‌نه‌زانراوی ده‌هێڵرێنه‌وه‌و له‌لایه‌ن كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانه‌وه‌
په‌رده‌یان له‌سه‌ر لانادرێت، ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ گرنگه‌ ده‌رهێنان‌و
بردنی نه‌وته‌، كه‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت، چاره‌نوسی
زۆرێك له‌كێشه‌و گرفته‌كان‌و له‌پاشه‌رۆژی وڵاتان‌و گه‌لان دیاریده‌كه‌ن.

له‌مێژه‌ شاره‌زایان‌و پیاوانی به‌ئه‌زمون‌و ئه‌وانه‌ی سه‌ریان له‌دنیا
ده‌رده‌چێت وتویانه‌ “له‌ئه‌ده‌بدا به‌دوای ژندا بگه‌ڕێن‌و له‌سیاسه‌تیشدا به‌دوای
ئابوری”، گه‌ر ده‌تانه‌وێ‌ بزانن ئێستا له‌پشت به‌رده‌وه‌ چی رووده‌دات، به‌وردی
به‌دوای هێڵه‌كانی نه‌وتدا بگه‌ڕێن، نه‌خشه‌ی تێپه‌ڕینی بۆرییه‌كانی زێڕی ره‌ش ،
كرۆكی زۆرێك له‌ململانێی زیاتر له‌پارچه‌یه‌كی ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ دیاریده‌كات.

به‌درێژایی سه‌د ساڵی رابردوو، به‌دوور له‌هه‌موو ئه‌و تراژیدیا‌و
ململانێ‌‌و شه‌ڕانه‌ی له‌سه‌ر شانۆی كوردستان‌و عێراق‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست روده‌ده‌ن،
له‌ژورێكی داخراودا ده‌ستڕۆژتووه‌كانی ئه‌م دنیایه‌ كه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان
رۆژئاوایین‌و نوێنه‌رایه‌تی چه‌ند كۆمپانیایه‌كی زه‌به‌لاح ده‌كه‌ن، پلان بۆ
داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی جوگرافیا‌و دابه‌شكردنه‌وه‌ی رۆڵ‌و ئه‌رك‌و هاوكێشه‌ سیاسیه‌كان
ده‌كێشرێت‌و پاشان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه‌رێژكراو كاری بۆ ده‌كرێت‌و جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت.

یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه‌ له‌سیاسه‌ت‌و ستراتیجی وڵاتانی ئه‌مه‌ریكاو
ئه‌ورپادا به‌چه‌سپاوو نه‌گۆڕ داده‌نرێت، رۆشتنی به‌رده‌وامی نه‌وته‌ بۆ رۆژئاوا،
راكێشانی هێڵه‌كانی نه‌وت‌و گازیش له‌و سیاسه‌تدا ئێجگار جێی بایه‌خه‌‌و به‌رژه‌وه‌ندی
ئه‌وانیش دیاریده‌كات كه‌ بۆرییه‌كان به‌كوێدا تێپه‌ڕن، روانینێك له‌دروستكردنی یه‌كه‌مین
هێڵی تێپه‌ڕینی بۆرییه‌ نه‌وته‌كانی عێراق باشترین نمونه‌یه‌: نزیكه‌ی هه‌شتا ساڵ
له‌مه‌وبه‌ر، دوای ئه‌وه‌ی نه‌وت دۆزرایه‌وه‌، هه‌ردوو كۆمپانیای تۆتال‌و بریتیش
پترۆلیۆمدا كێششمه‌كێشی ئه‌وه‌یان بوو كه‌ چۆن‌و له‌كام رێگه‌وه‌ نه‌وت هه‌نارده‌ی
ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن، كۆمپانیای تۆتال كه‌ كۆمپانیایه‌كی فه‌ره‌نسی بوو، پێداگری له‌سه‌ر
ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ بۆری نه‌وته‌كانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق له‌ڕێگه‌ی سوریا‌و
لوبنانه‌وه‌ تێپه‌ڕن، له‌به‌رئه‌وه‌ی سوریا‌و لوبنان له‌ژێر ئینتیدابی فه‌ره‌نسادا
بوون، له‌به‌رامبه‌ریشدا “بریتیش پترۆلیۆم”ی به‌ریتانی داكۆكی له‌وه‌ ده‌كرد
بۆریه‌ نه‌وته‌كان به‌رۆژهه‌ڵاتی ئه‌رده‌ن‌و فه‌له‌ستیندا تێده‌په‌ڕن، كه‌ له‌ژێر
ئینتیدابی به‌ریتانیادا بوون. سه‌ره‌نجام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن كه‌ بۆریه‌ك نه‌وت
بۆ بانیاس له‌لوبنان‌و بۆرییه‌كیش بۆ حه‌یفا له‌فه‌له‌ستین راكێشن.

 

سەرچاوە.. گۆڤاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی