پارێزگاری سلێمانی ئاماری پرۆژەكانی ساڵی رابردوو دەخاتەروو

19ی كانوونی دووەم بەهرۆزمحەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لە مەراسیمێكدا بەردی بناغەی بەنداوی چەق چەق دووی لە نزیك شاری سلێمانی داناو لە وتەیەكدا ئاماری پرۆژە ستراتیژییەكانی ساڵی رابردووی خستەروو.
پارێزگار لە وتەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەو بەڵێنانە كرد كە ساڵی رابردوو دابوویان لەبارەی جێ‌ بەجێ‌ كردنی چەند پرۆژەیەكی ستراتیژی  لەسلێمانی و وتی: “خۆشبەختانە توانیمان بەشێكی زۆری ئەو بەڵێنانە جێ‌ بەجێ‌ بكەین و چەندین پرۆژەی سترایتژی بخەینە بواری جێ‌ بەجێ‌ كردنەوە كە بەتەواو بونیان سلێمانی دەبەنە قۆناغێكی نوێوە”
لە بەشێكی تری وتەكەیدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: “لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا توانیومانە بەشێكی زۆری پێویستیە بنەرەتییەكان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان پڕ بكەینەوە و هەنگاو بۆ جێ‌ بەجێ‌ كردنی پرۆژەی جوانكاری و ستراتیژی هەڵبنێن، هەرچەندە هێشتا كەموكوڕی ماوە, بەڵام من موژدەی ئەوە رادەگەیەنم لە چەند ساڵی داهاتوودا و دوای تەواوبوونی سەرجەم ئەو پرۆژە ستراتیژیانە سلێمانی تەواو سیمای شارێكی هاوچەرخ وەردەگرێت و دەچێتە ریزی شارە مۆدێرنەكانی دنیاوە”
پارێزگار وێرای خستنەرووی پرۆژە ستراتیژییەكان، ئاماژەی بۆ ژمارەی ئەو پرۆژانەش كرد كە ساڵانی رابردوو لە سلێمانیدا جێ‌ بەجێ‌ كراون و لەو رووەشەوە وتی: لەساڵی 2013دا لەسەر بودجەی پارێزگا و وەزارەتەكان لەسەرجەم كەرتەكاندا كار لەسەر 1507 پرۆژە كراوە لەو ژمارەیە 1099 پرۆژە بە بەهای زیاتر لە یەك تریلیون و 321 ملیارد دینار ئیحالە كراوە یان راستەخۆ جێ‌ بەجێ‌ كراوە كە دەكاتە 81% كۆی پرۆژە و پارەی تەرخانكراو
بەشێوەیەكی گشتی كۆی هەموو ئەو پرۆژانەی لەماوەی 2010-2013 جێ‌ بەجێ‌ كراوە،3013 پرۆژەیە، كە بە گوژمەی نزیكەی دوو تریلیون نیو، دینار جێ‌ بەجێ‌ كراون.
پارێزگار لەبارەی بونیاد نانی بەنداوی چەق چەق دووەوە  رایگەیاند یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكان بۆ سلێمانی  لەرووی:  ژینگەی و گەشتیاری و كشتوكاڵ و ئاودێرییەوە  خزمەتێكی بەرچاو بە شاری سلێمانی دەكات.
هاوكات پارێزگار موژدەی بونیادنانی بەنداوێكی تری راگەیاند لە ناوچەی خێوەتە لە شارباژێر و لەو رووەشەوە وتی: لەماوەیەكی نزیكدا بەنداوی خێوەتەش دەچێتە بواری جێ بەجێ‌ كردنەوە كە یەكێكە لە بەنداوە ستراتیژییەكان و توانای گلدانەوەی 145 مەتر سێ‌ جا ئاوی هەیە و لەرێگەی ئەو پرۆژەیەشەوە ئاو  بۆ شاری سلێمانی و پاركی هەواری شار كە گەورەترین پاركی دەستكردنی عیراقە دابین دەكرێت.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتەكەی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانییە
دەق:
بەناوی خودای گەورە…
ئامادەبووانی بەرێز ئەم كاتەتان باش
سەرەتا, بە گەرمی پیرۆزبایی لە هاووڵاتیان و گەشتیارانی شاری سلێمانی و دۆڵەرووت دەكەم،  بەبۆنەی دانانی بەردی بناغەی ، پرۆژەی بەنداوی چەق چەق دوو، لەسەر چەمی دۆڵەرووت….
ئەم پرۆژەیە، یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكان بۆ سلێمانی  لەرووی:  ژینگەی و گەشتیاری و كشتوكاڵ و ئاودێرییەوە  خزمەتێكی بەرچاو بە شاری سلێمانی دەكات.
پرۆژەكە لەرووی ژینگەیەوە: دەبێتە هۆی خۆشكردنی ئاوهەوای سلێمانی، بە تایبەت لە وەرزی گەرمادا, هاوكات سود لە ئاوەكەی وەردەگیرێت، بۆ ئاودانی باخچەو پاركەكانی سلێمانی و زیادكردنی رێژەی سەوزایی.
هەروەك بەهۆی ئەم پرۆژە گرنگەوە, ناوچەی گەشتیاری سەرچنار، زیاتر گەشەدەكات و دەتوانرێت گرفتی كەم ئاوی ئەو ناوچەیە لە وەرزی هاویندا چارەسەر بكات.
پرۆژەی بەنداوی چەق چەق دوو، لەلایەن كۆمپانیایەی T.N.Aدیزاین كراوە ، ئەم بەنداوە بەبەرزی 33مەتر بونیاد دەنرێت و توانای گلدانەوەی 3 ملیون مەتر سێ‌ جا(مكعب) ئاوی هەیە   
پرۆژەكە بە هاوبەشی لەلایەن كۆمپانیایەكی خۆماڵی و كۆمپانیایەكی دەرەوە  بەبڕی زیاتر لە 15 ملیارد دینار لەماوەی 900 رۆژدا بونیاد دەنرێت.
هەر پەیوەست بە دروستكردنی بەنداو  دەمەوێت لێرەدا مژدەیەكی تر رابگەیەنم…
ئەویش دروستكردنی بەنداوی خێوەتەیە لە باكوری رۆژهەڵاتی سلێمانی، كە یەكێكە لە بەنداوە ستراتیژییەكان و توانای گلدانەوەی 145 مەتر سێ‌ جا (مكعب) ئاوی هەیە و لەرێگەی ئەو پرۆژەیەشەوە ئاو بۆ شاری سلێمانی  و پاركی هەواری شار كە گەورەترین پاركی دەستكردنی عیراقە دابین دەكرێت.
بەرێزان 
ئێمە ساڵی رابردوو، بەڵێنی جێ‌ بەجێ‌ كردنی چەند پرۆژەیەكی  ستراتیژیمان راگەیاند، خۆشبەختانە توانیمان بەشێكی زۆری ئەو بەڵێنانە جێ‌ بەجێ‌ بكەین و چەندین پرۆژەی سترایتژی بخەینە بواری جێ‌ بەجێ‌ كردنەوە كە بەتەواو بونیان سلێمانی دەبەنە قۆناغێكی نوێ وە.
لەوانە:
یەكەم:جێ‌ بەجێ‌ كردنی قۆناغی یەكەمی پرۆژەی ستراتیژی رێگەی سەد مەتری، كە پرۆژەكە بە بەهای 469 ملیارد دینار ئەنجام دەدرێت.
دووەم: پرۆژەی ریسایكلینی  خۆڵ و خاشاكی سلێمانی كە لەلایەن كۆمپانیای لافارجی فەرەنسی و بە گرێبەستێكی گونجاو خراوەتە بواری  جێ‌ بەجێ‌ كردنەوە و ئەو پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكان و لە سەرتاسەری عیراقدا تەنیا لە سلێمانی ئەو جۆرە پرۆژەیە جێ‌ بەجێ‌ كراوە 
سێیەم: پرۆژەی ماستەرپلانی هاتووچۆی سلێمانی خرایەبواری جێ‌ بەجێ‌ كردنەوە بۆ  رێكخستنەوەو ئیدارەدانی هاتوچۆی سلێمانی و پرۆژەكەش لەلایەن كۆمپانیای دكتۆر برنەری ئەڵمانیاوە لە جێ‌ بەجێ‌ كردندایە دیسان ئەو جۆرە پرۆژەیە لە عیراقدا دەگمەنە.
چوارەم: لەچوارچێوەی  بەرنامەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو دەستەی وەبەرهێناندا بەردی بناغەی نزیكەی 10 هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون دانراو ، زەویشمان بۆ 100 هەزار  یەكەی تر ئامادە كردووە.
پێنجەم: دیزاینی ناوچەی پیشەسازی عەربەت  ئەسپاردەی كۆمپانیایەكی تایبەتمەند كراوە  پرۆژەكە بونیادنانی شارێكی پیشەسازییە لەسەر رووبەری ( 3000) دۆنم زەوی و ڕێگەی وەبەرهێنەرەكانەوە دەكرێتە كارگەی پیشەسازی قورسی وەك ( پیشەسازی دروست كردنی ئوتومبیل , پیشەسازی ئاسن ….
شەشەم: لە بواری كەرتی وەبەرهێناندا ساڵی رابردوو توانیمان هەنگاوی زۆر  بچینە پێشەوەو بە بەهای چەندین ملیارد دۆلار پرۆژە بهێنینە پارێزگای سلێمانی، بە تایبەت لە بواری گەشتیاری و پیشەسازیدا، لەوانە: دانانی بەردی بناغەی هۆتێلەكانی شیراتۆن و هیلتۆن و حیات ریجنسی  و چەند پرۆژەیەكی تری گەشتیاری گەورە لە ناوچە گەشتیارەییەكان و پیدانی مۆڵەتی دامەزراندنی  چەندین كارگەی گەورە لە ناوچەی پیشەسازی عەربەت.
هەوكات بە پێی ئەو پلانەی داماننابوو كاركردنمان لەسەر چەندین پرۆژەی ستراتیژی تر لە ساڵی رابردوودا بەردەوام بوو، هەنگاوی باشیش چووینەتە پێش نزیك بووینەتەوە لە جێ‌ بەجێ‌ كردنیان لەوانە:
یەكەم: دیزاینكردنی پرۆژەی شاری 2020 سلێمانی كە یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكان بۆ داهاتووی سلێمانی پرۆژەكە ئێستا لە قۆناغی اعلاندایە و بەم نزیكانە ئەسپاردە دەكرێت.
دووەم: پرۆژەی شاری رۆشنبیری سلێمانی ، كە پرۆژەكە بۆ شاری سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری گرنگی تایبەتی هەیەو  لە ماوەیەكی نزیكدا دیزاینی ماستەرپلانەكەی ئەسپاردەی كۆمپانیایەكی بیانی دەكرێت.
سێیەم/تەواوكردنی كاری دیزاینی چارەسەركردن و پاڵاوتنی ئاوی ئاوەڕۆی سلێمانی  و  دابین كردنی سەرچاوەی ئاوی زیاتری خواردنەوە و چاك كردنی تۆڕەكانی ئاوی سلێمانی   ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بۆ پەسەندكردنی.
چوارەم: لەماوەیەكی نزیكدا بەردی بناغەی پرۆژەی یەكتر بڕی كارێزەوشك- شێخ ئەحمەدی هندی دادەنین .
پێنجەم: دروست كردنی شۆستە و ئاوەڕۆ بۆ شەقامی سەرەكی سلێمانی  تاسلوجە بۆ ڕێكخستنەوە و جوانكردن و فراوان كردنی شەقامەكە  خرایە بواری جێ‌ بە جێ‌ كردنەوە  دیزاینی شەقامەكەش وەك شەقامێكی بازرگانی خراوەتە بواری جێ‌ بەجێ‌ كردنەوە.
شەشەم: پڕۆژەی پۆست كۆدی سلێمانی كە لەسەر بودجەی وەزارەتی پۆستەوگەیاندن خرایە بواری جێ‌ بە جێ‌ كردن وئێستا لە تەواوكردن دایە   
حەوتەم/  دەست بەكاربون لە پڕۆژەی ( پاركی نێرگز )  لە   شوێنی (بەنزینخانەی چاڵەكە ) كە پڕۆژەیەكی گەشت و گوزاری  كە جگە لە گەشت و گوزار  ڕووبەرێكی سەوزایی باش لەخۆ دەگرێت لەگەڵ   دروست كردنی پاركێكی ئوتومبێل بۆ بینای دادگای سلێمانی كەدەكەوێتە نزیك شوێنی ناوبراو كە لە ڕێگەی  وەبەرهێنان و لەلایەن كەرتی تایبەتەوە  خرایە  بواری جێ‌ بە جێ‌ كردنەوە.
هەشتەم/ بە پێی پلانی وەزارەتی پیشەسازی وبازرگانی دروست كردنی چەند سایلۆیەك  خراوەتە بواری جێ‌ بەجێ‌َ كردنەوە بۆ پارێزگای سلێمانی لەوانە سایلۆی (قەزای رانیە, ناحیەی پیرەمەگرون , قەزای چەمچەماڵ).
جگەلە تەواوكردنی ئەو پرۆژانە، لە پلانی ساڵی 2014دا چەندین پرۆژەی گرنگ  لە بەرنامەدایە  تەنیا لە سەر بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەكان نزیكەی 560 پرۆژە دیاریكراوە .
لەوانە: رێكخستنەوەو جوانكاری بۆ شەقامی سالمی سلێمانی, ئەنجامدانی پرۆژەیەكی جوانكاری و رێكخستنەوە بۆ بەردەركی سەرای سلێمانی چەندین پرۆژەی تر …
بەرێزان
لەساڵی 2013دا لەسەر بودجەی پارێزگا و وەزارەتەكان لەسەرجەم كەرتەكاندا كار لەسەر 1507 پرۆژە كراوە لەو ژمارەیە 1099 پرۆژە بە بەهای زیاتر لە یەك تریلیون و 321 ملیارد دینار ئیحالە كراوە یان راستەخۆ جێ‌ بەجێ‌ كراوە كە دەكاتە 81% كۆی پرۆژە و پارەی تەرخانكراو
بەشێوەیەكی گشتی كۆی هەموو ئەو پرۆژانەی لەماوەی 2010-2013 جێ‌ بەجێ‌ كراوە،3013 پرۆژەیە، كە بە گوژمەی نزیكەی دوو تریلیون نیو، دینار جێ‌ بەجێ‌ كراون.
دەتوانم بڵێم ئێمە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا توانیومانە بەشێكی زۆری پێویستیە بنەرەتییەكان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان پڕ بكەینەوە و هەنگاو بۆ جێ‌ بەجێ‌ كردنی پرۆژەی جوانكاری و ستراتیژی هەڵبنێن، هەرچەندە هێشتا كەموكوڕی ماوە, بەڵام من موژدەی ئەوە رادەگەیەنم لە چەند ساڵی داهاتوودا و دوای تەواوبوونی سەرجەم ئەو پرۆژە ستراتیژیانە سلێمانی تەواو سیمای شارێكی هاوچەرخ وەردەگرێت و دەچێتە ریزی شارە مۆدێرنەكانی دنیاوە….
لێرشەوە دەسخۆشی لەسەرجەم فەرمانگەو كارمەندانی حكومەتی هەرێم و هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكەم كە هاوكارمان بوون لەماوەی ساڵی رابردوودا و بە هیمەتی هەموو لایەك توانراوە ئەو ژمارە زۆرەی پرۆژە جێ‌ بەجێ‌ بكەین…
هیوادارم كۆمپانیاكانی جێ‌ بەجێ‌ كاری ئەم بەنداوەش بتوانن بە باشی كارەكانیان ئەنجام بدەن و پرۆژەكە لەوای یاسای خۆیدا تەواو بكەن  و دەستخۆشیان لێ‌ دەكەین