پارێزگاری سلێمانی، تەئكید لەجێ بەجێ كردنی بریارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە بۆ بە دادگا گەیاندنی ئەو كەسانەی زەویان بەشێوەی زیادەڕەوی لە سنوری گوندەكانی ناو ماستەرپلانی سلێمانیدا فرۆشتووە.
16ی كانوونی دووەم، بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ یوسف یاسین سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و لیژنەكانی دانانی نەخشە بۆ گوندەكانی ناو ماستەرپلانی سلێمانی كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كاری لیژنەكان و كێشەو گرفتەكانیان گفتوگۆی لەبارەوە كراو چەند بریارێك بۆ باشتر بەرێوەچوونی كاری لیژنەكان پەسەند كرا.
پارێزگاری سلێمانی تەئكیدی لەسەر جێ بەجێ كردنی بریارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ دانانی نەخشەو بەناوكردنی خانووەكانی ئەو گوندانەی كەوتوونە سنوری ماستەرپلانی شارەوانی و زیادەرەویان لەسەر كراوە.
پارێزگار وتیشی: بریارەكە بۆ ئەوەیە ئەو هاووڵاتیانەی لەبەر هەژاری ناچار بوون پارچە زەویەك بە شێوەی زیادەرەوی لەناو سنوری ئەو گوندانەدا بكڕن، زەوییەكەیان بەناو بكرێت و بتوانن بەشێوەی یاسای مامەڵەی لەگەڵ بكەن، بەڵام هەر بە پێی ئەو بریارە ئەو كەسانەی زەوییەكانیان فرۆشتووە، رووبەرووی دادگا دەكرێنەوە.
پارێزگار راشیگەیاند: ئەو هاووڵاتیانەی لەسنوری دیاریكراوی گوندەكاندا سكاڵایان لەو نەخشەیە هەیە كە لەلایەن شارەوانییەوە دادەنرێت، سكاڵاكانیان لێ وەردەگیرێت و مافیان نافەوتێت.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا بریاردا پەلە بكرێت لە دانانی لیژنەیەكی باڵا بۆ یەكلایی كردنەوەی سكاڵاكان و ئەو رێگریانەی دێنەبەردەم دانانی نەخشەی گوندەكان و قەرەبووكردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی لە سنوری گوندەكاندا بەهۆی نەخشەكانەوە زیانیان پێدەگات ، هاوكات بە دادگا گەیاندنی ئەو كەسانەی زەویان بەزیادەرەوی فرۆشتووە.
جێگەی باسە نزیكەی 75 گوند دەكەونە ناو ماستەرپلانی سلێمانییەوە و زیاتر لە 35 گوند زیادەرەویان تێداكراوەو ژمارەیەكی زۆر خانوونیان تێدا دروستكراوە، بەجۆرێك نزیكەی 40 هەزار خانوونی زیادەرەو لەو گوندانە دروستكراون
بەپێی بریارێكی حكومەتی هەرێمیش نەخشە بۆ گوندانە دادەنرێت كە پێشتر سنورەكەیان دیاركراوەو پاش تەواوبوونی نەخشەكان خانووەكان لەسەر خاوەنەكانیان تۆمار دەكرێت و خاوەنەكانیان وەك سودمەندبوو لە حكومەتی هەرێم مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و پاشان ئەو گوندانە دەبنە گەڕەك لەسەر شاری سلێمانی .
لە ئێستادا لەرێگەی چەند لیژنەیەك شارەوانی سلێمانی و پارێزگای سلێمانی كاركردن بۆ دانانی نەخشەی ئەو گوندانە بەردەوامەو ژمارەیەكیان تەواو بووە.