سەنتەرێكی توێژنەوەی ئابوری و بازرگانیی بەریتانیا، وای بۆ دەچێت، عیراق بەپلەی 27 بێت لەریزبەندی 30 بەهێزترین وڵاتی جیهان لەبواری ئابوریی لە ساڵی 2028 دا، بەومەرجەی عیراق كێشە ئەمنیی و سیاسیەكانی چارەسەر كردبێت.
بەپێی راپۆرتێكی سەنتەرەكە كەناسراوە بە (CEBR) ،ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، عیراق دادەنرێت بە یەكێك لەو وڵاتانەی كە خێراترین گەشەی ئابوری دەكات لەجیهاندا، هۆكارەكەشی بۆ ئەو گەڕاندەوە كە رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەعیراق رۆژ لەدوای رۆژ لەزیاد بووندایە.
راپۆرتەكە ئەوەش دەخاتەڕوو كە پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2028 چین لەپلەی یەكی ئەو ریزبەندییەدا بێت بە رێژی گەشەی ئابوریی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) 33 تریلیۆن دۆلار و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش بەدوای ئەودا بەڕێژەی 32 تریلیۆن دۆلار بێت.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، سێ وڵاتی عەرەب لەریزبەندی 30 وڵاتە بەهێزەكەی جیهان لەڕووی ئابوریی دێن، كەبریتین لەعەرەبستانی سعودی لە پلەی 19 و میسر لە پلەی 22 و عیراق لەپلەی 27 ریزبەندییەكە، بەومەرجەی عیراق بتوانێت تا ئەوكاتە كێشە ئەمنی و سیاسیەكانی چارەسەر بكات.
لەساڵی 2013 عیراق بەپلەی 47 لەریزبەندی سەنتەری (CEBR) هات ، پێشبینیش دەكرێت ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی عیراق بەرز ببێتەوە بۆ 912 ملیار دۆلار تاساڵی 2028، ئەویش بەهۆی زیادبوونی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە عیراق.
خەندان