“پێكنه‌هێنانی‌ حكومه‌ت بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێمی سست كردوە “

ئه‌ندامێكی‌ مونته‌دای‌ ئابوری‌ كوردستان رایگه‌یاند: دوا كه‌وتنی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت ده‌بێته‌ هۆی‌ دواكه‌وتنی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2014 ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر بواری‌ وه‌به‌رهێنان و كه‌رتی‌ ئابوری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان و بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ تووشی‌ سست بوون كردووه‌.
‌ محه‌مه‌د كه‌ریم ئه‌ندامی‌ مونته‌دای‌ ئابوری‌ كوردستان بە نەوای راگەیاندوە: دواكه‌وتنی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت كاریگه‌ری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر دواكه‌وتنی‌ بودجه‌ی‌ 2014 ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵیش نزیكه‌ی‌ 15 ملیار دۆلار ده‌بێت ئه‌مه‌ش بڕێكی‌ كه‌م نییه‌ كه‌ ئێستا به‌هۆی‌ دواكه‌وتنی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ ناو بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، دواكه‌وتنه‌كه‌ش بوه‌ته‌ هۆی‌ سستی‌ بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێم.
محه‌مه‌د كه‌ریم وتیشی‌: ئه‌گه‌ر ئێستاش حكومه‌ت پێكبهێنرێت به‌ 3 مانگی‌ تر بودجه‌ په‌سه‌ند ناكرێت، چونكه‌ تا حكومه‌ت ئاماده‌ی‌ ده‌كات و دێته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ لانی‌ كه‌م 3 مانگی‌ ده‌وێت، كه‌واته‌ لانی‌ كه‌م تانزیكی‌ مانگی‌ نیسان و ئایاری‌ ئه‌مساڵ ئێمه‌ ده‌كه‌وینه‌ بۆشایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌، بۆیه‌ پێناچێت له‌مساڵدا بودجه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئه‌كتیڤ فریای‌ ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌وێت.