كۆمپانیای جینێڵ ئینێرجی ڕایگەیاند، بە هۆی ئە هێڵە نەوتییەوە كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا كێشراوە، كۆمپانیاكەیان ڕێژەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بەرزتر دەكەنەوە.
لە ڕاپۆرتێكیدا كە دوێنێ چوارشەممە بڵاوی كردووەتەوە، جینێڵ ئینێرجی بەرهەمهێنانی ساڵی ڕابردووی خستووەتە ڕوو كە 44 تا 55 هەزار بەرمیل نەوت بووە لە ڕۆژێكدا كە بەهاكەی گەیشتووەتە 350 ملیۆن دۆلار و هاوتای پێشبینیی كۆمپانیاكەیش بووە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، كۆمپانیاكە هەروەها پێشبینیی خۆیان بۆ ئەم ساڵ وەها دەخاتە ڕوو كە بەهەمهێنان لە نێوان 60 بۆ 70 هەزار بەرمیل نەوت بێت لە ڕۆژێكدا كە بەهاكەی لە نێوان 500 تا 600 ملیۆن دۆلار دەبێت.
كۆمپانیای جینێڵ ئینێرجی كە لە هەرێمی كوردستاندا كار لەسەر دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنی نەوت دەكات، پێشتر لە ڕێگەی تانكەرەوە نەوتی هەناردەی توركیا دەكرد.