شاسوار عه‌بدولواحید خاوه‌نی كه‌ناڵه‌كانی ئێن ئاڕتی و گروپی كۆمپانیاكانی نالیا، له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی تۆمارده‌كات، به‌هۆی “ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی” بڕێك پاره له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی.
شاسوار عه‌بدولواحید له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نوسیدا له‌باره‌گای كۆمپانیای نالیا له‌سلێمانی باسی له‌وه‌شكرد ئه‌و به شێوه‌یه‌كی یاسایی و له حسابی بانكی خۆیه‌وه له‌به‌ریتانیاوه ئه‌و پاره‌یه‌ی هێناوه‌و هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بووه‌و له‌ئێستادا به‌رپرسانی گومرگی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی كێشه‌یان بۆ پاره‌كه دروستكردووه.
راشیگه‌یاند “من پێموایه ئه‌م بڕیاره سیاسییه‌و نایانه‌وێت پاره بێته ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه”.
شاسوار عه‌بدولواحید ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد تائێستا هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر سوتاندنی كه‌ناڵی ئێن ئارتی و ته‌قه‌كردن له‌خۆی و فڕێدانی بۆمب بۆ سه‌ر كه‌ناڵه‌كه ده‌ستگیرنه‌كراوه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه ئه‌و وه‌كو وه‌به‌رهێنه‌رێك له‌م كاته‌دا كه بانكه‌كان پاره‌ی تێدا نه‌ماوه پاره‌ی هێناوه‌ته‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان “كه‌چی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، به حسابی خۆیان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه”.
شاسوار عه‌بدولواحید وتیشی “ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجی ئێمه‌شه ئه‌وه‌یه كه به‌شێك له راگه‌یاندنه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نگوینیان له داردا دۆزیبێته‌وه و وه‌ك ئه‌وه وایه تاوانێكی گه‌وره روویدابێت بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره ئه‌و هه‌موو پاره‌یه ده‌برێته ده‌ره‌وه كه‌س باسی ناكات به‌ڵام پاره‌یه‌ك بهێنیته وڵاته‌كه‌ی خۆته‌وه تاوانه”.
جه‌ختیشیكرده‌وه بێ باكه به‌رانبه‌ر ئه‌و كارانه‌ی به‌رانبه‌ری ده‌كرێن و له‌كه‌سیش ناترسێت وتی “سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌م به‌رامبه‌ر بكه‌ن منه‌تم به كه‌س نیه‌و له سلێمانی ده‌مێنمه‌وه”.