ئه‌وروپا.. بێكاری لەزیادبونی بەردەوامدایە

چه‌ند بڵاو كراوه‌یه‌كی ڕه‌سمی له‌ ناوچه‌ی یۆرۆ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ هێشتا دیارده‌ی بێ كاری له‌ به‌رزترین ئاستیدایه‌، به‌ جۆرێك كه‌ له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری پێشوو ڕێژه‌ی بێ كاری له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ 12.1% بووه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌یانه‌وێت به‌هۆی دراوی یۆرۆوه‌ باری ئابوری خۆیان ببوژێننه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری پێشوو پێشبینی ده‌كرا بۆ یه‌كه‌مجارو له‌ دوای سێ ساڵ له‌ داڕمانی ئابوری، رێژه‌ی بێ كاری له‌ ناوچه‌ی یۆرۆدا ڕوو له‌ كه‌مبوون بكات، به‌ڵام دوێنێ نوسینگه‌ی ئاماری ئه‌وروپی ناوسراو به‌ (یۆرۆ ستات) رایگه‌یاند كه‌ هێشتا دیارده‌ی بێ كاری له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ لوتكه‌دایه‌و ئه‌و رێژه‌یه‌ش له‌ مانگی نیسانی 2013 ه‌وه‌ هه‌تا ئێستا به‌ نه‌گۆڕی ماوه‌ته‌وه‌.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناوچه‌ی یۆرۆ له‌ ساڵی رابردوودا هه‌وڵه‌كانیان بۆ نه‌هێشتنی سستی ئاستی ئابوری خسته‌گه‌ڕ،  به‌ڵام هێشتا ئاستی بێكاری له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌و له‌ مانگی فێبرایه‌ری 2011 هه‌تا ئێستا ئه‌و ڕێژه‌یه‌ دابه‌زینی به‌ خۆوه‌ نه‌بینیوه‌.
هه‌روه‌ها به‌ پێی ئاماره‌ ره‌سمییه‌كانی یۆرۆ ستات‌ له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری پێشوو 19 ملیۆن و 241 هه‌زار هاووڵاتی ناوچه‌ی یۆرۆ بێ كاربوون له‌ كاتێكدا كه‌ وڵاتانی ناوچه‌ی یۆرۆ له‌ 17 ده‌وڵه‌ت پێكهاتوون،پێش ئه‌وه‌ی وڵاتی لاتیڤیا به‌ ڕه‌سمی بچێته‌ سه‌ر ناوچه‌ی یۆرۆ.
به‌پێی ئاماره‌كانیش وڵاتانی نه‌مساو ئه‌ڵمانیا كه‌مترین دیارده‌ی بێ كارییان تێدایه‌ كه‌ ته‌نها له‌ 5% ، ه‌ له‌ كاتێكدا رێژه‌ی بێ كاری له‌ وڵاتانی ئیسپانیاو یۆنان گه‌شتۆته‌ له‌ 27% .
به‌ڵام له‌ نێو وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپادا رێژه‌ی بێ كاری گۆڕانكارییه‌كی كه‌می به‌سه‌رداهاتووه‌و له‌ مانگی تشرینی دووه‌می 2013 ه‌وه‌ به‌ رێژه‌ی له‌ 10.9% تۆمار كراوه‌، كه‌ به‌ پێی ئه‌م رێژه‌یه‌ش بێت 26 ملیۆن و 553 هه‌زار كه‌س له‌ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بێ كارن و له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری پێشووی هه‌تا ئێستا 19 هه‌زار كه‌س له‌و وڵاتانه‌ بێ كار بوون.