” تا ئه‌مڕۆ كورد نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌بتوانێت په‌ترۆڵ‌وسه‌رچاوه‌ی‌ وزه‌، وه‌ك كارت به‌كاربهێنێت ‌”

كاریگه‌ری یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا
*له‌دوای‌ دروستبونی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا له‌ناوه‌ڕاستی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردو، كه‌زۆرێك له‌وڵاتانی‌ به‌هێزی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌ ئه‌وروپای‌ له‌خۆگرت، به‌تایبه‌ت ئه‌وروپای‌ رۆژئاوا، بێجگه‌ له‌به‌ریتانیا، ئایا كاریگه‌ری‌‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌شۆڕشی‌ كورد له‌به‌شه‌ جیاوازه‌كانی‌ كوردستان چی‌ بوو، له‌سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م؟
-دوای‌ دروستبونی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا، هیچ كاریگه‌ری‌ نه‌بووه‌ له‌سه‌ر دۆزی‌ كوردو هیچ گۆڕانكارییه‌كیش سه‌رنج نه‌دراوه‌ به‌رامبه‌ر شۆڕشی‌ كورد، لای‌ رۆژئاوا مه‌سه‌له‌ی‌ كورد وه‌ك شتێكی‌ ناوخۆیی‌ داده‌نرا، به‌تایبه‌تی‌ له‌ماوه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ساردا.
هیچ هه‌وڵێكی‌ جیدی‌ نه‌دراوه‌ بۆ پاڵپشتی‌ كورد له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ ئه‌ورپاوه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ر هاوسۆزییه‌كیش هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌كورد ئه‌وا له‌سه‌ر ئاستی‌ تاقه‌ وڵات‌و كه‌سان بوه‌ نه‌وه‌ك وه‌ك رێكخراوی‌ «EU»  باسكردنی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كوردیش زۆربه‌ی‌ كاته‌كان له‌و ساتانه‌دا بووه‌ كه‌ هاتنی‌ توركیا بۆ ناو «EU» تاوتوێ‌ كراوه‌.
یه‌كێتیه‌كی‌ ئابوری‌
*یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا رێكخراوێكه‌ ته‌نها بۆ هاریكاری‌ ئابوری‌‌و به‌رگری‌ دروست بووه‌، یان ئه‌م رێكخراوه‌ خاوه‌ن هێزێكی‌ سیاسیشه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌وروپا؟
-له‌ساڵی‌ 1950 سیاسه‌تمه‌دارێكی‌ فه‌ڕه‌نسی‌ به‌ناوی‌ «رۆبه‌رت شۆمان» پێشنیاریكرد كه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ ئه‌وروپی‌ دروستبكرێت كه‌ ئامانجی‌ دابینكردنی‌ ئاشتی‌ بێت له‌ئه‌وروپادا، له‌مارسی‌ 1957 دا هاوپه‌یمانی‌ رۆما واژۆكرا بۆ دروستبونی‌ EEC له‌سه‌ر بنه‌مای‌ بازاڕێكی‌ هاوبه‌شی‌ بنكه‌ فراوان، هه‌روه‌ها كۆتایی‌ به‌شه‌ڕ بهێنێت‌و یه‌كگرتنی‌ كیشوه‌ری‌ ئه‌وروپای‌ له‌چاوده‌گرت.
ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م رێكخراوه‌ ئابوری‌ بوه‌و له‌هه‌مان كاتدا كاریگه‌ری‌ سیاسی‌ هه‌بوو به‌تایبه‌تی‌ له‌ماوه‌ی‌ شه‌ڕی‌ سارددا، هه‌ر وڵاتێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ ئه‌ندام له‌یه‌كگرتوی‌ ئه‌وروپا ده‌بوایه‌ هیچ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوی‌ سۆڤیه‌ت نه‌بێت‌و په‌یڕه‌وی‌ دیموكراتیه‌ت بكه‌ن له‌وڵاتی‌ خۆیان، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ یه‌ك له‌هۆكاره‌كان ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ چونی‌ توركیا بۆ EU مه‌سه‌له‌ی‌ دیموكراسی‌ بوه‌و له‌م كاتانه‌دا باسی‌ كورد كراوه‌و ته‌نها كوردانی‌ باكور.
په‌یوه‌ندی ئه‌وروپاو كوردستان
*له‌دوای‌ ساڵی‌ (2003) ه‌وه‌ نه‌مانی‌ رژێمی‌ به‌عس‌و به‌هێزبوونی‌ پێگه‌ی‌ كورد له‌باشوری‌ كوردستان، په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئه‌م یه‌كێتیه‌و هه‌رێم چی‌ گۆڕانێكی‌ به‌سه‌رهات؟
-تائێستا به‌گشتی‌ هیچ بۆچونێكی‌ دیاریكراو نییه‌ له‌لایه‌ن EU له‌گه‌ڵ كوردو حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ تائێستا هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ تاقه‌ وڵات‌و كه‌سانێك دان، بۆ نموونه‌ په‌یوه‌ندی‌ وڵاتانی‌ فه‌ڕه‌نساو ئیتالیاو وڵاتانی‌ تر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و پێشاندانی‌ هاوسۆزی‌ له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد.
زۆربه‌ی‌ ئه‌و كۆمپانیا ئه‌وروپیانه‌ كه‌ له‌كوردستان كارده‌كه‌ن زۆربه‌یان كۆمپانیای‌ بچوكن‌و له‌هه‌ر سه‌ردانێكی‌ ئه‌ندام‌و سه‌ركرده‌ی‌ EU بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وان واره‌فتار ده‌كه‌ن كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كورد له‌چوارچێوه‌ی‌ عیراق ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده‌ چه‌نده‌ها كونسوڵگه‌ری‌ ئه‌وروپی‌ له‌كوردستان كراوه‌ته‌وه‌، دیسانه‌ كه‌ ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ وڵاتی‌ تاك تاكه‌و تائێستا EU هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ راسته‌وخۆی‌ له‌گه‌ڵ كوردستان نییه‌، كاركردنی‌ ئه‌م كۆمپانیانه‌ له‌كوردستان‌و هه‌بونی‌ كۆنسۆڵگه‌ری‌ له‌كوردستان له‌وانه‌یه‌ رێگه‌ خۆشكه‌ربێت بۆ دروستبونی‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌.
پێگه‌ی‌ ئابوری‌ كوردستان
*ئایا به‌هێزبوونی‌ پێگه‌ی‌ ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تا چ راده‌یه‌ك بۆته‌ مایه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ به‌هێز له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا به‌قازانجی‌ كێشه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كورد؟ هه‌روه‌ها ئایه‌ هه‌رێم توانیوێتی‌ به‌و كارته‌ ئابوریه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ له‌وجۆره‌ دروستبكات، له‌كاتێكدا ئه‌م یه‌كێتیه‌ پێویستی‌ به‌سه‌رچاوه‌ی‌ وزه‌یه‌ بۆ رزگاربون له‌كاریگه‌ری‌‌و فشاری‌ روسیا؟
-راسته‌ ئه‌و پێگه‌ ئابورییه‌ كوردستان‌و پێویستی‌ رۆژئاوا به‌سه‌رچاوه‌ی‌ ووزه‌ بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كوردستان له‌چاو بگرن‌و زۆر كۆمپانیای‌ ئه‌وروپی‌ له‌كوردستان كارده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وروپا وه‌ك ئه‌مریكا نییه‌و له‌ئه‌وروپا كۆمپانیاو خاوه‌ن سه‌رمایه‌داره‌كان رۆڵێكی‌ گه‌وره‌یان نییه‌ له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌م وڵاتانه‌.
تا ئه‌مڕۆ كورد نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ بتوانێت په‌ترۆڵ‌و سه‌رچاوه‌ی‌ وزه‌ وه‌ك كارت به‌كاربهێنرێت، ئێمه‌ ده‌توانین داوا له‌و كۆمپانیانه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌كوردستان وه‌به‌رهێن‌و به‌و هیوایه‌ی‌ كه‌ له‌دوارۆژدا رۆڵیان هه‌بێت له‌پارێزگاریكردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و پاڵپشتی‌ له‌دروستبونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌.
هۆكاری پشتگوێخستنی‌ داوای توركیا
*له‌پرسی‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌باكوری‌ كوردستان زیاتر كاریگه‌ری‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا ده‌بینین‌و وڵاتانی‌ ئه‌و یه‌كێتیه‌ چاودێرێكی‌ به‌رده‌وامی‌ ئه‌و پرسه‌ن، ئه‌مه‌ چی‌ هۆكارێكی‌ هه‌یه‌، ئایا هۆكار پێگه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیاو نیازی‌ چونه‌ ئه‌و یه‌كێتیه‌یه‌تی‌، یان به‌هێزی‌ جالیه‌ی‌ كوردانی‌ باكوره‌ له‌ئه‌وروپا؟
-وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌ زۆر روونه‌، توركیا چه‌نده‌ها ساڵه‌ داوای‌ ئه‌ندامییه‌تی‌ EU ده‌كات‌و بۆ چه‌ند هۆیه‌ك ئه‌م داوایه‌ پشتگوێ‌ خراوه‌، یه‌ك له‌م هۆیانه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كوردی‌ باكوره‌ «ئه‌مه‌ش گرنگترینی‌ هۆیه‌كان نین».
هۆی‌ گرنگتر وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌ندامێتی‌ EU كریستیانی‌ توندره‌ون‌و حه‌ز ناكه‌ن وڵاتێكی‌ ئیسلامی‌ بێته‌ ناو یه‌كێتی‌ ئه‌وروپاو ژماره‌ی‌ موسوڵمانانی‌ ئه‌وروپا زیاد بكات، جگه‌ له‌وه‌ی‌ تا ئه‌م دواییه‌ باری‌ ئابوری‌ توركیا باش نه‌بوه‌و بارێكی‌ قورسی‌ ده‌خسته‌ سه‌ر EU.
گۆڕانی ئابوری و دیموكراسی له‌توركیا
*ئایا ئه‌گه‌ر توركیا بچێته‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا، چی‌ جۆره‌ كاریگه‌ریه‌كی‌ له‌سه‌ر پرسی‌ كورد ده‌بێت به‌گشتی‌‌و به‌تایبه‌تی‌ له‌باكور؟ ئایا ئه‌مه‌ رێگه‌یه‌كیش ده‌بێت تا كوردیش هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌وروپابوون بنێت؟
-هه‌رچه‌نده‌ زه‌حمه‌ته‌ كه‌وا توركیا ببێت به‌ئه‌ندامی‌ EU به‌تایبه‌تی‌ حكومه‌تی‌ ئێستای‌ توركیا كه‌ بۆچونێكی‌ ئیسلامی‌ هه‌یه‌و به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات ده‌ڕوات.
به‌ڵام گریمان توركیا بوو به‌ئه‌ندامی‌ EU ، ئه‌وا مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیا زۆر گۆڕانی‌ ئابوری‌‌و سیاسی‌ به‌سه‌رهاتوه‌و دۆزی‌ دیموكراسی‌ زۆر باش بووه‌، دیسان هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی‌ EU له‌گه‌ڵ كورد له‌چوارچێوه‌ی‌ وڵاتی‌ توركیا ده‌بێت.
 

كوردستانی نوێ‌