حکومەتی ھەرێم یەکەم گرێبەست بۆ فرۆشتنی نەوت ئیمزا دەکات

حکومەتی ھەرێم لە رێی تورکیاوە ھەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوە دەستپێکرد. لەوبارەیەوە لە بەیاننامەیەکدا کۆمپانیای (کۆمو) کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بەفرۆشتنی نەوتی ھەرێم و سەر بەوەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمە، رایگەیاندووە کە، حکومەتی ھەرێم تا کۆتایی ئەم مانگە ٢ ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێی تورکیاوە رەوانەی دەرەوە دەکات.
ئاماژە بەوەش کراوە کە، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە بگاتە ١٠ بۆ ١٢ ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا.
ھەر لە بەیاننامەکەی کۆمپانیای کۆمۆدا ھاتووە کە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ئایندەیەکی نزێکدا یەکەم گرێبەست بۆ فرۆشتنی نەوت ئیمزا دەکات بەپێی پێوەرە جیھانییەکان.