چەند رۆژێك لە عێراق بەهەڵە باجی گومرگ لەسەر کەلوپەلە هاوردەکان جێبەجێ دەکرێت.
د.خەیروڵا حەسەن، وەزیری بازرگانی عێراق بە ( تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندوە، وەزارەتی دارایی عێراق، بەهەڵە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی لە بارەی باجی گومرگی لەسەر کەلوپەلە هاوردەکان جێبەجێکردووە.
وەزیری بازرگانی عێراق روونیدەکاتەوە، سێ رۆژە وەزارەتی دارایی عێراق باج لەسەر هەموو کەلوپەلێک وەردەگرێت، کەچی ئەنجوومەنی وەزیران پێشتر بڕیاریدابوو باج لەسەر خۆراک و کەلوپەلی بیناسازی و جلوبەرگ و ئەو کەلوپەلانە دەچنە نێو پیشەسازی وەرنەگیرێ.
وەزیرەکەی عێراق رەتیکردەوە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری باجی گومرگی هەموار کرابێتەوە، بەڵکو جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە کراوەتەوە بەو پێیەی کە نابێ باج لەسەر ئەو کەلوپەلانەی کە باس کران وەربگیرێت.ئەمە لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی بە هەڵە بڕیارەکەی جێبەجێیکردووە و باجی لەسەر هەموو کەلوپەلێک وەرگرتووە.
حکومەتی عێراق لە ساڵی 2014ەوە، باجی گومرگی لەسەر کەلوپەلە هاوردەکان سەپاندووە، کە رێژەی 20% تێپەڕناکات. ئەو بڕیارە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.