کۆمپانیای سامسۆنگ ئەلیکترۆنیک، كە گەورەترین کۆمپانیای تەکنۆلۆژیای کیشوەری ئاسیایە، بە نیازی گواستنەوەی تەکنۆلۆژیاکەیەتی بۆ پیشەسازی ئۆتۆمبێل.
سامسۆنگ کە لە هەر سێ مۆبایل کە لە جیهاندا دەفرۆشرێت یەکێکیان لە بەرهەمهێنانی ئەو کۆمپانیایە، پاش ئەوەی کە بازاڕی مۆبایل رووبەڕووی سستی بووەتەوە، روویکردووەتە بازاڕی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و بەنیازە بە پێدانی تەکنۆلۆژیا بەرنامەی بەکارخستنی ئۆتۆمبێلەکان، هاوکارییەکانی لەگەڵ کۆمپانیای ئاودی، تۆیۆتا، جەنەراڵ مۆتۆرز دەستپێبکات.
لی سوینگ هوو، شارەزایەکی کۆمپانیای سامسۆنگە لە سیۆلی کۆریای باشوور رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان بەنیازی گواستنەوەی تەکنۆلۆژیای مۆبایلە بۆ ناو پیشەسازی ئۆتۆمبێل”.
گوتیشی:” پێشتر هاووڵاتیان ئۆتۆمبێلیان بە مەبەستی گواستنەوە بەكاردەهێنا، بەڵام ئێستا دەیانەوێت چێژی لێوەربگرن و بتوانن لە نێو ئۆتۆمبێلەکانیان دەستیان بگاتە ئینتەرنێت.
سامسۆنگ بەنیازی دابینکردنی بەرنامەی کۆمپیوتەری سەر شاشەکانی ئۆتۆمبێلە، بەمەبەستی بەکارهێنانی نەخشە و رێنوینیکردنی شۆفێران.