ئێران نرخی دۆلار لە ناوخۆیدا دادەبەزێنێت

حكومه‌تی ئێران له‌ بودجه‌ی ساڵی داهاتووی هه‌تاویدا نرخی یه‌ك دۆلاری بۆ نزیكه‌ی 2 هه‌زار و 650 تمه‌ن دابه‌زاندووه‌.
عه‌لی ره‌زا ساڵح، به‌رپرس له‌ به‌شی بودجه‌ و پلاندانانی سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئێران رایگه‌یاند: نرخی دۆلار له‌ بودجه‌ی ساڵی داهاتووی هه‌تاوی ئه‌و وڵاته‌دا به‌ 2 هه‌زار و 640 تمه‌ن دیاری كراوه‌، وتیشی: حكومه‌ت كۆتایی به‌ سیستمی چه‌ند نرخیی دراوه‌كان ده‌هێنێت.
به‌ پێی ئه‌و سیستمی چه‌ند نرخییه‌، دۆلار و دراوه‌ بیانیه‌كانی تر جیا له‌ نرخی بازاڕ، چه‌ند نرخێكی ره‌سمیان هه‌یه‌، كه‌ كه‌متره‌ له‌ نرخی بازاڕ و به‌شێوه‌یه‌كی سنوردار دراوه‌ بیانیه‌كان به‌و نرخانه‌ ده‌درێته‌ بازرگانان و هاورده‌كاران، هه‌روه‌ها ئه‌و خوێندكارانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌خوێنن.
چاودێرانی ئابوری بوونی ئه‌و سیستمه‌ چه‌ند نرخییه‌ به‌ هۆكاری بێسه‌روبه‌ره‌یی بازاڕی دراوی ئێران ناوده‌بن. 
دوابه‌دوای توندتربوونه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌مریكا و ئه‌روپا بۆ سه‌ر ئێران له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو، نرخی تمه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر دراوه‌ جیهانیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خێرا دابه‌زینی به‌خۆوه‌ بینی، به‌ڵام دوای رێكه‌وتنی ئێران و وڵاتانی كۆمه‌ڵه‌ی 5 كۆ یه‌ك له‌ سه‌ر به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی حكومه‌تی تاران، نرخی دۆلارێك له‌ 3 هه‌زار تمه‌ندا جێگیر بوو، پێده‌چێت له‌ ماوه‌ی داهاتوودا ئه‌و نرخه‌ زیاتر دابه‌زێت.