پاش ئەوەی كە كۆمپانیای ئۆتۆمبێلسازی فیات رایگەیاند هەموو پشكەكانی كۆمپانیای كرایسلەری ئەمریكی دەكڕێت، پشكەكانی لە بازاڕی بۆرسەدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
كۆمپانیای فیات لە سەرەتای ساڵی نوێ رایگەیاند بەبێ ئەوەی پێویستی بە راكێشانی سەرمایەی زۆرتر هەبێ، دەتوانێت هەموو پشكەكانی كۆمپانیای كرایسلەر بكڕێتەوە.
پاش ئەو راگەیاندنە، پشكەكانی كۆمپانیای فیات بە رێژەی لەسەدا 15 بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
فیات رایگەیاندووە كە لەسەدا 41.5 ی پشكەكانی كرایسلەر كە ماوەتەوە دەكڕێت و سەرەتا بڕی 1.75 ملیار دۆلار وەك كاش دەداتە ئەو كۆمپانیایە. 1.9 ملیار دۆلاری دیكەش كە دەمێنێتەوە بە چەندین جار لە داهاتوودا رادەستی ئەو كۆمپانیایە دەكات.
سیزار پۆزی، مامۆستایەكی ئابووری لە زانكۆی لویسی رۆما رایدەگەیەنێت كە ئەو مامەڵەیە هەلی زۆر لەبەردەم فیات دەكاتەوە.
بەو وەبەرهێنانە گەورەیە چاوەڕواندەكرێت فیات دەستبكات بە درووستكردنی مۆدێلی هەمەڕەنگ و جۆراوجۆری ئۆتۆمبێل.