پاش رێككەوتنی سەرەتایی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر پرسە ئەتۆمییەكەی، بەرپرسانی ئەو وڵاتە هیوادارن كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت بگەڕێنەوە ئێران و بەشدار بن لە كاری دۆزینەوەو پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوت. هەرچەندە بنەمای پیشەسازیی نەوت لە ئێران بە درێژایی زیاتر لە 100 ساڵ لە لەدایكبوونی، بەتایبەتی لەڕووی زانستی و ئەكادیمی زۆر پتەوە، بەڵام پیشەسازیی نەوت لە جیهاندا بەبێ تەكنۆلۆجیای نوێ و پێشكەوتوو سەركەوتوو نابێت.
گرنگیدان بە بەشداركردنی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت بۆ پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە زۆر روون و ئاشكرایە، بۆیە وەزیری نوێی نەوتی ئێران، بێژەن زەنگەنە هەوڵەكانی خۆی چڕكردووەتەوە بۆ هێنانەوەی ئەو كۆمپانیایانە. زەنگەنە لە پەیجی فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی “كۆمپانیا بەناوبانگەكانی نەوت هیوادارن پاش هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەكان بگەڕێنەوە بۆ ئێران.”
بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی نەوتی ئێران سەرقاڵی ئاسانكردنی هەلومەرجەكان و هەروەها پێداچوونەوەی چوارچێوەی گرێبەستە نەوتییەكانی ئەو وڵاتەیە بۆ ئەوەی هانی كۆمپانیا نەوتییەكان بدات بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی نەوتی ئەو وڵاتەدا. پاش توندبوونی سزا نێودەوڵەتییەكان لە ساڵی 2010 لەسەر ئێران، كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت بەتەواوەتی چالاكییەكانیان لەو وڵاتە راگرت، ئەوەش بۆشاییەكی تەكنیكی و دارایی زۆری لە كەرتی نەوتی ئێراندا دروستكرد.
كۆمپانیا بەناوبانگەكانی وەك رۆیاڵ داچ شێل و كۆمپانیای تۆتاڵ و ستات ئۆیڵ بە چڕی بەشداربوون لە پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوت و گازی ئێران بەتایبەت كێڵگەی گازی پارسی باشوور كە گەورەترین كێڵگەی گازی جیهانە و لە نێوان ئێران و قەتەر لە ژێر كەنداوی فارسدا هاوبەشە، گەورەیی ئەو كێڵگەیە تا رادەیەكە كە دەتوانێت پێویستی 10 ساڵی هەموو گۆی زەوی بە گازی سروشتی دابین بكات. بەشداریی كۆمپانیاكانی نێودەوڵەتی نەوت لە پەرەپێدانی قۆناغەكانی جیاجیای كێڵگەی گازی پارسی باشوور، پێش توندبوونی سزاكانی سەر ئێران تا رادەیەك بوو كە دواكەوتنی ئێرانی لە وڵاتی قەتەر لەپەرەپێدانی ئەو كێڵگە هاوبەشەدا قەرەبووكردەوە.
من كە خۆم لە قۆناغەكانی چوار و پێنجی ئەو كێڵگەیە وەك ئەندازیاری چاودێر لە سەرەتای پرۆژەكە تا جێبەجێكردنی تەواوی، لەگەڵ كۆمپانیای یەنی ئیتالی كارم دەكرد، سەرسام بووم بەو هەموو پێشكەوتنەی كە لەو كێڵگەیە دەهاتە دی، هەر ساڵ یەك قۆناغی ئەو كێڵگەیە لەلایەن كۆمپانیا بیانییەكان جێبەجێ دەكرا، ئەوە لە كاتێكدا بوو كە وەكو تاقیكردنەوە قۆناغی یەكەمی ئەو كێڵگەیە درابوو بە كۆمپانیایەكی ئێرانی و بە پێنج ساڵ نەیتوانی جێبەجێی بكات.
پێشكەوتنەكانی كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و یەنی ئیتالی و ستات ئۆیلی نەرویجی و ئێڵ جی كۆری لە نێوان ساڵەكانی 1997 تا 2009 لە پەرەپێدانی قۆناغەكانی دوو تا دەی كێڵگەی پارسی باشوور هێندە بەرچاو بوو كە بەرپرسانی ئێرانی رایاندەگەیاند بەنیازی دامەزراندنی شارستانیەتێكی نوێن لەو ناوچەیەدا.
كێڵگەی پارسی باشوور كە دابەش دەبێت بۆ 27 قۆناغ، بەیارمەتی كۆمپانیا بیانییەكان لەماوەی 10 ساڵ، 10 قۆناغی جێبەجێ كرا، بەڵام چی روویدا پاش ئەوەی كە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان لەبەر توندبوونی سزاكان ئەو وڵاتەیان جێهێشت، لە ساڵی 2009 بەدواوە پەرەپێدانی ئەو 17 قۆناغەی مابوو درایە كۆمپانیا ناوخۆییەكان و تا ئێستاش نەتوانراوە هیچ كامەیان جێبەجێ بكرێن.
لەلایەكی دیكەوە، نەمانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت لە ئێران زیانێكی زۆری بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە گەیاند. لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران دابەزی بۆ رۆژانە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل، ئەو رێژەیە تەنانەت كەمترە لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە ساڵی 1989 ، ئەوكات كە بەهۆی شەڕی ئێران و عێراق كەرتی نەوتی ئەو وڵاتە تووشی كێشەی گەورە هاتبوو. پێش كارابوونی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان لە ساڵی 2011 ، ئێران رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەم دەهێنا.
ئەوەش لە كاتێكدا بەهاتنە سەركاری حكومەتی نوێی ریفۆرمخواز لە ئێران و وەزیرێكی بە ئەزموون لەو وڵاتە، تەنانەت پاش لادانی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان، هێشتا كۆمپانیاكانی نەوت دوو دڵن لەوەی بگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتە. ئەوان نیگەرانی ئەو مەرجانەن كە ئێران لە گرێبەستەكانی پێشوودا پەیڕەوی كردووە، لەبەر ئەوەیە كە وەزارەتی نەوتی ئێران بە ئومێدی هێنانەوەی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت بەڵێنی داوە شێوازی گرێبەستەكانی لە قازانجی كۆمپانیاكان بگۆڕێت و لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو چوارچێوەی نوێی گرێبەستەكانی بە رەسمی رابگەیەنێت.
روداو