دوای (22) ساڵو پێدانی (25) ملیار دۆلار وەكو قەرەبوو بەكوەیتو پاش دەیەیەك لەروخانی رژێمی سەدام حسێن، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان عێراقی لەژێر بەندو باری بەندی 7 دەركرد.
ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری داگیر كردنی كوەیت لەلایەن رژێمی سەدامەوە، كە لە(2/8/1990)دا، حكومەتی ئەوكاتی عێراق لەپێشهاتێكی چاوەڕواننەكراودا پەلاماری كوەیتی داو داگیری كرد، ئەم روداوەش ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوای ناچاركرد بەهێزی سەربازی عێراق لەكوەیت دەرپەڕێنن، دواتریش عێراقیان خستە ژێر كۆتو بەندەكانی بەندی حەوتەمی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە. ئەم بەندەش تایبەتە بەسەپاندنی گەمارۆی ئابوریو سیاسیو سەربازیو بازرگانی، بەسەر ئەو وڵاتانەی دەبنە هەڕەشە لەسەر ئاشتی جیهانیو دوژمنایەتی دەخوڵقێنن.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، لەكۆبونەوەی رۆژی (3/4/1991) بڕیاری (678)ی بەسەر عێراقدا سەپاند كە (34) مادەی لەخۆگرتبوو، لەوانەش (13) مادەی بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان.
بە هەڵگرتنی بەندی حەوتەم، سەرجەم پارە بلۆككراوەكانی عێراق لە بانكە نێودەوڵەتیەكاندا دەگەڕێتەوە كە بەدەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، عێراقیش وەك ئەندامێكی كاریگەرو بڕیاردەر دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتیو ئەندامێتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان. هەروەها عێراق وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی تەواو مافی ئاڵوگۆری بازرگانییو گواستنەوەو بەكارهێنانیی دەبێت لەڕێگەی دەریاییو ئاسمانیی، سەرباری رێگەپێدانی بەكڕینی چەك بۆ پڕچەككردنی سوپاكەی.