ورده‌کاریی گه‌نده‌ڵیی وه‌زیره‌ عیراقییه‌کان له‌ گرێبه‌سته‌که‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ عیراق‌و رووسیا

سادق موسه‌وی‌، سه‌رۆکی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ عیراق بۆ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، که‌ هاوکات یه‌کێکه‌ له‌ سیاسییه‌ شیعه‌کان‌و له‌ ئێستادا نیشته‌جێی به‌ریتانیایه‌، له‌سه‌ر په‌یجی تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یس بوک، ورده‌کاری‌ گه‌نده‌ڵیکردنی‌ وه‌زیر‌و به‌رپرسه‌ عیراقییه‌ تێوه‌گلاوه‌کان له‌ کڕینی چه‌ک له‌ رووسیا ئاشکرا ده‌کات.
به‌پێی زانیارییه‌کانی‌ سادق موسه‌وی‌، که‌ به‌وته‌ی‌ خۆی‌ دوای‌ هه‌وڵ‌و ماندووبوونێکی‌ زۆر توانی‌ ته‌واوی‌ ورده‌کارییه‌کان له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌که‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و نووسینگه‌ی‌ ئه‌میندارێتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌ستبکه‌وێت، هه‌ریه‌ک له‌: سه‌عدون دلێمی‌، وه‌زیری به‌رگری‌ (به‌ وه‌کاله‌ت) و عه‌لی‌ ده‌باغ، وته‌بێژی‌ حکومه‌تی‌ عیراق و عه‌بدولعه‌زیز به‌دری، فه‌رمانبه‌ر له‌ نووسینگه‌ی‌ دیوانی‌ سه‌رۆکایه‌تی‌ کۆمار، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ هاوڕێ کۆنه‌کانی‌ سه‌عدون دلێمی‌، له‌و گه‌نده‌ڵییه‌دا تێوه‌گلاون.
هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌کانی‌ موسه‌وی‌، دوێنی‌ یه‌کشه‌ممه‌ (11ی‌ تشرینی یه‌که‌م) نوری‌ مالیکی، سه‌رۆکی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران داوای‌ له‌ عه‌لی‌ ده‌باغ، وته‌بێژی‌ حکومه‌ت کردووه‌ ده‌ستله‌کاربکێشێته‌وه‌.
سه‌رۆکی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ عیراق بۆ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، ده‌نووسێت:”بڕی‌ گه‌نده‌ڵییه‌که‌ بریتییه‌ له‌ (195) ملیۆن دۆلار که‌ له‌لایه‌ن روسیاوه‌ به‌ ژماره‌یه‌ک به‌رپرس ده‌درێت‌و ئه‌و پاره‌یه‌ به‌شی‌ چوار ئۆردوگای‌ نیشته‌جێکردن ده‌کات”.
سه‌ره‌تای‌ گه‌نده‌ڵییه‌که‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وکاته‌ی‌، سه‌عدون دلێمی‌، وه‌زیری به‌رگری‌ عیراق (به‌وه‌کاله‌ت)، له‌ مانگی‌ (ئاب)ی‌ رابردوودا خۆی‌ وه‌کو نه‌خۆش نیشانداوه‌‌و داوای‌ مۆڵه‌تی‌ کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆ چاره‌سه‌ر رووبکاته‌ به‌ریتانیا، موسه‌وی‌ ده‌نووسێت:”ئه‌وکات مانگی‌ ره‌مه‌زان بوو، دلێمی‌ له‌ له‌نده‌ن_ه‌وه‌  چوو بۆ مۆسکۆ ‌و ماوه‌ی‌ (21) رۆژ مایه‌وه‌، له‌وێ هه‌موو کارێکی‌ رێکخست‌و له‌ رێگه‌ی‌ نێوه‌ندگیره‌ لوبنانییه‌کانه‌وه‌ به‌رتیله‌که‌ی‌ له‌ بانکه‌‌کانی‌ لوبنان دابه‌شکرد، که‌ یه‌کێک له‌و نێوه‌ندگیرانه‌ ئه‌وکات له‌ مۆسکۆ بوو”.
سادق موسه‌وی‌، ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، که‌ عه‌بدولعه‌زیز به‌دری، فه‌رمانبه‌رێکی‌ پله‌ نزم بوو له‌ فه‌رمانگه‌ی‌ مه‌راسیم له‌ سه‌رۆکایه‌تی‌ کۆمار‌و له‌ سه‌رده‌می‌ پۆل برێمه‌ر دامه‌زرا، دواتر گوازرایه‌وه‌ بۆ فه‌رمانگه‌ی‌ مه‌راسیمی ئه‌نجومه‌نی‌ حوکم، پاشان له‌سه‌رده‌می‌ غازی عجێل یاوه‌ر، بۆ مه‌راسیمی سه‌رۆکایه‌تی‌ کۆمار گوازرایه‌وه‌، تائێستاش ره‌گه‌زنامه‌ی‌ ئه‌مریکی و سعودی هه‌یه‌، چونکه‌ باوکی‌ له‌ سعودیه‌ ده‌ژی‌ و هاوڕێی نزیکی باوکی‌ سه‌عدون دلێمییه‌.
وه‌ک موسه‌وی‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌، به‌دری‌، ده‌ڕواته‌ له‌نده‌ن‌و په‌یوه‌ندی به‌ دلێمی_یه‌وه‌ ده‌کات، ئه‌ویش فیزه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ بۆ وه‌رده‌گرێت‌و به‌ فڕۆکه‌ ده‌چێت بۆ مۆسکۆ.
سادق موسه‌وی‌، ده‌نووسێت:”لێره‌وه‌ رۆڵی‌ عه‌لی‌ ده‌باغ ده‌رده‌که‌وێت، کاتێک هه‌ردوو هاوڕێی (سه‌عدون دلێمی‌ و عه‌بدولعه‌زیز به‌دری‌) دیار نامێنن، به‌ مۆبایل نامه‌یه‌ک بۆ به‌دری‌ ده‌نێرێت‌و تیایدا ئه‌حواڵ پرسینی لێده‌کات‌و ده‌پرسێت: رۆژه‌کانت چۆن به‌سه‌ر ده‌به‌یت”
وه‌ک ئاماژه‌ی‌ پێده‌دا، ده‌باغ به‌ وه‌ڵامه‌که‌ی‌ به‌دری‌ سه‌ری سوڕده‌مێنێت به‌وه‌ی‌ له‌ مۆسکۆوه‌ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌، بۆیه‌ عه‌لی‌ ده‌باغ به‌ زیره‌کی‌ خۆی‌ تێده‌گات چی ده‌گوزه‌رێت‌و به‌ شێوازێکی‌ تایبه‌ت که‌ له‌ وه‌ڵامدا شوێنی‌ ئه‌و که‌سه‌ ئاشکرا ده‌کات وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌، نامه‌یه‌ک بۆ سه‌عدون دلێمی‌ ده‌نێرێت، لێره‌دا ده‌باغ، له‌ رێگه‌ی‌ سه‌رچاوه‌کانییه‌وه‌ ته‌ئکید ده‌بێته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ دلێمی‌ له‌ مۆسکۆیه‌، به‌ڵام لێره‌وه‌ ئاسه‌واری‌ عه‌لی‌ ده‌باغ، له‌ پرۆسه‌که‌دا دیار نامێنێت.
سادق موسه‌وی‌، ده‌نووسێت:”ئه‌و ناوانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ڤلادیمیر پۆتین، سه‌رۆکی‌ رووسیاوه‌ به‌ نوری‌ مالیکی، سه‌رۆکی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران دراوه‌ که‌ له‌ گه‌نده‌ڵی‌ کڕینی چه‌کدا تێوه‌گلاون، ناوی‌ عه‌لی‌ ده‌باغ نه‌هاتووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌که‌وه‌ هه‌بووه‌، بۆیه‌ وه‌کو هاوبه‌ش داده‌نرێت”
 
موسه‌وه‌ی‌ له‌ درێژه‌ی‌ بابه‌ته‌که‌یدا، ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، دواتر هه‌ریه‌ک له‌ حسێن شه‌هرستانی‌، جێگری‌ سه‌رۆکی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و په‌رله‌مانتار عزه‌ت شابه‌نده‌ر، ده‌ستده‌که‌ن به‌ تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ پاکتاوکردنی‌ حساباتی که‌سی‌، چونکه‌ ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت عه‌لی‌ ده‌باغ تێوه‌بگلێینن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌و ناکۆکییانه‌ی‌ له‌ نێوان شه‌هرستانی‌‌و ده‌باغ روویدا له‌سه‌ر نوێنه‌رایه‌تیکردنی‌ مه‌رجه‌عییه‌ته‌کان له‌ نێوه‌نده‌ سیاسییه‌کاندا، که‌ دواتر شه‌هرستانی‌ توانی‌ ده‌باغ دووربخاته‌وه‌.
هه‌ر به‌ پێی زانیارییه‌کانی‌ موسه‌وی‌، ئه‌مڕۆ له‌ دانیشتنی‌ په‌رله‌ماندا ناوێکی‌ نوێ خرایه‌ نێو گه‌نده‌ڵکارانه‌وه‌ که‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ کڕینی چه‌کی‌ رووسی‌ تۆمه‌تی‌ گه‌نده‌ڵییان ده‌خرێته‌ پاڵ، ئه‌ویش (مه‌هدی‌ سه‌جاد)ه‌ که‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی کۆمپانیایه‌کی نه‌وته‌‌و له‌ بریتانیا نیشته‌جێیه‌.