ئاژانسی جیكای ژاپۆنی، لە بواری كشوكاڵدا هاوكاری هەرێم دەكات و هەوڵدەدات تەكنیكی بەرهەمهێنانی تەماتە لە زستاندا لە كوردستان پێش بخات، پارێزگاری سلێمانیش ستایشی كاری كۆمپانیاكانی ژاپۆن دەكات لە سلێمانی.
ئەمڕۆ 23ی كانوونی یەكەم، بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەرێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی، پێشوازیكرد لە بەرێوەبەری نوسینگەی عیراقی ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاوكاری نێودەوڵەتی (jica) و لە دیدارێكدا پەیوەندییەكانی هەردوو لاو كاری كۆمپانیا ژاپۆنییەكان لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
لە دیدارەكەدا بەرێوەبەری جیكای ژاپۆنی تیشكی خستەسەر كارەكانی ئاژانسەكەو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد لە سەرتاسەری عیراقدا كاردەكەن و پرۆژەیان هەیە، بەڵام بەهۆی جێگری بارودۆخی هەرێمی كوردستانەوە لە كوردستان زیاتر هەست بە” ئاسودەی” دەكەن.
وتیشی “ئاژانسە زیاتر لەبواری كشتوكاڵ و ئاودا كار دەكات و خوازیارن لەو دووبوارەدا هاوكاری عیراق و هەرێمی كوردستان بكەن”
بەرێوەبەری جیكای روونیشی كردەوە : لەرێگەی تیمێكی پسپۆری ژاپۆنییەوە لە ئێستادا لە پارێزگاكانی هەرێمدا سەرقاڵی گواستنەوەو سود وەرگرتن لەتەكنۆلۆژیایەكی ژاپۆنی بۆ زیادكردنی بەرهەمی تەماتە لە وەرزی سەرمادا بەجۆرێك پێداویستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە تەواوتی دابین بكات، لەم چوارچێوەیەشدا لە سلێمانی لە دوو كێڵگەدا ئەو تەكنۆلۆژیایە بەكاردەهێنن و سەرقاڵی ژمارەیان زیاتریش بكەن”
ئەو بەرێوەبەرە پێزانینی خۆی دەبڕی لەبەرامبەر ئاگای و زانیاری هاووڵاتیان لەبارەی ئەو كارەساتانەی لەكاتی شەڕی جیهانی دووەمدا بەسەر وڵاتەكەیدا هاتوون و پشتیوانی دەزگاكەی بۆ زیاتر ناساندنی ئەو كارەساتانەی بەسەر كوردستاندا هاتووە دووپاتكردەوە.
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی، دەستخۆشی لە ئاژانسەكەو ئەو كۆمپانیانەی ژاپۆن كرد كە لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن و ستایشی كارەكانیانی كرد و پشتیوانی و هاوكاری خۆشی بۆ كارەكانی ئاژانسەكە دووپاتكردەوە.
پارێزگار داواشی لە ئاژانسی جیكای ژاپۆنی كرد، گرنگی زیاتر بە خولەكانی راهێنان و بەرزكردنەوەی توانای مرۆی بدەن و هەوڵ بدەن خولەكان لەناو كوردستاندا بكرێتەوە بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زیاتر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لێی سود مەند بن.