كەرتی كشتوكاڵ و ڕاستی ئێستایی و هەوڵەكانی داهاتووی

ئامادەكردنی : م.موحەممەد عومەر موحەممەد/ پسپۆری ئابووری و رێنمایی كشتوكاڵ
فاكەڵتی زانستە كشتوكاڵیەكان/2003
كەرتی كشتوكاڵ ئەو كەرتە بێ نازەی كە تا ئێستا وەك پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوەو بایەخی پێ نەدراوە چونكە  زۆربەمان بە گرنگی و ماهیەتی  نازانین كە چ رۆلێك دەگێرێت لە ژیانی مرۆڤدا، بەوەی  سەرچاوەی مانەوەی مرۆڤ بەندە بە بەرهەمی خۆراكی كشتوكاڵ. زۆر گرنگە لە رووی ئابووریەوە كشتوكاڵ بناسین چونكە یەكێ لە كۆلەَكەكانی ئابووری كەرتی كشتوكاڵە، وە ئابووریش سەرچاوەی هەموو مانەوەو گەشەسەندن و پێشكەوتنێكی مرۆڤایەتیە.
گەر بمانەوێ پێناسەیەكی سادەی ئابووری بكەین دەوترێ بریتیە “لەو زانستەی كە باس لە هەموو چالاكیەك دەكات كە مرۆڤ پێی هەڵدەسێ بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان پێداویستیەكانی و دەرامەتەكانی” كە بەبەردەوام بپَداویستی زۆر ترە لە دەرامەت، وە گەورەترین پێداویستی بۆ مرۆڤ مانەوەو بەردەوام بونی ژیانێتی، بۆیە خۆراك گەورەترین پێداویستیە بۆ مرۆڤ .
گرنگیەكانی كشتوكاڵ لە ڕوی ئابووریەوە:
1.سەرچاوەی دابین كردنی خۆراكە.
2.بەشداری دەكات لە داهاتی نەتەوەیی كە پێویستە بگاتە 25-30% لەو ووڵاتانەی كە كشتوكاڵین.
3.دابین كردنی هەلی كارە بۆ چین و توێژێكی زۆری كۆمەڵگا.
4.بەشداری بوژاندنەوەی بواری پیشەسازی دەكات بەڕێگای دروست كردنی ژمارەیەكی زۆری بەرهەمی پیشەسازی لە ئامێ و كەرەسەی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسە كشتوكاڵیە جیاوازەكان. 
5. هەروەها دابین كردنی مادە خاوەكان بۆ بواری پیشەسازی وەك (لۆكە، پێست، خوری، زەیت)و هەتا دوای.
6. سوود وەرگرتن لە دەرامەتە سروشتیەكان بە شێوەیەكی زۆر باش وەك لەوەڕگا سروشتیەكان بۆ ئالیكی ئاژەڵ و گۆران و كردنی بە بەرهەمی خۆراكی وە شیرو پرۆتین.
تێڕوانینی كشتوكاڵ لە ڕووی ئابووریەوە  زۆر گرنگە چونكە ئابووری كشتوكاڵ بریتیە لە بەكارهێنانی كۆمەڵێ بنەمای زانستی و یاساو تێڕوانینی نوێ بۆ ئەوەی بتوانرێت بەباشترین شێوە رێك بخرێت بۆ بە دەستهێنانی زۆر ترین بەرهەم وە بەكەمترین بڕی تێچوون، كە بەداخەوە ئەم تێڕوانینە زۆر لاوازە و ئەنجامەكانیشی زۆر بە ڕونی دیارە كە ئاسایشی خۆراكمان پارێزراو نیە وە ئەمڕۆكە هەرێمی كوردستان بەرگەی كەمترین تەنگژەی سیاسی ناگرین  وە پاراستی ئاسایشی نیشتیمانیشمان پێ‌ دەستەبەرو گەرەنتی ناكرێت.
ئابووری كشتوكاڵ كار بۆ بەدەست هێنانی كۆمەلێ ئامانج دەكات كە خۆی لەمانەدا دەبینێتەوە:
1.بەدەستهێنانی توانای بەرهەم هێنان: كەمەبەست لێی سوود وەرگرتنە لە هەموو ووزەو تواناكانی دەرامەتە ئابووریەكان  (زەوی، كار، سەرمایە، رێكخستن), كە بەداخەوە ئێمە نەك هەر نەمان توانیوە سوودیان لێ وەرگرین بەڵكو ئەو دەرامەتانەشمان ئیفلیج و پەك خستوە, نموونەش بۆ ئەم حاڵە:
-زەوی كشتوكاڵیمان گۆریوە بۆ پرۆژەو ئامانجی تری بێ كەڵك وبێ‌ سوود بەدەر لە ئامانجە سەرەكیەكانی خۆی، كە ئەویش خۆی لە خزمەتی ئاسایشی خۆراك و باشكردنی ڕەوشی ئابووری و هاوسەنگی پاراستنی سروشت و ژینگە ئەبینێ‌ ، وە پسپۆرانی بواری خاك چاك دەزانن كە گۆرینی زەوی كشتوكاڵی واتە لە دەست دانی خەسڵەتەكانێتی كە جارێكی تر زەحمەتە دووبارە بتوانرێت بەكاربهێنرێتەوە وەك زەوی كشتوكاڵی .
-هێزی كاری بواری كشتوكاڵ  بەرەو كەمی دەڕوات , سەرباری ئەوەش پیشەكەیان لەبەرهەم هێنەرەوە بەرەو مشەخۆرو بەكاربەرەوە گۆڕیوەو بردوە، بەهۆی پەیڕەوكردنی سیاسەتی هەڵەو گۆرینی پیشەی جووتیار وە هەروەها زویركردن و تەوەلاكردنیان لە كاری كشتوكاڵی. وە كاتی خۆی هەركەسێك پیشەكەی جووتیاربوایە مەحاڵ بوو ڕێگەی پێ‌ بدرێت ڕوو لە كارێكی تر بكات.
-تائێستا ئەو سەرمایە پێویستە دانەنراوە بۆ بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ بە بەڵگەی ئەوەی لە پلانە ستراتیجیە پێنج ساڵیەكاندا كەمترین پشك بەر كشتوكاڵ كەوتوە. 
– خاڵێكی تری زۆر گرنگ و بنەما بۆ خزمەتی تەوەرەی كشتوكاڵی بریتی یە لە ئەنجامدانی پرۆسەی رێكخستن و بەرێوەبردن، كە بەداخەوە تائێستا ئەم حاڵە وەك پێویست ئاوڕی لێ‌ نەدراوەتەوە و وە سیاسەتێكی روون و ئاشكرمان نیە بۆ كەرتی كشتوكاڵ.
2.بەدەست هێنانی توانای دابەشكردن :واتە دابین كردنی خۆراكی پێویست بەقەد پێداویستی كۆمەڵگا، كە ڕوون تر بووترێت ئاسایشی خۆراك دەگرێتەوە، كە بەداخەوە هێشتا ئەو كارەشمان نەكردوە وە تا ئێستا پلانی پراكتیكی مەیدانی ئەم پێداویستیەمان نەخستۆتە بواری جێ‌ بە جێ‌ كردن.
3.بە دەستهێنانی گەشەی ئابووری لە كشتوكاڵدا : واتە دەبێ كشتوكاڵ گەشە بكات بۆ ئەو ئاستەی كە بتوانین هەناردەی بكەین، بەڵام بەداخەوەش بۆ ئەم حاڵەش پێچەوانەكەی ئەگوزەرێت.
4.بە دەستهێنانی جێگیری ئابووری: كە مەبەست لێ ی پاراستنی جێگیر بونی نرخە لە بواری كشتوكاڵ  بۆ ئەوەی بەرهەم هێنەری جووتیار زەرەر نەكات، بەداخەوە لەم بوارەشدا جووتیار سەركەوتوو نەبوەو وە زۆركات لە دوای ماندوبونێكی زۆر، جووتیار بەرهەمەكەی دەبێ بە نرخێك بفرۆشێت كە بێ سودە بۆی وەیا بە هۆیەوە هەرچی پارەو سامانێتی لە دەستی داوە، وە ئەم كارەش ئەركی سەرشانی حكومەتە بە پلەی یەك كە خەمخۆری بۆبكات بە ئالیەتێكی گونجاو تاوەكو قەربووی كات و پشت لەو پیشەیە نەكات.
5.بە دەستهێنانی دادپەروەری لە دابەشبوونی  داهات لە بواری كشتوكاڵ بۆ هەموو ئەو چین و توێژانەی كە كار دەكەن لە بواری كشتوكاڵ  كە بەداخەوە كەمترین داهات بەر چینی جووتیار كەوتوە وە نێوەندەكان زۆرترین قازانجیان كردوە لە سەر ماندووبونی جووتیار.
لاوازی ئەم كەرتە لای هەموومان زۆر ڕوون و ئاشكرایە كە توانای بەرهەم هێنان وەك پێویست نیە وە ڕێژەی هاوردەكردن زۆر زیاترە لە هەناردەكردن, وە ئەگەر بەڕوونیش قسەبكرێت هەناردەكردنمان هەرنی یە . 
 چۆن دەتوانین بەرهەمی كشتوكاڵی زیاد بكەین :
1.هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی نرخی هۆكارەكانی بەرهەم هێنان كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ڕێژەی تێچوون كە دواتر ڕێژەی بەرهەم هێنان زیاد دەكات، ئەم كارە بەشێكی زۆری چارەسەرەكەی لای وەزارەتی كشتوكاڵی حوكومەتی هەرێمی كوردستانە ئەویش بە دابین كردنی ئەو هۆكارانە بە نرخێكی گونجاوو لە بار بۆ جووتیاران.
2.بەكارهینانی تەكنۆلۆجیای نوێ بۆ هەموو بوارەكانی بەرهەم هێنان و بە بازاركردنی كەرتی كشتوكاڵ، ئەم خاڵە بۆ خۆی دەبێتە هۆی ئاسان كاری بواری بەرهەمهێنان بە كاتێكی كەم تر وە بە شێوازیكی باشتر . وە مەبەست لە  تەكنۆلۆجیا تەنها  ئامێر نیە بەڵكو هەموو تازەگەریەكانە وەك (ئامێر، بنەتۆوی تازە، شێوازی ڕواندن، سیستمی ئاودان ) هەتادوایی .
3.هەوڵدان بۆ پێشخستنی بواری ئاودان و كۆكردنەوەی ئاوی باران هەروەها ئەنجامدانی خولی كشتوكاڵی (الدورات الزراعیە) پێویست بۆ ئەم پرۆسەیەو تەواوی پرۆسە كشتوكاڵیەكانی تر.  تاوەكو لەوە زیاتر پشت بەستو نەبین بە تەنها سەرچاوەی ئاوی باران بارین. وەگۆڕینی كشتوكاڵ لە كشتوكاڵێكی تەقلیدی كە پێی دەوترێت كشتوكاڵی بەربڵاو بۆ كشتوكاڵی چڕ یان ستونی.
4.سیاسەتی دارایی هەرێم دەورێكی گرنگ دەبینێت لە بوژانەوەی ئەم كەرتە بەوەی كاربكات بۆ زۆركردنی بەهەمی ناو خۆ لە ڕێگەی هاندان و پێشكەش كردنی سلفە بۆ جووتیاران بە بڕێكی زۆر باش وە دانەوەی ئەم سلفانە بە شێوەیەك كە كاریگەری نەبێت لەسەر جووتیار، وە هەروەها كەم كردنەوەی ڕۆتینی وەرگرتن، وە لە لایەكی تریش پێویستە حكومەت سیاسەتێكی گونجاو پەیرەو بكات بۆ كەمكردنەوەی هاوردەكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی بەڵام بە پلە پلە بێت واتە بە تدریج بێت.
5.وەرگرتنەوەی بەرووبومی جووتیاران بەنرخێكی باش بۆ ئەوەی هاندەر بێت بۆ ساڵی داهاتوی .
6.كاركردن بۆ ساغ كردنەوەی بەرهەمەكان بەئاسانی وە دابین كردنی پێداویستی پاراستنی دوای كۆكردنەوەو دروێنەكردن، لەوانەش گەنجینە، ساردكەرەوە و هۆكارەكانی  گواستنەوەی مەبەست و پێویست لەلایەن پسپۆران و وەشارەزایانی ئەو بوارە.
7.هەوڵدان بۆ بوژانەوەی پرۆژە تەواوكاریەكانی وەك بواری پیشەسازی خۆراك وە هەموو ئەو كارگانەی كە پشت دەبەستن بە مادە خاوەكانی كشتوكاڵ، تاوەكو ببێتە هاندەر بۆ زۆر كردنی بەرهەم و وە دروست كردنی هەلی كار.
8.جێگیر بوونی بارودۆخی سیاسی هۆكارێكی سەرەكیە بۆ بواری بەرهەم هێنان وە لەگەڵیشیا هاندەر دەبێت بۆ پەرەسەندنی وەبەر هێنان ناو خۆو دەرەوە .
9.هاندانی هاتنی وەبەرهێنی بیانی بۆ بواری كەرتی كشتوكاڵ .
ئەوەی ماوەتەوە و پێویستە بە ئاشكرا بووترێت ئەوەیە كە سێ لایەنی تەواوكار بەیەك بەرپرسن لە بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و چارەسەری كێشەكانی:
 یەكەمیان، حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە خۆی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و هەموو لایەنە بڕیاردەرەكانی دەبینێتەوە, ئەویش بە دانانی سیاسەتێكی حەكیمانە بۆ كشتوكاڵ وە دانانی پلانی كورت خایەن و درێژ خایەن بۆ بوژانەوەی كشتوكاڵ ئینجا دابین كردنی هەموو پێداویستیە مادی و مرۆییەكانی ئەو پلانانە , دوایش بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بكرێت بۆ دیاری كردنی خاڵە لاوازەكانی، وە بزارێت ئامانجەكانی ئەو پلانانە چەندی هاتۆتە دی و جێ‌ بە جێ‌ كراوە .  
دووەمیان، دەزگاكانی بواری خوێندنی پسپۆریە كشتوكاڵیەكان بەگشتی، كە ئەمەش خۆی لە ئامادەیی و پەیمانگاو كۆلیجەكانی كشتوكاڵدا دەبینێتەوە، بەوەی كە پێویستەكادری باش و بە زانستی نوێ پەروەردە بكەن، توێژینەوەی زانستی تایبەت بە چارەسەری كێشەكانی كشتوكاڵ و پێشخستنی بەرهەمەكانی كشتوكاڵ ئەنجام دەن. 
سێیەمیان، جووتیار و بەرهەم هێنەرەكانی  بواری كشتوكاڵە بەگشتی،كە دەبێت ئەو هەست و پرینسیپەیان تیابێت كە بەشیك لەبەرپرسیارێتی ئەو حاڵە لە ئەستۆ بگرن و خۆیان بە خەمخۆر بزانن بۆ كوردستان وە بەرهەم هێنێكی چالاك بن.
 
سەرچاوە.. گۆڤاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی