بەمەبەستی راوێژكردن سەبارەت بە ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەك، ئەمرۆ هەریەكە لە رەهێل عزیز، رۆلاند دۆرلاس و فەرزان نەجمەدین كە دامەزرێنەرانی كۆمپانیای ” كوردستان ئین بزنس “ن سەردانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییان كرد و لەگەڵ یاسین رەحیم جێگری یەكەمی سەرۆك و ئاراس عەبدولكەریم مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی ژور كۆبونەوە
لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی چۆنێتی هێنانی كۆمپانیا هۆڵەندیەكان و دروستكردنی پرۆژەیەكی كشتوكاڵی و خانوی پلاستیكی ناوازە كە وێنەی نەبێت لە ناوچەكەدا، بۆ ئەو پرۆژەیەش كۆمپانیاكە كار بۆ دامەزراندنی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم دەكات بە پێی جۆری برۆژەكان لە بوارە جیاوازەكاندا
هەروەها كاردەكات بۆ دروستكردنی تۆڕێكی پەیوەندی لەنێوان گەنجانی بەهرەمەندی هۆڵەندا و هەرێمدا پرۆژەیەكیش بەناوی “young professionals network”دەكەنەوە

” كوردستان ئین بزنس ” لەلایەن سێ گەنجەوە كە یەكێكیان هۆڵەندیە، بە مەبەستی دروستكردنی پردی پەیوەندی بازرگانی لە نێوان هەرێم و هۆڵەندا و كاركردن لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و وزە و رێگەوبان و بیناسازی دامەزراوە
هاوكات یەكێك لەبەرنامەی كاری ئەم كۆمپانیایە هاوردەكردنی زانیاریە لەسەر چۆنێتی دروستكردنی ئەو كاڵا و شتومەكانەیە كە هاوردەی هەرێم دەكرێن

كۆبونەوەكەی ئەمرۆ لەكاتێكدایە كە یەكەم پرۆژەی ئەو كۆمپانیایە هەفتەی رابردو بە هاوبەشی لەگەڵ كونسوڵی هۆڵەندا لە هەرێم بو كە پێكهاتبو لە رێكخستنی سیمینارێك لە ژورەكانی بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و هەولێر بۆ ناساندنی كۆمپا نیا هۆڵەندیەكان و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ كۆمپانیا و بازرگانەكانی هەرێم .