حکومەتی عێراقی فیدراڵ، بریاری دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازی بەگوژمەی 472 ملیۆن دۆلار لە پارێزگای ئەنبار پەسەندکرد، کە تێیدا پیشەسازی سووک و قورس جێگیردەبن.
محەممەد عەبود، بەرێوەبەری پەرەپێدانی پیشەسازی عێراق گرێبەستی دروستکردنی ئەو ناوچە پیشەسازییەی دراوەتە کۆمپانیای حکومی دیزاین و بیناکردنی پیشەسازی عێراق SCIDC.
ناوچەی پیشەسازی ئەنبار، کە دەبێتە گەورەترین ناوچەی پیشەسازی عێراق، لە رووبەری 3 کیلۆمەتری دووجا دروستدەکرێت و جگە لە کارگەو پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان، ناوەندی چاودێری پزشکی و شوێنی نیشتەجێبوونی کرێکارانیشی تێدا دروستدەکرێت.
عەبود هەروەها رایگەیاند، نزیکەی 52 ملیۆن دۆلار پێشتر بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە تەرخان کراوەو ئەوەش، کە دەمێنێتەوە بریارە ساڵی داهاتوو لە بودجەی عێراق پارە بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان بکرێت.