خواردنگەكانی سەرسنگ، كوردستان، سەفین، نەورۆز، كەركووك، نێرگز و دەیانی دیكە كە هەریەكە لە ناوچەیەكی گرنگ هەڵكەوتوون، دەچنە خانەی چێشتخانە و رێستۆرانتە ناسراوەكانی شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید.
كەم كەس هەیە لە كوردانی تاراوگەنشینی ئەو شارە، هەفتانە یان مانگانە سەردانی یەكێك لەو چێشتخانانە نەكات كە لە زۆر لە سەنتەرە ناسراوەكانی وەك شیستا و ئاكالا و شارهۆڵمن و ناوەندە ناسراوەكانی دیكەی ئەو شارە هەن. جگە لە كورد، فارس و عەرەب و نەتەوەكانی دیكە و سوێدییە رەسەنەكانیش دەچنە خانەی ئەو خەڵكانەی لانیكەم هەفتەی جارێك دەبێت سەردانی چێشتخانەیەكی كوردی بكەن و كەباب، قۆزی، یان كفتە بخۆن.
یەكێك لەو كوردانەی خەریكی نان خواردنە لە چێشتخانەی سەفین بە (رووداو)ی گوت “ئەگەر زۆرمان برسی بێت قۆزی دەخۆین، ئەگەر نا كەباب”. ئەو دەڵێت “جیاوازی كەش و چۆنێتی خزمەتگوزارییەكان، كاریگەری لەسەر هاتنی ئێمە هەیە بۆ ئێرە”.
لە رێستورانت و چێشتخانەكانی ئەو وڵاتە سەرەتا دەچی تكتی خۆت دەبڕی و نانەكە دەخۆی، بەبڕوای ئەحمەد، ئەمە و چەندین ئەتەكێتكی دیكە كەشێكی میكانیكیی وەرگرتووە و دەڵێت “تامی تێدا نییە”. بەڵام لە رێستورانتە كوردییەكانی ستۆكهۆڵم “هەروەك لای خۆمان وایە و نرخی نانەكە چەندی كرد ئەوەندە دەدەیت”. گوتیشی “وێڕای خزمەتگوزارییەكی رێكوپێك كەشێكی خۆشی وەك لای خۆمانی هەیە”.
یۆتۆبۆری كە شاری دووەمی سویدە و زۆربەی دانیشتووانی بیانین و ژمارەیەكی بەرچاویان كوردن، چێشتخانەكانیان كەمتر پابەندن بە ئەتەكێت، وەك ئەحمەد حەمەرەحیم دەڵێت “لێرە زیاتر بواری فێڵكردن هەیە”. ئەو كە وەستای چێشتلێنەری یەكێك لە رێستورانتەكانە، دەڵێت “بوار بۆ خۆدزینەوە لە كۆنترۆڵ هەیە”. كەسێكی سەردانیكەری ئەو چێشتخانەیەش رەخنەی زۆری گرت و بە (رووداو)ی گوت “لە هەولێر و سلێمانیش ئەم جۆرە چێشتخانەیە نەماوە”.
زۆر لە كوردانی تاراوگەنشین رەخنە لە چێشتخانەكانی یۆتۆبۆری و لەندەن دەگرن و دەڵێن “پاك و خاوێن نین”. بەڵام لە شارەكانی وەك ستۆكهۆڵم و كۆڵن و بەرلین دۆخەكە باشترە و زیاتر پابەندن بە سیستم و نەریتی ئەوروپی. خاوەنی چێشتخانەی كوردستانیش لە ستۆكهۆڵم بە (رووداو)ی گوت “سەد لە سەد پابەندین بە كاری كۆنترۆڵی دەوڵەت”. گوتیشی “لەلایەك رۆتینەكە ئاستەم بووە و بواری فێڵكردن نەماوە، لەلایەكی دیكەش بۆخۆمان باشترە پێوەی پابەند بین”.
لەگەڵ هەموو ئەمانە، چێشتخانەكان توانیویانە لەنێو سەرما و كەشی نامۆی تاراوگەنشینان هەناسەیەك ببەخشن بە كوردانی تاراوگەنشین و بۆ ساتێكیش بێت بە ئاوێتەبوونی كەشێكی كوردستان ئاسا و تامی خواردنی كوردی لە كەشی نامۆیی و غەریبی دووربكەنەوە. ئەحمەد كە لە چێشتخانەیەكی كوردی كەبابی دەخوارد گوتی “چای گەرم و نانی تەنوور و كەبابی چەور تامێكی خۆشی هەیە لەم سەرما و غەریبایەتیدا”.
بزنسێكی گەورە
خاوەنی چێشتخانەی كوردستان كە هاوكات وەستای سەرەكی خواردنگەكەیە، باس لەوە دەكات كە رۆژانە زیاتر لە 300 كەس سەردانی دەكەن و ئەمەش لە شارێكی وەك ستۆكهۆڵم گەورەیی بزنسەكە نیشان دەدات.
بەپێی زانیاریی (رووداو) كە لە فەرمانگەی باجی ستۆكهۆڵم دەستیكەوتووە و لە روانگەی كاری 10 چێشتخانەی كوردی وەرگیراوە، مانگانە نزیكەی 20 هەزار كەس سەردانی رێستورانتە كوردییەكان دەكەن و سەرجەمیشیان بایی 2 ملیۆن كرۆنی سوێدی (300 هەزار دۆلار) نانیان خواردووە.
خەبات بێستانی، كە كارمەندی فەرمانگەی دۆزینەوەی كارە لە ستۆكهۆڵم بە (رووداو)ی گوت “رێستورانتە كوردییەكان نزیكەی 1000 كەسیان لەخۆگرتووە و ئەمەش بۆ شارێكی نزیكەی 2 ملیۆن كەسی ژمارەیەكی باشە و سەركەوتوویی ئەو بزنسە نیشان دەدات”.
كاری رەش و راكێشان
وەك زۆر لە بوارەكانی دیكەی كار، لە رێستورانتەكانیش كاری رەش هەیە و كەسێكی نزیك لە فەرمانگەی باجی شاری ستۆكهۆڵم بە (رووداو)ی گوت “دوو جۆر كاری رەش هەیە، بەشێكیان نووسینی كاتی كەمتری كارە بۆ خۆدزینەوە لە باج و سەرانەی دەوڵەت”. جۆرەكەی دیكەش بە لێكدانەوەی ئەو كارمەندە “كاری تەواو رەشە و خەڵكانێكی بێ دۆسیە، بە دزی دەوڵەت كارێكی زۆریان پێدەكرێت و پارەیەكی كەمیان دەدرێتێ”.
خاوەنی چێشتخانەی سەفین لە شاری ستۆكهۆڵم رەتیدەكاتەوە كە كاری رەش بكەن و كارمەندی قاچاخیان هەبێ “بوار بۆ ئەو كارە رەشانە نەماوە”. هەروەها دەڵێت “ئێمە پارەدانی هەموو سەردانیكەرێك داخلی كاسە دەكەین و باجەكەی دەدەینە حكومەت”.
عەرەب و فارسەكان موشتەری یەكەمن
زۆرجار كە سەردانی چێشتخانە و رێستورانتەكان دەكەی، هەست دەكەی لە وڵاتێكی عەرەبیت و زۆربەی تابلۆكان عەرەبین، ئەمە زۆر لە سەردانیكەرە كوردەكان تووڕە دەكات، ئەحمەد گوتی “ئەمە شتێكی خراپە و تەنیا بۆ راكێشانی ئەوانە”.
بەپێی قسەی بەڕێوەبەرانی ئەو رێستورانتانە، تەواوی نەتەوەكان داواكار و سەردانیكەری چێشتخانە كوردیەكانن، بە پلە یەكیش عەرەب و فارسەكان، ئینجا پۆڵۆنییەكان، ئەمەیان ئەوە نیشان دەدات كە خواردنی كوردی شتێكی خوازراوە لای نەتەوەكانی دیكە.
فاتیمە بەغدادی كە ژنێكی عەرەبە و لە رێستورانتێكی كوردی لە شاری ستۆكهۆڵم دانیشتووە، دەڵێت “خواردنی كوردی پاكە و تەندروستە و هەرزانیشە، بۆیە سەردانی ئێرە دەكەین”. هەروەها یەلینا لەگەڵ هاوسەرە سوێدییەكەی بە (رووداو) یان گوت “خواردنی كوردی قورسە، بەڵام زۆر بەتامە”.
روداو