یانه‌ وه‌رزشییه‌کانی‌ کوردستان له‌کێ پاره‌ وه‌رده‌گرن و چه‌ند وه‌رده‌گرن؟

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ زۆرێک له‌ یانه‌ وه‌رزشیه‌کانی‌ جیهان داهاتی‌ خۆیان دابینده‌که‌ن، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی‌ کوردستان و له‌لایه‌ن حکومه‌ت و حیزبه‌ فه‌رمانڕه‌واکانه‌وه‌ له‌بودجه‌ی‌ گشتی‌ هاوکاری‌ ده‌کرێن. هه‌ندێک له‌و که‌سانه‌ی‌ که‌ له‌ناو یانه‌کانن ده‌ڵێن، که‌م و زۆری‌ بودجه‌ی‌ یانه‌کان به‌پێی‌ نزیکی‌ و دووریان له‌پارته‌ فه‌رمانڕه‌واکانه‌وه‌ دیاری‌ ده‌کرێت. 
گۆڤاری‌ لڤین به‌دواچوونێکی‌ رۆژنامه‌وانی‌ بڵاوکردوه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ی‌ بڕی‌ بودجه‌ی‌ چه‌ند یانه‌یه‌کی‌ دیاری‌ کوردستان و ژماره‌ی‌ ئه‌و یاریزانانه‌ی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ گرێبه‌سته‌وه‌ کڕدراون و هه‌روه‌ها نرخی‌ ئه‌و یاریزانانه‌.
سه‌که‌وتی‌ کوبه‌ سه‌رۆکی‌ یانه‌ی‌ سلێمانی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ هه‌ر یه‌که‌ له‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دو به‌رهه‌م ساڵح پاره‌یان پێداون.
هه‌ندێک له‌ یانه‌کان گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ یاریزانانانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم کردووه‌، به‌ پاره‌یه‌کی‌ زۆر، له‌وانه‌ گرێبه‌ستی‌ یانه‌ی‌ دهۆک یاریزانێکیان به‌ 400ملیۆن دینار. 
    یانه‌ی‌ سلێمانی‌
یانه‌ی‌ سلێمانی‌ که‌یه‌کێکه‌ له‌ویانه‌ وه‌رزشیانه‌ی‌ به‌م دواییانه‌ سه‌رکه‌وت بۆ خولی‌ بژارده‌ی‌ عیراق، به‌گوێره‌ی‌ زانیاریه‌کانی‌(لڤین)له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ مانگدا جگه‌ له‌و بودجه‌یه‌ی‌ مانگانه‌ بۆیان سه‌رف ده‌کرێت، بڕی‌ نزیکه‌ی‌ 800ملیۆن دینار وه‌ک بودجه‌ هاتۆته‌ یانه‌که‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رکه‌وتی‌ کوبه‌ سه‌رۆکی‌ یانه‌ی‌ سلێمانی‌ به‌(لڤین)ی‌ ڕاگه‌یاند “یانه‌کانی‌ کوردستان له‌ وه‌زاره‌تی‌ وه‌رزش و لاوان خۆیان مانگانه‌ بودجه‌یان هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌مجاره‌ بۆ به‌شداریکردن له‌خولی‌ بژارده‌ی‌ عیراق جێگری‌ سه‌رۆکی‌ حکومه‌ت(عیماد ئه‌حمه‌د) هات و به‌ڵێنی‌ پێداین  پاره‌ی‌ داینێ‌ به‌ڵام دیاری‌ نه‌کراوه‌ چه‌ندمان ده‌داتێ‌”
سه‌رۆکی‌ یانه‌ی‌ سلێمانی‌ له‌باره‌ی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ یانه‌که‌یانه‌وه‌ ڕونیکرده‌وه‌،وه‌ک یانه‌ی‌ سلێمانی‌ مانگانه‌ بڕی‌ 22ملیۆن دینارمان هه‌یه‌، هه‌ندێک دووکان و بازاڕمان هه‌یه‌ که‌ داهات و کرێی‌ ئه‌وانه‌شمان هه‌یه‌ مانگانه‌”
                          
 یانه‌ی‌ زاخۆ 
سه‌رۆکی‌ یانه‌ی‌ زاخۆ ده‌ڵێت “مانگانه‌ 8ملیۆن دینار له‌حکومه‌ت وه‌رده‌گرین که‌ ئه‌مه‌ش پاره‌یه‌کی‌ که‌مه‌  و خۆشمان خاوه‌نی‌ چه‌ند پڕۆژه‌ و به‌نزینخانه‌یه‌کین”.
عه‌بدولوه‌هاب بارزانی‌ سه‌رۆکی‌ یانه‌ی‌ زاخۆ له‌لێدوانێکیدا بۆ(لڤین)وتی‌ “زۆر جیاوازی‌ هه‌یه‌ له‌بودجه‌ پێدان به‌یانه‌کان له‌کوردستان، ته‌نانه‌ت ئه‌و جیاوازییه‌ بێسنوره‌ که‌ ده‌کرێت له‌نێوان لایه‌نه‌کان”.
عه‌بدولوه‌هاب بارزانی‌ وتی‌ “ئێمه‌ وه‌ک زاخۆ به‌شداری‌ زۆرترین یاری‌ ده‌که‌ین به‌ڵام بودجه‌ی‌ مانگانه‌م 8ملیۆن دیناره‌ به‌ڵام له‌سلێمانی‌ یانه‌کان مانگی‌ 40ملیۆن دیناری‌ پێده‌درێت که‌به‌شداری‌ خولی‌ عێراقی‌ ناکات و ته‌نها به‌شداری‌ له‌خولی‌ کوردستان ده‌کات و له‌کوردستانیش پله‌ دووه‌، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌ دوو ئیداره‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌کاتی‌ خۆی‌ هه‌بوو”
سه‌رۆکی‌ یانه‌ی‌ زاخۆ باس له‌وه‌ش ده‌کات یانه‌که‌یان جگه‌ له‌ بودجه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ حکومه‌ت خاوه‌نی‌ چه‌ند به‌نزینخانه‌ و پڕۆژه‌یه‌کن که‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهاته‌ بۆ یانه‌که‌”
  یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌ولێر
ئه‌م یانه‌یه‌ سه‌رۆکه‌که‌ی‌ (ناسر مه‌نسور بارزانی‌)یه‌ کوڕی‌ مه‌نسور بارزانی‌ مه‌سعود بارزانیه‌ که‌ له‌دایکبووی‌ ساڵی‌ 1992ه‌وه‌. بودجه‌ی‌ ئه‌م یانه‌یه‌ به‌کراوه‌یی‌ و نه‌زانراوی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ناسر مه‌نسور بارزانیه‌وه‌ خه‌رجده‌کرێت جگه‌ له‌ بودجه‌ی‌ حکومه‌ت که‌ وه‌ریده‌گرێت.
  یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سلێمانی‌
یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سلێمانی‌ که‌ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ بودجه‌که‌ی‌ به‌شێوازێکی‌ شه‌فاف دیار نیه‌، به‌ڵام له‌میانی‌ به‌دواداچوونه‌که‌ی‌(لڤین)به‌وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌ک ئه‌م یانه‌یه‌ جگه‌ له‌بودجه‌ی‌ له‌حکومه‌ت، مانگانه‌ له‌موچه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ش بڕه‌ پاره‌یه‌ک ده‌گێڕنه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شی‌ وت،کاتێک که‌سێک ده‌چێت بۆ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سلێمانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ یاریزان له‌گرێبه‌سته‌که‌ بڕه‌ موچه‌یه‌ک نوسراوه‌ و له‌پێدانی‌ موچه‌که‌شدا به‌کردار که‌متر ده‌درێت و ئه‌مه‌ش به‌و که‌سه‌ ده‌وترێت که‌ ئه‌و بڕه‌ت لێده‌بڕێت به‌ڵام ده‌بێت گرێبه‌سته‌که‌ به‌و بڕه‌ پاره‌ زیاده‌ واژۆ بکه‌یت.
      
 کڕینی‌ یاریزانه‌کان و نرخی‌ گرێبه‌سته‌کان
کڕینی‌ یاریزانه‌کان و نرخی‌ گرێبه‌ستی‌ ئه‌و یاریزانانه‌ و ژماره‌ی‌ یاریزانه‌کانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم ته‌وه‌رێکی‌ دیکه‌یه‌ که‌زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ گرێبه‌ستی‌ یاریزانه‌کان و سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ ده‌ست لڤین که‌وتووه‌. 
    یانه‌ی‌ دهۆک
به‌پێی‌ زانیاریه‌کانی‌ لڤین یانه‌ی‌ دهۆک یاریزانێکیان کڕیووه‌ به‌ 400ملیۆن دینار، به‌ناوی (عه‌لا عه‌بدولزه‌هرا) به‌ڵام پێش ته‌واوبوونی‌ گرێبه‌سته‌که‌ی‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی‌ دهۆک، وابڕیاره‌ له‌ 1—2013ه‌وه‌ 1وه‌ بڕواته‌ یانه‌ی‌ وه‌حده‌ی‌ سعودی‌ “
   یانه‌ی‌ زاخۆ
عه‌بدولوه‌هاب بارزانی‌ سه‌رۆکی‌ یانه‌ی‌ زاخۆ له‌به‌شێکی‌ دیکه‌ی‌ لێدوانه‌که‌یدا وتی‌ “وه‌ک یانه‌ی‌ زاخۆ یاریزانمان کڕیووه‌ له‌شاره‌کانی‌ تری‌ عیراق،  ( 3)یاریزانی‌ سوریمان هه‌یه‌، نرخی‌ گرێبه‌سته‌کانیش له‌نێوان،25ملیۆن دینار-150ملیۆن دینار تائێستا پاره‌ی‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌مان نه‌داوه‌ به‌ڵام سه‌رمایه‌ و به‌نزینخانه‌و دووکانمان هه‌یه‌، مه‌جبورین پاره‌که‌ش بده‌ین خۆ ئه‌گه‌ر پاره‌که‌شمان پێنه‌درا ده‌بێت به‌نزیخانه‌ یان ئه‌و پڕۆژانه‌ی‌ هه‌مانه‌ بیانفرۆشین، ساڵی‌ ڕابردوو بۆ دانی‌ پاره‌ به‌گرێبه‌سته‌کانمان به‌نزینخانه‌یه‌کمان فرۆشت به‌ بڕی‌ یه‌ک ملیۆن دۆلار و پاره‌ی‌ گرێبه‌ستمان دا”
                           یانه‌ی‌ هه‌ولێر
یانه‌ی‌ هه‌ولێر که‌ به‌م دواییانه‌ له‌دواین یاری‌ نێوان کوه‌یتی‌ کوه‌یتی‌ به‌چوار گۆڵ به‌رامبه‌ر هیچ شکستی‌ به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام به‌پێی‌ زانیاریه‌کانی‌ لڤین بودجه‌ی‌ ئه‌و یانه‌یه‌ بودجه‌یه‌کی‌ کراوه‌ی‌ خه‌یاڵیه‌.
جگه‌ له‌وه‌ی‌ ڕاهێنه‌ری‌ یانه‌که‌ خه‌ڵکی‌ سوریایه‌ زۆرینه‌ی‌ یاریزانانی‌ ئه‌و یانه‌یه‌ خه‌ڵکی‌ ناوچه‌کانی‌ باشور و ناوه‌ڕاستی‌ عیراقن، یاخود خه‌ڵکی‌ سوریان، زانیاریه‌کانی‌(لڤین) بودجه‌ی‌ ئه‌و یانه‌یه‌ به‌ته‌نها بۆ کڕینی‌ یاریزان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان بڕی‌ (5)ملیار دیناره‌، موچه‌ی‌ هه‌ریه‌ک له‌و یاریزانانه‌ مانگانه‌ 5ملیۆن دیناره‌ له‌گه‌ڵ دابینکردنی‌ شوێنی‌ نیشته‌جێ‌ بوون بۆ ئه‌و یاریزانانه‌ له‌(ناز سیتی‌)هه‌ولێر که‌ناسراوه‌ به‌شوقه‌کانی‌ زه‌که‌ریا.
                   یانه‌ی‌ سلێمانی‌ 
سه‌رکه‌وتی‌ کوبه‌ سه‌رۆکی‌ یانه‌ی‌ سلێمانی‌، له‌به‌شێکی‌ تری‌ وته‌کانیدا بۆ(لڤین)وتی‌، به‌ژماره‌ ته‌واو لام نیه‌ چه‌ند یاریزانمان به‌شێوه‌ی‌ گرێبه‌ست کڕیووه‌، به‌ڵام 15-16یاریزانمان لایه‌ به‌نزیکی‌ و گرێبه‌ستی‌ ئه‌و یاریزانانه‌ش له‌ 25ملیۆن دیناره‌وه‌ ده‌سپێده‌کات تا100ملیۆن دینار”.
  یانه‌کان و هاوکاری‌ که‌سایه‌تیه‌ حیزبیه‌کان له‌بودجه‌ی‌ گشتی‌!
له‌ئێستادا یانه‌کان له‌و بودجه‌یه‌ی‌ که‌مانگانه‌ حکومه‌ت پێیان ده‌دا، هاوکات چه‌ندین که‌سایه‌تی‌ حیزبی‌ له‌بودجه‌ی‌ گشتی‌ پاره‌ به‌ناوی‌ خۆی‌ و حزبه‌که‌یه‌وه‌ ده‌داته‌ یانه‌کان.
به‌گوێره‌ی‌ زانیاریه‌کانی‌ لڤین به‌م دواییانه‌ هه‌ریه‌ک له‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌ و به‌رهه‌م ساڵح و عیماد ئه‌حمه‌د به‌ بڕی‌ زۆر پاره‌ی‌ داوه‌ته‌ یانه‌ی‌ سلێمانی‌.
لای‌ خۆشیه‌وه‌ سه‌رۆکی‌ یانه‌ی‌ سلێمانی‌ له‌لێدوانه‌که‌یدا بۆ لڤین ئه‌و زانیاریه‌ی‌ لڤینی‌ پشڕاستکرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند “ئه‌مجاره‌ که‌ سه‌رکه‌وتین بۆ خولی‌  بژارده‌ی‌ عیراقمان کرد سه‌ره‌تا 500ملیۆن دیناری‌ داینێ‌ بۆ گرێبه‌ستی‌ کڕینی‌ یاریزان”
سه‌رکه‌وتی‌ کوبه‌ وتیشی‌ “هه‌روه‌ها هه‌ر له‌و کاته‌دا کاک به‌رهه‌م ساڵح به‌بڕی‌ 20هه‌زار دۆلار یارمه‌تی‌ دابه‌ش کرد به‌سه‌ر یاریزانانی‌ یانه‌که‌دا”
ئاشکراشیکرد، هێرۆخان به‌بڕی‌ 120 ملیۆن دینار هاوکاری‌ یانه‌ی‌ سلێمانی‌ کردووه‌”
هه‌روه‌ها یانه‌ی‌ هه‌ولێر جگه‌ هیمداد بارزانی‌ که‌سه‌رپه‌رشتی‌ یانه‌کانی‌ ناوچه‌کانی‌ پارتی‌ ده‌کات و بودجه‌ش له‌حکومه‌ت وه‌رده‌گرێت.
یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌ولێریش ناسر مه‌نسور بارزانی‌ سه‌رۆکیه‌تی‌ که‌به‌وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌ک باشترین سه‌رچاوه‌ی‌ داهاته‌ و ده‌توانێت بودجه‌ی‌ باش بۆ یانه‌که‌ له‌حکومه‌ت و حیزب وه‌ربگرێت و به‌ناوی‌ پارتیه‌وه‌ بیدات به‌یانه‌که‌”.
هه‌روه‌ها عه‌بدولوه‌هاب بارزانی‌ سه‌رۆکی‌ یانه‌ی‌ زاخۆ ڕه‌تی‌ ده‌کاته‌وه‌ تائێستا جگه‌ له‌و بودجه‌یه‌ی‌ مانگانه‌ هه‌یانه‌ هیچ پاره‌یه‌کی‌ دیکه‌ وه‌ربگرن و هاوکات دووپاتی‌ ده‌کاته‌وه‌، وه‌ک یانه‌ی‌ زاخۆ تائێستا هیچ حزبێک هاوکاری‌ نه‌کردون “ئه‌گه‌ر هاوکاریشمان بکات هه‌ر حیزبێک مه‌منونی‌ ده‌بین، چونکه‌ ئێمه‌ بۆ دانی‌ گرێبه‌ستی‌ کڕینی‌ یاریزانه‌کان ده‌بێت پڕۆژه‌ یان به‌نزینخانه‌کانمان بفرۆشین”
عه‌بدولوه‌هاب  بارزانی‌ باس له‌وه‌ده‌کات له‌ڕووی‌ پێدانی‌ پاره‌وه‌ به‌ یانه‌کان و بایه‌خ دان به‌وه‌رزش یانه‌کانی‌ سلێمانی‌ وه‌زعیان له‌یانه‌کانی‌ هه‌ولێر و دهۆک باشتره‌ “له‌وێ‌ یانه‌ی‌ وا هه‌یه‌ مانگانه‌ 30-40ملیۆن دینار وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام یانه‌یه‌کی‌ وه‌ک یانه‌که‌ی‌ ئێمه‌(زاخۆ)مانگانه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌ که‌مه‌ وه‌رده‌گرێت که‌ پێشتر ئاماژه‌م پێدا”
لای‌ خۆشیه‌وه‌، سه‌رکه‌وتی‌ کوبه‌ سه‌رۆکی‌ یانه‌ی‌ سلێمانی‌ باس له‌وه‌ده‌کات، ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ که‌ده‌وترێت پێدانی‌ بودجه‌ی‌ یانه‌کان په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌نزیکی‌ له‌حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ته‌نها له‌سه‌ر یانه‌ی‌ هه‌ولێر هه‌یه‌ چونکه‌ شانسی‌ ئه‌وان هیمداد بارزانی‌ خۆی‌ حه‌زی‌ له‌ وه‌رزشه‌ و سه‌رپه‌رشتی‌ یانه‌کان ده‌کات له‌و سنوره‌، یانه‌کانی‌ دهۆک و زاخۆ و هه‌ولێر جگه‌ له‌و بودجه‌یه‌ی‌ ده‌یاندرێتێ‌ پاره‌ی‌ زیاتر وه‌رده‌گرن که‌ ئه‌م پاره‌ زیاده‌یه‌ش پارتی‌ ده‌یداته‌ ئه‌و یانانه‌-ئه‌مه‌ش بۆ عه‌قڵیه‌تی‌ ئیستیعابی‌ وه‌رزش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌”
سه‌رکه‌وتی‌ کوبه‌ که‌ هه‌ڵسوڕاوێکی‌ دیاری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌ به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا سه‌رۆکی‌ یانه‌ی‌ سلێمانیه‌ له‌باره‌ی‌ مانه‌وه‌ی‌ له‌پۆسته‌که‌ی‌ تائێستا ده‌ڵێت “کاتێک من وه‌رزشم کردووه‌ یه‌کێتی‌ هه‌رنه‌بووه‌، سه‌رۆکی‌ یانه‌کان به‌هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت و په‌یوه‌ندی‌ به‌حیزبه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌هه‌ولێر و دهۆک بۆیه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هیمداد بارزانی‌(له‌بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانیه‌)سه‌رپه‌رشتی‌ یانه‌کان ده‌کات بۆیه‌ له‌وه‌ده‌چێت که‌سی‌ خۆیان بۆ سه‌رۆکی‌ ئه‌و یانانه‌ دابنێن”.
لای‌ خۆشیه‌وه‌ شێردڵ ته‌حسین سه‌رۆکی‌ لیژنه‌ی‌ وه‌رزش و لاوان له‌په‌ڕله‌مانی‌ کوردستان له‌ لێدوانێکیدا بۆ(لڤین) ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌کرد، یانه‌کان چه‌ند تیپیان هه‌یه‌ به‌پێی‌ ئه‌وه‌ بۆیان ته‌رخانده‌کرێت، پێشتر ناعه‌داله‌تی‌ هه‌بوو ئێستا عه‌داله‌تی‌ هه‌یه‌ له‌باره‌ی‌ هاوکاری‌ کردنی‌ که‌سایه‌تیه‌ حیزبیه‌کان بۆ ئه‌و یانانه‌ وه‌ک هه‌ڵوێستی‌ خۆیانه‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی‌ که‌یانه‌ی‌ دهۆک و سلێمانی‌ و هه‌ولێر به‌ده‌ستیان هێناوه‌ به‌هۆی‌ کڕینی‌ ئه‌و یاریزانانه‌وه‌یه‌”