کۆمپانیای گاز پڕۆمی رووسی ساڵانە یەک ملیۆن دۆلار بۆ قەزای بەدرە تەرخان دەکات کە ناوچەیەکی دابڕاوە لە هەرێمی کوردستان و هەڵی کاریش بۆ دانیشتوانەکەی فەراهەم دەکات.
ئێف کینی شلیج کن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای گاز پڕۆم رایگەیاند کۆمپانیاکەیان هەر لە یەکەم رۆژەوە لە بەدرە هەوڵی داوە هەلی کاری گونجاو بۆ دانیشتوانەکەی دابین بکات.
ناوبراو دەڵێ هەلی کارەکان بە گوێرەی ئاستی خوێندن و پسپۆرییەکەیانە و تاوەکو ئێستاش نزیکەی ٢ هەزار هاونیشتمانی عێراقی لەو کێلگەیەدا کاردەکەن کە زۆربەیان خەڵکی بەدرەن
.
کۆمپانیای گاز پڕۆم، بە مەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری جۆراو جۆر ساڵانە یەک ملیۆن دۆلار بۆ بەدرە تەرخان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی دەڤەرکەش لەوبارەوە رێککەوتیان هەیە. ئەمە وەک شلیج کن باسی دەکات.
قەزای بەدرە و ناحییەکانی جەسان و زرباتییە، سەربە پارێزگای واستن و ناوچەی دابڕاون لە هەرێمی کوردستان دا.
جەعفەر عەبدولجەبار محەممەد، قایمقامی بەدرە دەڵێ بوونی نەوت لە بەدرە مانای وانییە کە دەبێ خێرەکەی تەنیا بۆ دانیشتوانی بەدرە بێ، بەڵکو دەبێ ناحییەکانیشی کە (جەسان و زرباتییە)ن ئەو خێرە بیانگرێتەوە.
حکومەتی عێراقی لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٠٩ گرێبەستی پەرەپێدانی کێلگەی بەدرە-ی لەگەڵ کۆمپانیای گاز پڕۆمی رووسی ئیمزاکرد کە دووەمین گەورەترین کێلگەی وەبەرهێنانی نەوتە لە پارێزگای واست.