ژنه‌ سه‌رمایه‌داره‌كانی كوردستان ده‌یانه‌وێت لۆبییه‌ك دروستبكه‌ن

فه‌ردا جه‌میل پاشا به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌ی خانمانی كارسازی كوردستان ئاشكرایكرد، بڕیاره‌ مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٥ له‌هه‌ولێر كۆنفرانسێكی نێوده‌وڵه‌تی به‌ناوی ژن‌و ئابووریی به‌ به‌شداریی ژنانی چه‌ندین وڵاتی جیهان به‌ڕێوه‌بچێت.
كۆنفرانسێكی نێوده‌وڵه‌تی ساز ده‌كه‌ن
باسی له‌وه‌شكرد، چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، بۆ به‌ستنی ئه‌و كۆنفرانسه‌، تاڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕن‌و ده‌ست به‌ئاماده‌كاریی بكه‌ن.
به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌ی خانمانی كارسازی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، چه‌ندین بابه‌ت له‌سه‌ر ئابووری‌و ژنان له‌لایه‌ن ژنانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت ده‌كرێ بۆ ناساندنی هه‌رێم‌و وه‌به‌رهێنان تێیدا، تاژنانی وڵاتانی دیكه‌ بێن‌و سه‌رمایه‌گوزاریی له‌هه‌رێم بكه‌ن.
فه‌ردا جه‌میل پاشا وتیشی:»سه‌نته‌رێكمان دامه‌زراندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێنوێنی ئه‌و ژنانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌بواری كاردا پێویستیان به‌ڕاوێژكردن هه‌یه‌، ئێمه‌ بێ به‌رامبه‌ر زانیاری‌و راوێژیان پێده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاره‌كانیاندا سه‌ركه‌وتووبن».
سیستمی ئه‌ندامێتی له‌نێو كۆمه‌ڵه‌ی خانمانی كارسازی كوردستان ئاسان نییه‌، ده‌بێ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێته‌ ئه‌ندام خاوه‌نی كۆمپانیا یان كارگه‌یه‌ك بێ، ده‌بێ به‌كرده‌یی ئه‌و كۆمپانیا یان ئه‌و كارگه‌یه‌ له‌كاركردا بێ، هاوكات چه‌ند كه‌سێك له‌لای ئه‌و كاربكه‌ن‌و ستافی هه‌بێ.
له‌باره‌ی ئه‌ندامانیشه‌وه‌، فه‌ردا وتی:»ئه‌ندامه‌كانمان كوردو عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و ئاشووریشیان تێدایه‌ له‌گه‌ڵ كلدانی‌و ئه‌رمه‌نی، هه‌روه‌ها ئه‌و ژنانه‌شی له‌توركیا كۆمپانیایان هه‌بێ و لێره‌ لقیان كردبێته‌وه‌، ده‌توانن ببنه‌ ئه‌ندام له‌لامان».
ئه‌ندامه‌كانیان له‌كێ پێكدێن؟
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كۆمه‌ڵه‌كه‌یان چه‌ند ئامانجێكی هه‌یه‌ له‌وانه‌: ژنانی خاوه‌نكار تۆڕێكیان هه‌بێ بۆ په‌یوه‌ندی، هه‌روه‌ها له‌شوێنێكه‌وه‌ پاڵپشتی بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی لۆبییه‌ك دروست بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تی ژنانی سه‌رمایه‌دار بكا له‌هه‌موو دنیادا.
روونیشیكرده‌وه‌، له‌ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌یانه‌وه‌ توانیویانه‌ په‌یوه‌ندیی ژنانی خاوه‌نكاری كوردستان له‌گه‌ڵ ژنانی چه‌ندین وڵاتی وه‌ك: (توركیا، لوبنان، قه‌ته‌ر، عیراق‌و ئه‌رمه‌نستان) دروست بكه‌ن.
كۆمه‌ڵه‌ی خانمانی كارسازی كوردستان، ساڵی ٢٠١١ به‌بیرۆكه‌ی فه‌رداو به‌شداریی چه‌ند ژنه‌ خاوه‌نكارێكی كوردستان دامه‌زراوه‌و ئێستا خاوه‌نی ٥١ ئه‌ندامه‌.
 
كوردستانی نوێ‌