پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (11ی كانوونی یه‌كه‌می 2013) له شارۆچكه‌ی كه‌سنه‌زان سێ كرێكار گیانیان له‌ده‌ستداوه كه به ره‌گه‌ز ئێرانین.
رائید كاروان عه‌بدولكه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر به (خه‌ندان) ی راگه‌یاندوە: كاتژمێر 11 ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، بنكه‌ی پۆلیسی كه‌سنه‌زان ئاگاداركراونه‌ته‌وه، له بوونی مردنی سێ كه‌س له كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌شتی به‌هه‌شت له‌سه‌ر رێگای هه‌ولێر كه‌سنه‌زان.
وتیشی: “بنكه‌ی پۆلیسی كه‌سنه‌زان ده‌ستبه‌جێ گه‌یشتنه شوێنی رووداوه‌كه، ده‌ركه‌وت كه سێ كرێكاری ئێرانی كه له‌و پڕۆژه‌یه‌دا كار ده‌كه‌ن گیانیان له ده‌ستداوه”.
رائید كاروان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌و سێ كرێكاره له ژووری مانه‌وه‌یان له پڕۆژه‌كه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاگریان كردۆته‌وه و خهڵوزیشیان تێكردووه، ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ی ژورهكهش له جۆری (پی ڤی سی)یه، له‌ئاكامدا غازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن لێیداون.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: دوای رووداوه‌كه ته‌رمه‌كانیان گواستراوه‌ته‌وه بۆ په‌یمانگه‌ی پزیشكی دادوه‌ری، بۆئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه له راستی رووداوه‌كه بكرێت و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ رووداوه‌كه كراوه‌ته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پۆلیسی هه‌ولێر، رونیشیكرده‌وه: “زانراوه كه ئه‌و سێ كه‌سه ئێرانین، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ ناسنامه‌یه‌كیان پێنه‌بووه تائێستا ناو و ته‌مه‌نیان نه‌زانراوه، به‌ڵام به روخسار گه‌نجن”.