بەرپرسانی كەرتی بازرگانی لە عێراق، دەیانەوێ بەو بودجە زەبەلاحەی لەبەردەستیانە، ئەو كۆمپانیا بەریتانیانە راوبكەن كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن.
ئەوەش لە كاتێكدا كە هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی خوازراو سەیری كۆمپانیا بەریتانییەكان دەكات.
هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی بازرگانی بەریتانی- عێراقی و ژووری بازرگانیی هەولێر كۆنفرانسێكیان بۆ نوێنەری 50 كۆمپانیای بەریتانی لە بوارەكانی بیناسازی، نەوت و غاز، تەندروستی و خزمەتگوزاری، لەگەڵ نوێنەری 13 زانكۆی ئەو وڵاتە رێكخست.
فەلاح مستەفا، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە وتەیەك كۆنفرانسەكەی كردەوە و رایگەیاند “حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی خوازراو تەماشای بەریتانیا دەكات”.
فەلاح مستەفا ئاماژەی بە پەیوەندییە سیاسی و كەلتووری و بازرگانییەكانی نێوان هەردوولا كرد و باسی لەوەكرد كە هەندێك لەو بەریتانیانەی لە پاش ساڵی 1991وە دەستیان هەبووە لە بنیاتنانەوەی هەرێمی كوردستاندا ئێستا لە پۆستی باڵای ئیداری حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن.
بەپێی قسەی هیو ئیڤانز، كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان، ئێستا 112 كۆمپانیای بەریتانی لە كوردستان كار دەكەن و رۆژ بە رۆژیش ژمارەیان لە زیادبووندایە.
ئیڤانز كە لە كۆنفرانسەكەدا وتەیەكی پێشكەش كرد، ئاماژەی بە ئاسانكارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ كۆمپانیا بەریتانییەكان، بۆ ئەوەش باسی دیدارێكی خۆی و مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد كە پێیگوتووە “مەگەر تەنیا ئاسمان هەلی كاركردن بۆ بازرگانە بەریتانییەكان لە هەرێمی كوردستان سنووردار بكات”.
بازرگانانی كورد روو لە بەریتانیا دەكەن
ئێستا ژمارەی ئەو كۆمپانیا بەریتانیانەی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن بە پلەی دووەم دێن لە پاش كۆمپانیا توركییەكان. لەگەڵ ئەوەشدا بازرگانانی كورد دەستیان كردووە بە جموجوڵی بازرگانی لەو وڵاتە. فەلاح مستەفا داوای لە ئەنجومەنی بازرگانیی عێراقی بەریتانی كرد لۆبی بۆ كردنەوەی هێڵی راستەوخۆی فڕین لە نێوان هەولێر و لەندەن بكات تا بازرگان و وەبەرهێنەران بە ئاسانترین و خێراترین شێوە بتوانن گەشت بكەن.
ئەندامانی گرووپەكە لەكاتی سەردانەكەیان چاویان بە ژمارەیەك لێپرسراوی حكومی و بازرگانانی كورد كەوت، ئەمە جگە لە دیداریان لەگەڵ ژمارەیەك لە وەبەرهێنەران كە لە مووسڵەوە هاتبوون بە ئامانجی وەبەرهێنان لە بنیاتنانی فڕۆكەخانەیەكی نوێ و پاڵاوگەیەكی نەوت و وێستگەیەكی كارەبا لە بەشە ئارامەكەی ئەو شارە كە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
عەلی ئەلعەلی، جێگری سەرۆكی یەكێتی بازرگانانی عێراقی لە موسڵ باسی لە گرنگیی ئامادەیی كۆمپانیا بیانییەكان كرد لە پلاندانان و كاركردن لەو شارە. گوتیشی حكومەتی مەركەزی بودجەی پێویست دەنێرێت بۆ شاری موسڵ بۆیە ئەوانیش پێویستیان بە یارمەتی كۆمپانیا بیانییەكانە. بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی شاری موسڵەوە، هیچ كۆمپانیایەكی بیانی روو لەو شارە ناكات. عەلی بانگهێشتی كۆمپانیا بیانییەكانی كرد بۆ وتووێژكردن لە هەولێر یان لە بەشە ئارامەكەی پارێزگای موسڵ كە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
بە تایبەت رووی دەمی كردە ئەو گرووپە بەریتانییە بەهۆی رۆڵی بەریتانیا لەو شارە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە.
هەرچەندە ئاكامەكانی ئەم دەستپێشخەرییە هێشتا نادیارە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كۆنفرانسەكە رۆڵێكی ئیجابی هەبوو بە وتەی ئەنجوومەنی بازرگانی عێراقی بەریتانی كە ئەمە یەكەمین كۆنفرانسی لەو جۆرە بوو رێكیبخات بۆ حكومەتی بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستان.
گوتەبێژی گرووپەكە بەناوی ریچارد كرۆ ئاماژەی بە كاریگەری دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالیكی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی كرد لەسەر دەستكەوتەكانی كۆنفرانسەكە.
خوێندكارانی بەریتانیا دێنە زانكۆكانی كوردستان
ئەنجوومەنی بازرگانی عێراقی بەریتانی پێشبینی دەكات ئەنجامی بەڵێن و پەیوەندییەكانی ئەو پێنج رۆژەی كۆنفرانسەكە وەبەرهێنانی سەدان هەزار دۆلار بێت لەلایەن بازرگانە بەریتانییەكانەوە.
هەروەها ئامادەبوونی نوێنەری زیاتر لە 13 زانكۆی بەریتانی ببێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو خوێندكارە كوردانەی دەڕۆنە ئەو وڵاتە بۆ خوێندن كە ئێستا بە 2 هەزار خوێندكار هەژمار دەكرێن. بەپێی پێشبینیەكانی ئەنجوومەنی بازرگانی عێراقی بەریتانی، هەندێك لە زانكۆ بەریتانییەكان دروستكردنی پەیوەندییان لەگەڵ زانكۆكانی كوردستاندا تاوتوێ كردووە. ئەگەر گرێبەستەكان زیاتر بەرەو پێشەوە بچن، رەنگە خوێندكارانی بەریتانیش بێنە كوردستان بۆ خوێندن.