عێراق.. ئاستی نەوت لە 2020 لە 6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا تێناپەڕێ

پەیمانگەیەكی ئەمریكی رایگەیاند ئاستی پێشبینیكراوی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ساڵی 2020 لە 6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا تێناپەڕێ.
پەیمانگەی (ستراتفور) بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی و ئەمنی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەراپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد:”بەپێی بۆچوونی شیكەرەوەكان بەهۆی ناجێگیری رەوشی ئەمنی و سیاسی لە عێراق پێشبینیدەكرێ ئاستی بەرهەمی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2020 لە 6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا تێنەپەڕێ”.
هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە:”عێراق رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە بۆ بەرزكردنەوەی بەرهەمی نەوتی، لەوانەش سیستمی سیاسی و كردەوە تووندوتیژییەكان و لاوازی ژێرخانی ئابووری و چەندین هۆكاری دیكە”.
پەیمانگەی (ستراتفور) هاوكات دووپاتیشی دەكاتەوە: “رێكخراوی ئۆپیك لە كۆبو‌ونەوەی هەفتەی رابردوویدا بڕیاریدا تاوەكو كۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 ئاستی تێكڕای هەناردەكردنی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوەكە لە 30 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بهێڵێتەوە”.
لە 25 ی تشرینی دووەمی 2013 حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە گوتی:”عێراق هەوڵدەدات تاوەكو ساڵی 2020 بەرهەمی نەوتی خاوی بۆ 9 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بەرزبكاتەوە”.
روداو