هەرێم.. بەرهەمی هەنگوین كەمبۆتەوە

به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوودا، ئه‌مساڵ به‌رهه‌می هه‌نگوینی ناوخۆی هه‌رێم، به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو كه‌میكردووه‌، شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌ش، هۆكاره‌كه‌ی بۆ ناله‌باری كه‌شوهه‌وا ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.
عه‌لی حه‌مه‌ ڕه‌سوڵ، هه‌نگه‌وانی نمونه‌یی و، به‌رپرسی پێشووی هه‌نگ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی پشده‌ر، به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاندوە: به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ كۆتایی وه‌رزی به‌هاری ئه‌مساڵدا ئاستی بارانبارین وه‌ك پێویست نه‌بوو، گوڵ نه‌یتوانی شیله‌ ده‌ربكات، له‌ ئه‌نجامدا به‌رهه‌می هه‌نگوین تا ئاستێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو كه‌میكرد.
وتیشی: “به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی رابردوودا، له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی قه‌زای پشده‌ر، به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 80 به‌رهه‌می هه‌نگوین كه‌میكردووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی دڵخۆشی نیه‌”.
 
عه‌لی حه‌مه‌ ڕه‌سوڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ساڵی 2008-ه‌وه‌ رووپێوی بۆ ژماره‌ی هه‌نگه‌وانانی هه‌رێم نه‌كراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ تائێستاش پشت به‌ئاماری ئه‌وساڵه‌ ده‌به‌سترێت‌، له‌كاتێكدا پێویسته‌ ساڵانه‌ رووپێوی بۆ هه‌نگه‌كان بكرێت، تا بتوانرێت به‌وردی ئاگاداری هه‌ڵكشان و دابه‌زینی به‌رهه‌می هه‌نگوین بكرێت.
به‌پێی به‌دواداچوونێكی خه‌ندان، باشترین كات بۆ واده‌ی رووپێوكردنی ساڵانه‌ی كه‌رتی هه‌نگه‌وانی هه‌رێم، مانگی تشرینی یه‌كه‌مه‌، چونكه‌ له‌و مانگه‌دا ماڵه‌ ره‌وه‌نده‌كانیش له‌ كوێستانه‌كانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌  ئاواییه‌كان و ده‌توانرێت ژماره‌ی وردی هه‌نگه‌وانان به‌ده‌ستبهێنرێت.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌، ‌شێخ حه‌مه‌ حسێن، هه‌نگه‌وان له‌ گوندی به‌سته‌ –ی سه‌رسنوو، بەخه‌ندانی راگەیاندوە: له‌كاتێكدا ساڵی رابردوو هه‌ر پوره‌هه‌نگێك 7-11كیلۆگرام هه‌نگوین به‌رهه‌می هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ هیچ پوره‌هه‌نگێك له‌ 3 كیلۆگرام زیاتر به‌رهه‌می نه‌بووه‌.
باسی ئه‌وه‌شی كرد، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كوره‌ی هه‌نگ له‌قه‌زای پشده‌ردا هه‌یه‌، هه‌نگوینی بناری قه‌ندیلیش به‌یه‌كێك له‌باشترین جۆری هه‌نگوینی كوردستان داده‌نرێت، به‌ڵام رۆژانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ڕێگه‌ی سنووره‌كانه‌وه‌ كوره‌ی هه‌نگی ئێرانی ده‌هێندرێته‌ ناوچه‌كه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌نگ.
داواكاریش بوو له‌وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم، به‌مه‌به‌ستی به‌رگرتن له‌بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌نگ، پێداویستییه‌كانی تایبه‌ت به‌هه‌نگ بۆ هه‌نگه‌وانان دابینبكات.