بەهۆی ئەوەی پارەی زۆری تێدەچێت، نەتنیاهۆ بەشداری پرسەی ماندێلا ناكات

بڕیاربوو سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیلی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان بەشداری بكات لەمەراسیمی بەخاك سپاردنی سەرۆكی پێشووی ئەفریقیا، بەڵام بەهۆی زۆری خەرجی تێچوونەكەی سەردانەكەی هەڵوەشاندۆتەوە.
(بنیامین نەتنیاهۆ) سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیلی دەسەڵاتدارانی باشووری ئەفریقیای ئاگاداركردۆتەوە، ئەو ناتوانێت ئامادەی مەراسیمی بەخاك سپاردنی (نێڵسۆن ماندێلا) ی سەرۆكی پێشووی باشووری ئەفریقیا بێت كەبڕیارە لەڕۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، چونكە خەرجی سەردانەكەی دەگاتە (1.45) ملیۆن یۆڕۆ، ئەوەشی بەپارەیەكی زۆر ناوبردووەو رەتی كردۆتەوە سەردانەكە ئەنجام بدات.
ڕۆژنامەی (ها ئارتس) ی ئیسرائیلی باسی لەوەكردووە، دەبێت نەتنیاهۆ تیمە ئەمنیەكەی ڕەوانەی باشووری ئەفریقیا بكات و بۆ ئەو مەبەستەش فڕۆكەیەكی تایبەتی بەكرێ‌ بگرێت، بۆیە ئەو لەدوا چركەدا رەت كردۆتەوە ئامادەی ئەو مەراسیمە ببێت.