لە روی سیستەمی بانكییەوە،عیراق 50 ساڵ له‌دواوه‌یه‌ ‌

به‌گوێره‌ی‌ هه‌واڵێكی‌ (رادیو دجله‌)، وه‌زاره‌تی‌ دارایی عیراق له‌گه‌ڵ بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تییدا رێكه‌وتووه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی‌ سیستمی‌ بانكیی‌ عیراق‌و راهێنانی‌ پێویست به‌كادرانی‌ وه‌زاره‌ت له‌بواری‌ بانكییدا له‌لایه‌ن بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌. ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌پێشتر ره‌خنه‌یه‌كی‌ زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر سیستمی‌ بانكیی‌ عیراق، به‌تایبه‌ت كه‌سیستمی‌ بانكیی‌ عیراق ئه‌له‌كترۆنی‌ نه‌بووه‌‌و هه‌ندێك له‌ڕه‌خنه‌گرانیش پێیانوابوو كه‌سیستمی‌ بانكیی‌ عیراق 50 ساڵ له‌دواوه‌یه‌.
عه‌لی‌ ئه‌لشوكری‌ وه‌زیری‌ دارایی عیراق به‌وه‌كاله‌ت رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ لقی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستی‌ بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تییدا رێككه‌وتنێكی‌ ئیمزا كردووه‌‌و به‌پێی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ راهێنان به‌كادره‌ بانكییه‌كان ده‌كات‌و بانكه‌كانی‌ عیراقیش رێكده‌خاته‌وه‌. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ساڵی‌ 2014دا ده‌كه‌وێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
هاوكاریی به‌رده‌وام
به‌ر له‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌ش وه‌فدێكی‌ بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ فه‌رید بلحاج سه‌رۆكی‌ لقی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لسوهه‌یل جیگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق كۆبۆته‌وه‌‌و سه‌باره‌ت به‌په‌ره‌پێدانی‌ توانای‌ مرۆیی‌و سیستمی‌ بانكیی عیراق گفتوگۆیان كردووه‌.
له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی‌ عیراق به‌وه‌فدی‌ بانكی‌ نێوده‌ڵه‌تی‌ راگه‌یاندووه‌، عیراق پێویستی‌ به‌چاكسازیی هه‌یه‌ له‌كه‌رتیی بانكییدا، به‌تایبه‌ت كه‌عیراق خاوه‌نی‌ هێزی‌ كاری‌ به‌توانایه‌ له‌و بواره‌دا، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و توانایه‌ په‌ره‌ی‌ پێبدرێ، تابگاته‌ ئاستی‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ له‌ڕووی‌ كاری‌ بانكییه‌وه‌.
جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، پێویسته‌ بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌رده‌وام بێت له‌هاوكاریكردنی‌ عیراق له‌چاكسازییه‌ ئابوورییه‌كانیدا‌و ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراقیش پشتیوانی‌ هه‌ر هه‌نگاوێكی‌ بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌كات كه‌ببێته‌ یارمه‌تی‌ عیراق بدات له‌پێشخستنی‌ ئابوورییه‌كه‌یدا.
سیستمی‌ ئابووریی‌ ئازاد
عیراق له‌دوای‌ پڕۆسه‌ی‌ ئازادییه‌وه‌، بڕیاریداوه‌ سیستمی‌ ئابوورییه‌كه‌ی‌ له‌ئابوورییه‌كی‌ داخراوه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ ئابووری‌ ئازاد، به‌ڵام یه‌كێك له‌كێشه‌ گه‌وره‌كانی‌ عیراق له‌مه‌سه‌له‌ی‌ پیشكه‌وتنی‌ ئابووریدا، دواكه‌وتوویی سیستمی‌ بانكییه‌كه‌یه‌تی‌، كه‌به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتیی له‌ 43 بانك پێكهاتووه‌، جگه‌ له‌بانكی‌ ناوه‌ندیی عیراق كه‌به‌وه‌وه‌ ده‌گاته‌ 44 بانك، به‌پێی‌ موڵكداریی بانكه‌كان دابه‌ش ده‌بن بۆ (حكومی‌، ئه‌هلی‌، بیانی‌)‌و له‌كۆی‌ گشتی بانكه‌كانیش حه‌وتیان حكومین‌و 30 بانكیشیان ئه‌هلین له‌و ژماره‌یه‌ش شه‌ش بانكیان ئیسلامییه‌، جگه‌ له‌وه‌ش شه‌ش بانكی‌ بیانی‌ له‌عیراقدا كارده‌كه‌ن،به‌قسه‌ی‌ ئه‌یاد یه‌حیا كه‌به‌ڕێوه‌به‌ری‌ رێپێدراوی‌ بانكێكی‌ ئه‌هلییه‌ سیستمی‌ بانكیی عیراق 50 ساڵ له‌دواوه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به‌بانكه‌كانی‌ وڵاتانی‌ تر، زۆربه‌ی‌ پسپۆڕانی‌ بواری‌ بانكیش له‌و بڕوایه‌دان بانكه‌كانی‌ عیراق له‌ڕووی‌ سیستمی‌ كاركردنه‌وه‌ توانای‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ شانبه‌شانی‌ بانكه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی‌ جیهان بڕوات.