نازكێشانی كارمه‌ندان له‌كاركردندا بەرهەم زیاد دەكات

ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌كۆمپانیا گه‌وره‌كانی‌ جیهان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌، له‌دوای‌ ده‌وامی‌ ره‌سمییه‌وه‌ ته‌له‌فۆن كردن یان ئیمه‌یل ناردن بۆ كارمه‌نده‌كانیان ده‌بێته‌ هۆی‌ بارگرانی‌‌و فشاری‌ ده‌روونی‌ بۆ سه‌ر ئه‌و كارمه‌ندانه‌‌و بێزاریان ده‌كات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ندێك له‌و كۆمپانیایانه‌ رێوشوێنی‌ تایبه‌تیان گرتۆته‌به‌ر بۆ رێگرتن له‌بێزاركردنی‌ كارمه‌نده‌كانیان‌و به‌پێویستی‌ ده‌زانن نازیان بكێشن.
ئیمه‌یله‌كانتان دابخه‌ن
كۆمپانیای‌ (فۆڵكس واگن) یه‌كێكه‌ له‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ له‌دوای‌ ده‌وامی‌ ره‌سمییه‌وه‌ ئیمه‌یلی‌ كارمه‌نده‌كانیان كه‌تایبه‌ته‌ به‌په‌یوه‌ندی‌ راسته‌وخۆ به‌كۆمپانیاكه‌وه‌ راده‌گرن، بۆئه‌وه‌ی‌ له‌دوای‌ ده‌وامه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌و به‌رپرسی‌ به‌شه‌كانیان په‌یوه‌ندییان پێوه‌ نه‌كه‌ن‌و بێزاریان نه‌كه‌ن. هه‌ندێك كۆمپانیا له‌وه‌ش زیاتر نازی‌ كارمه‌نده‌كانی‌ ده‌كێشێت، بۆ نموونه‌ بانكی‌ (گۆڵدمان ساكس) كارمه‌نده‌ تازه‌كانی‌ هان ده‌دات كه‌هه‌وڵ بده‌ن چێژ له‌پشووی‌ كۆتایی هه‌فته‌یان وه‌ربگرن. كۆمپانیای‌ (BMW)ش هه‌وڵ ده‌دات رێگریی‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی‌ بكات له‌په‌یوه‌ندیكردنیان به‌كارمه‌نده‌كانیانه‌وه‌ له‌دوای‌ ده‌وامی‌ ره‌سمی‌.
بێزاری‌ مه‌كه‌ن
ئه‌م هه‌موو چاكه‌یه‌ی‌ كۆمپانیاكان له‌گه‌ڵ كارمه‌نداندا ده‌یكه‌ن‌و نازكێشانی‌ كارمه‌نده‌كانیان له‌به‌ر چاوی‌ كاڵی‌ كارمه‌نده‌كان نییه‌، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمپانیاكان هه‌ستیان به‌وه‌كردووه‌، بێزاركردنی‌ كارمه‌ندان یان كرێكاران ده‌بێته‌ هۆی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ ئه‌و كارمه‌نده‌، بێگومان ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ بنه‌مای‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ زۆرترین قازانجدا كه‌ئه‌وان له‌سه‌ری‌ ده‌ڕۆن ناگونجێت، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن نازی‌ كارمه‌ند‌و كرێكاره‌كانیان هه‌ڵبگرن، بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م روونه‌دات.
ئه‌گه‌ر وازیهێنا گران ده‌كه‌وێ
ئه‌و كۆمپانیایانه‌ به‌پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ كارمه‌ندی‌ سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌كاتی‌ كاركردندا كاره‌كه‌ی‌ خۆی‌ به‌باشی‌ جێبه‌جێده‌كات‌و كه‌ته‌واویش بوو، توانای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بێت له‌كار‌و جه‌نجاڵی‌ راكات‌و چێژ له‌پشووه‌كانی‌ خۆی‌ وه‌ربگرێت.
كاری‌ ئه‌ندرسن پڕۆفیسۆری‌ بواری‌ ده‌روونزانی‌ له‌زانكۆی‌ (لانكسته‌ر)ی‌ به‌ریتانی‌ ده‌ڵێ:»په‌یوه‌ندیكردن به‌كارمه‌نده‌وه‌ له‌دوای‌ ده‌وامی‌ ره‌سمی‌ سوود به‌زیادكردنی‌ به‌رهه‌م ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو زیاتر كارمه‌نده‌كه‌ ماندوو ده‌كات‌و وایلێده‌كات له‌كاتی‌ ده‌وامی‌ ره‌سمیدا به‌رهه‌می‌ كه‌متربێت».
هه‌ندێك توێژینه‌وه‌ی‌ تریش گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی‌ كه‌ فشار بۆ هێنانی‌ كارمه‌ندان، ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ئه‌و كارمه‌نده‌ بێزاربێت‌و ده‌ستبه‌رداری‌ كاره‌كه‌ی‌ بێت، كه‌وازیشی‌ هێنا دۆزینه‌وه‌ی‌ كارمه‌ندێكی‌ تر‌و پڕكردنه‌وه‌ی‌ شوێنه‌كه‌ی‌ خه‌رجییه‌كی‌ زیادیی له‌سه‌ر كۆمپانیاكه‌ ده‌كه‌وێت‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ خراپیشی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر كاری‌ دامه‌زراوه‌كه‌ به‌گشتیی.
ماوه‌ی‌ ئه‌زموونیش لابرا
له‌دوای‌ ئه‌و توێژینه‌وانه‌وه‌ زۆر له‌كۆمپانیاكان به‌دوای‌ رێگه‌چاره‌یه‌كدا گه‌ڕان بۆ راگرتنی‌ دڵی‌ كارمه‌نده‌كانیان، بانكی‌ (گۆڵدمان ساكس) رێگه‌یه‌كی‌ نوێی‌ دۆزییه‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیاریدا، هه‌ر كارمه‌ندێك كه‌تازه‌ وه‌رده‌گیرێت، له‌گرێبه‌سته‌كه‌یدا ماوه‌ی‌ ئه‌زموونیی بۆ دانه‌نێن‌و یه‌كسه‌ر به‌كارمه‌ندی‌ خۆیان قبوڵی‌ بكه‌ن، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كارمه‌نده‌كه‌ هه‌ست به‌سه‌قامگیریی‌و ئارامی‌ بكات، به‌و هێوایه‌ی‌ باشتر كاربكات‌و به‌رهه‌می‌ زیاد بێت.
كه‌واته‌ نازكێشانی‌ كارمه‌ندان‌و رازیكردنیان، هونه‌رێكه‌ بۆ رازیكردنی‌ كارمه‌ندان‌و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ زیادكردنی‌ به‌رهه‌می‌ كۆمپانیاكان.
كوردستانی نوێ‌